تۆم باراک: لە نێوان ئۆلیگارشیەت و عوسمانیەتدا
٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١٢:٠٣ پێش نیوەڕۆ
لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، تۆماس باراک کە باڵوێزی ئەمریکایە لە تورکیا و نێردەی دۆناڵدا ترامپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ کاروباری سوریا و لوبنان، سەردانی شاری ئەزمیری کرد لە سەر دەریای ئینجە.
باراک پەیامنێری کەناڵی تەڕەتەی تورکی لە گەڵ خوێدا بردبوو. کاتێک بە شارەکەدا دەگەڕا، باسی خۆی و تورکیا و دۆخی ناوچەکە و دونیابینییەکانی دەکرد. باراک خۆی وەها دەناسێنێت کە باپیری ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک بوە لە سایەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ژیاوە. وەک خۆی دەڵێت، لە دەوروبەری ساڵی هەزار و نۆسەد باپیری تۆم جۆزێف باراک لە شارۆچکەی زەحلە لە موتەسەریفەی شاخی لوبنان لە ناوچەی بیقاع، لەگەڵ زۆرێکی تر لە مەسیحییە مارۆنیەکانی ناوچەکە کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا.
باراک دەڵێت کاتێک باپیری دەچێتە ئەمریکا تەنها سیانزە لیرەی تورکی لە گیرفانیدا بوە. تۆماس جۆزێف باراک کە ئەم یادەوەرییانە دەگێڕێتەوە، دەیەوێت چەند پەیامێک بگەیەنێت. پەیامی جیاواز بۆ خەڵکی جیاواز. لە ناو ئەمریکا، هاتن بۆ ئەمریکا وەک هەژارێک و پاشان سەرکەوتن لە کەڵەکەکردنی ساماندا، کە ئێستا باراک ملیاردێرە، وەها دەبینرێت کە چیرۆکێکی ئەمریکیە. بەو مانایە ئەمریکا جێگای دەرفەتە بۆ هەر کەسێک بیەوێت هەوڵ بدات و سەرکەوتوبێت. ئەمە بەشێکە لە ئەفسانەی ئەمریکا. بەڵام باراک لە ئەزمیر دەخوازێت مانایەی تریش بەم سەربوردەیە ببەخشێت.
ئەو دەڵێت (هەمومان لە دونیادا هەمان شتمان دەوێت. هەمومان دەمانەوێت ژیانێکی باشتر بۆ مناڵەکانمان دابین بکەین). ئەم دەربڕینە دیدی کۆچبەرێکە کە دونیایەک جێدەهێڵێت بۆ دونیایەکی تر. بەڵام چیرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە ئاسان نیە. لەم روانگەوە باراک دەخوازێت کە بونیادی ئیمپراتۆری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنا بکات، بەوەی جیاوازییە ئاینی و کەلتوری و تایفییەکان گرنگی نیە، بەڵکو گرنگ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشە.
ئەم قسانە لە کاتێکدا بۆ پەنابەرێک لۆجیکیان تیادایە، بەڵام بۆ کەلتور و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ساویلکە دەبینرێت.
باراک لەوەدا جیاوازە کە نادیپلۆماتیانە، بە شێوازی ترەمپ، باس لە ڕابوردوی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکە
باراک بۆ پشتیوانی ئەم دیدەی باس لە هەڵەی سایکس پیکۆ دەکات لە ناوچەکە. سایکس-پیکۆ پرۆژەیەک بوو کە جێبەجێ نەکرا، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەها چەسپیوە کە پرۆژەی ڕەنگڕێژکردنی سنورەکانی ناوچەکەیە لە لایەن ئەو دوو دیپلۆماتە فەرەنسی و بەریتانییەوە. بەڵام مەبەستی باراک ئەوەیە کە ئەمریکای ئێستا کاری لەو جۆرە ناکات. ئەمریکا چیدی باس لە دیموکراسی و بونیادی دەوڵەت و نەتەوە ناکات وەک پارێزەرە نوێکانی سەردەمی بۆش بانگەشەیان بۆ دەکرد.
ئەم دیدە تراژیدی و کۆمیدییە لە هەمانکاتدا. لەکاتێکدا باراک ڕۆژانە بە لێدوان و دیدار و هەڕەشە و پشتیوانی ئەجینداکانی خۆی بەیان دەکات و دەستوەردان دەکات، لە هەمانکاتدا وەها خۆی دەبینێت کە وەک پێشینەکانی پشێویی دروست نەکات بەڵکو بازرگانی دەکات. لەنێوان وشەی کەیۆس و کۆمەرسدا جۆرێک لە وەزن و قافییە هەیە. کەیوس یانی پشێویی، کۆمەرس یانی بازرگانی، بەو مانایە، ئەمریکا جاران پشێوی دروست دەکرد، ئێستا ئەم دەیەوێت بازرگانی بکات. باراک لەوەدا جیاوازە کە نادیپلۆماتیانە، بە شێوازی ترەمپ، باس لە ڕابوردوی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکە.
