کورد و چەکەکانی ئەمریکا و ئەحمەدی نەژاد؛ کاتێک دوژمنی دوێنێ دەبێتە بژاردەی ئەمڕۆ

٢٤ ئایار ٢٠٢٦ - ١٢:٢٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە سیاسەتی ئەمریکادا، چەک تەنها ئامرازی شەڕ نەبووە؛ زۆرجار ئامرازێک بووە بۆ دروستکردنی هاوکێشەی نوێ و گواستنەوەی دەسەڵات. ئەوەی ئێستا لە دیمەنی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەکەوێت، نموونەیەکی ئاشکرای ئەو ڕاستییەیە کە زلهێزەکان، تەنانەت توندڕەوترین دوژمنەکانی دوێنێش دەتوانن بگۆڕن بە بژاردەی ئەمڕۆ، ئەگەر بەرژەوەندییەکان وا بخوازن.

چەندین ساڵە ئیسڕائیل و ئەمریکا، ئەحمەدی نەژادیان وەک هێمای مەترسیی ئێران پیشان دەدا؛ پیاوێک کە بە نکۆلیکردن لە هۆلۆکۆست، زمانێکی توند دژی ئیسرائیل و هەڵوێستە شەڕانگێزەکانی ناسرا بوو. لەو قۆناغەدا، ناوی ئەحمەدی نەژاد لە میدیای ڕۆژئاوادا هاوتای "توندڕەوی" بوو. بەڵام سیاسەت، جیهانی بیرەوەری نییە؛ جیهانی بەرژەوەندییە.

ئێستا لە پشت پەردەی هاوکێشە نوێیەکاندا، هەندێک لە بازنە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەحمەدی نەژاد دەتوانێت ببێتە بژاردەیەک بۆ قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئێران. ئەمە بۆ زۆرێک جێی سەرسوڕمانە؛ چونکە هەمان ئەو پیاوەی دوێنێ بە زمانی شەڕ قسەی دەکرد و وەک دوژمنی ڕۆژئاوا ناسراو بوو، ئەمڕۆ دەتوانێت لە هەندێک هاوکێشەدا وەک "چارەسەرێکی کاتی" سەیر بکرێت.

ئەمە تەنها یەک مانای هەیە:
لە ستراتیژدا، دوژمنی هەمیشەیی بوونی نییە.

بەڵام ئەم ڕاستییە بۆ کورد، زیاتر لە هەر کەسێکی تر، تاڵە. چونکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەرکات باس لە چەک و هاوکارییە سەربازییەکان کراوە، کورد خراوەتە ناو بازنەی گومان و تۆمەتبارکردن. جارێک بە ناوی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا، جارێک بە تۆمەتی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوچە، و جارێکیش بە ناوی بەشداریکردن لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

بەڵام ئێستا ئەوە دەرکەوتووە کە هەمان ئەو چەکانە و هەمان ئەو فشارانە، دەتوانن لە ئەنجامدا ببن بە بەشێک لە ڕێکخستنەوەی دەسەڵات لە تاران؛ تەنانەت بە هاتنە سەرکاری کەسێک کە خۆی هێمای توندڕەوی و سەرکوت بووە.

واتە، بە کورتی، قەرار بووە کورد بەو چەکانەی ئێستا پێی تۆمەتبار دەکرێت و دەخرێتە ناو گومانە سیاسییەکان، ببێتە بەشێک لە فشارێک کە لە ئەنجامدا ڕێگا خۆش دەکات بۆ هاتنە سەرکاری ئەحمەدی نەژاد.

ئەمە وێنەیەکی تەواو لە "یارییەکی دووسەر دۆراو" دروست دەکات. ئەگەر کورد بەشداری ئەو ملمڵانێیە بکات، دواتر دەتوانرێت بە هەمان بەشدارییە تۆمەتبار بکرێت؛ ئەگەرش دوور بێت، لە هاوکێشەکەدا هیچ شوێنێکی نابێت. لە هەردوو بارەکەدا، ئەوانی تر بڕیار دەدەن و کورد تەنها نرخەکە دەدات.

ئەمە یەکەم جار نییە کە مێژوو ئەم دیمەنە دووبارە دەکاتەوە. لە زۆر قۆناغدا، زلهێزەکان کوردیان وەک کارتێکی فشار بەکار هێناوە؛ کاتێک پێویست بوو پشتگیرییان کردووە، و کاتێک هاوسەنگییەکانیان گۆڕاوە، هەمان کارت خرایە ژێر مێزەوە. هەر بۆیەشە ئەمڕۆ زۆرێک لە کورد پرسیارێک دەکەن:

ئایا ئێمە لە یاریی خۆمانداین، یان تەنها داشی  یاریی ئەوانی ترین؟

کێشەی سەرەکی تەنها لە هێزی ئەوانی تر نییە؛ بەشێکی گرنگ لە کێشەکە، بێئاگایی خۆمانە لە خوێندنەوەی هاوکێشەکان. زۆرجار سیاسەت بە هەست دەخوێنینەوە، نەک بە زمان و یاساکانی بەرژەوەندی. هەرکات ململانێیەک  لە ناوچەکە هەڵگیرساوە، هەندێک لە ئێمە وا بیرمان کردووەتەوە کە لاوازبوونی یەک لە هێزە هەرێماییەکان، بە مانای نزیکبوونەوەی خەونە نەتەوەییەکانی کوردە. بەڵام لە دنیای ستراتیژدا، هیچ زلهێزێک شەڕ ناکات بۆ ئەوەی خەونی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بھێنێتەدی؛ شەڕ دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییەکانی خۆی.

هەر بۆیەشە کە ئەمڕۆ، پیاوێک کە دوێنێ بە زمانی شەڕ قسەی دەکرد و نکۆڵی لە هۆلۆکۆست دەکرد، دەتوانێت ببێتە "بژاردە". چونکە لە جیهانی زلهێزەکاندا، بیرەوەری و هاوشێوەیی ئایدیۆلۆژی گرنگ نییە؛ ئەوەی گرنگە، کێ دەتوانێت سیستەم بپارێزێت و قۆناغی گواستنەوە بەڕێوەببات.


نوێترین شرۆڤەکان