باراک نەک تەنها لە بیزنێسدا، بەڵکو لە ستایلی دیپلۆماسی و دیدی بۆ سیاسەت دەیەوێت وەک ترەمپ بێت. لەم ڕوەوە باراک بڕوای وەهایە کە دیپلۆماسیەتی سەرکەوتوو لە ڕێگای کەسایەتیی و پەیوەندییە شەخسیەکانەوە دەکرێت، نەک دەزگاکان. ئەم بەشەخسیکردنە، ڕەنگە لە گەڵ کەلتوری ناوچەکەدا تەبابێت کە دەزگا تیایدا لاوازە، بەڵام زیانی گەورە بە سیستەمی حوکمڕانی و خەڵک و مافەکانیان دەگەیەنێت.
لە میانەی قسەکانیدا لە پڕ باراک لە چایخانەیەک لە ئەزمیر دێتە سەر قسەکردن لە سەر تورکیا. لێرەوە باراک چیدی کۆچبەرێک نیە بە دوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێت، بەڵکو قسە لەسەر ڕۆڵی وڵاتان و دۆخی ناوچەکە دەکات.
باراک پەیوەندییەکی پەنجا ساڵەی تۆکمەی هەیە لە گەڵ وڵاتانی کەنداودا بە تایبەتی ئیمارات و سعودییە
بە دیدی ئەو، تورکیا هەرگیز دەرفەتی ئەوەی نەدراوەتێ کە بتوانێت ببێت بە یاریکەرێکی ئیقلیمی لە ناوچەکە. ئەم دیدە ڕەنگە ڕەگی هەبێت لە نۆستالجیای باراک بەرامبەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. بەڵام لە هەمانکاتدا پەنجەخستە سەر یەکێک لە ئەکتەرە کێشمەدارەکانی ناوچەکەیە. هەروەها موغازەلەکردنی تورکیا و نوخبە سیاسییەکەیەتی لە ئێستادا کە خەونی ڕۆڵی گەورەتریان هەیە لە ناوچەکە. لەم میانەدا باراک حەزی خۆی بۆ کەباب دەردەبڕێت وەک جۆرێک لە بە عوسمانی مانەوەی.
لێرەدا وێستێک دەکەین بۆ ڕامان لە تۆم باراک و پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیادا . باراک بە فەرمی باڵوێزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئەم پۆستە لە کۆنگریس دەنگی لە سەر دراوە. بەڵام لە هەمانکاتدا باراک نێردەی دۆناڵد ترەمپە بۆ سوریا و لوبنانیش. ئەم بەرپرسیاریەی تری لە لایەن کۆنگریسەوە دەنگی لە سەر نەدراوە.
ئەمە چەند خەسڵەتێکی گرنگ بە تۆم باراک دەبەخشێت کە هیچ باڵوێزێکی تر پێشتر نەیبوە. یەکەم، برادەریی و متمانە و دەستگەیشتنی بە ئاسانی بە دۆناڵد ترامپ. دووەم، ترەمپ لە ڕێگای ئەمەوە لە بیرۆکراسیەتی وەزارەتی دەرەوە خۆی ڕزگار دەکات، کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە وەک دەوڵەتی قوڵ دەبینرێن. سێیەم، پێگەی باراک گەورە و کاریگەر دەکات نەک هەر لەو سێ وڵاتە بەڵکو بەرامبەر ئیسرائیل و کەنداویش.
شایانی باسە تۆم باراک پەیوەندییەکی پەنجا ساڵەی تۆکمەی هەیە لە گەڵ وڵاتانی کەنداودا بە تایبەتی ئیمارات و سعودییە. هاوڕێتی لە گەڵ یوسف عتێبیدا زۆر تۆکمەیە و ئەم بوو کە جێرارد کوشنەری بە ئیماراتییەکان ناساند.
ناوەندگەرێتی کە باراک لە سوریا بانگەشەی بۆ دەکات مێژویەکی ئێجگار دوور و درێژی هەیە لە سەرکوت
کاتێک باراک وەها لە ناوچەکە دەڕوانێت کە دەکرێت ببێت بە سەرچاوەی داهات و بیزنێس، ئەوا ڕاستەوخۆ ڕوبەروی سروشتی سیستەم و کەلتور و دەوڵەت دەبێتەوە. لەم ڕوەوە، وەها دەخوازێت کە سوریا دەوڵەتێکی ناوەندی هەبێت، چونکە وڵاتانی کەنداو و تورکیا وەها دەخوازن. هەردوو وڵاتانی کەنداو و تورکیا لە دوو روانگەوە پاڵپشتی حکومەتی ناوەندین لە سوریا، یەکەم لە ترسی گەڕانەوەی قەڵەمڕەویی ئێران، دووەم، لە ڕوانگەی بازرگانی. سوریا لە نێوان کەنداو و تورکیادایە. هەردوولا دەخوازن بیکەن بە ناوەندی گواستنەوە و بەیەکگەیشتن. لەم ڕوەوە پرۆژەی زۆریان هەیە، کە سەرمایەی کەنداو و هێزی سەربازی تورکی بە یەک دەگەیەنێت. تۆم باراک لە گەڵ ئەم دیدەدایە، بۆیە بە هەموو توانای پشتیوانی سەرۆکی کاتی ئەحمەد شەرعە. تەنانەت هەتا ئاستی پۆشینی تاوانەکانی. سایانی باسە ساڵانی پێشوو، تۆماس باراک هێندە بە چڕی لۆبیی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیمارات دەکرد لە ئەمریکا، لە ئەنجامدا درایە دادگا وەک کارکردن بۆ هێزێکی دەرەکی. لە ساڵی ٢٠٢٢ لە دادگا کەیسەکەی یەکلایی کرایەوە بۆ لێبوردنی.
لەم ڕوانگەیەوە باراک ڕوبەروی ترس و گومانی ئیسرائیل دەبێتەوە. باراک دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێزی ناوێت لە سوریا، بۆیە دژ بە ڕەوتی پرۆژەکەی کەنداو و تورکیایە.
تۆم باراک ڕەنگە بە پێچەوانەی زۆربەی ئەوانیتر کە لە ڕابوردودا هەوڵی داڕشتنەوەی ناوچەکەیان داوە، زیاتر نزیک بێت لە ناوچەکەوە، بەڵام لە زۆر ڕوەوە دوورترە. بۆ نمونە دژایەتی باراک بۆ سیستەمی فیدڕاڵی لە سەر بنەمای ئەوەی گوایە سەرکەتوو نەبوە، بەتایبەتی لە عێراق، لۆجیکی تیادا نیە. ئەگەر فیدراڵی سەرکەوتوو نەبێت، کە گومان هەیە هەرگیز بە شێوەیەکی جیدیی هەوڵی بۆ درابێت، ئەوا ناوەندگەرێتی کە باراک لە سوریا بانگەشەی بۆ دەکات مێژویەکی ئێجگار دوور و درێژی هەیە لە سەرکوت و کوشتن و هەتا جینۆساید. بەڵام کێشەی گەورەی باراک و ئەو گروپەی کە باراک لێوە هاتوە، گروپی ملیاردێرە-سیاسیەکانی ئەمریکا، وەها دەبینن کە دونیا ئاسانە، هەموو شتەکان لە دەستی چەند کەسێکدایە و ئەگەر بێتوو بەرژەوەندی ئەو کەسانە دەستەبەر بکرێت ئەوا دۆخەکە چارەسەر دەبێت. دەوڵەمەندی و ئاسان بینی دوو خەسڵەتی پێکەوە گرێدراون. وەک دەزانرێت ئەم ئیدارەیەی ترەمپ ملیاردێرترین ئیدارەی ئەمریکایە و ترەمپ خۆی تاکە سەرۆکی ئەمریکایە کە وەک ملیاردێرێک بووە بە سەرۆک و لە میانەی سەرۆکایەتیدا چەند ملیارێکی دەستکەوتوە. وەک تیمۆثی نوا لە گۆڤاری نیو-ڕیپۆبلیکان ئاماژەی پێدەدا. ترەمپ حەزی لە هەڵسوکەوتە لە گەڵ بلیونێرەکاندا، ئەو جێگایەی لێدەژی ٦٨ بلیونێری لێیە.
ئەم سیستەمی ئۆلیگارشییە، کە بە سەر ئەمریکادا زاڵە، هەموو شتێک لە کڕین و فرۆشتندا کورت دەکاتەوە. چیدی بەها و ڕێز و تایبەتمەندی و خەبات و یادەوەریی و ئازار و کەلتور و مێژوو و باوەڕ بونی نیە. ئێستا ناوی ترامپ براندێکە کە لە ئیجیلەوە هەتا بیجامە بە ناوی ترامپەوە هەیە بۆ فرۆشتن.
باراک بەهێز و جیاواز و کاریگەر دەردەکەوێت. بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوە ئاڵۆزترە وەها بە ئاسانی هەندێک پیرەمێرد گەمەی تیادا بکەن.