کۆبوونەوەی ئالاسکا و کاریگەریی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

٢٠ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٢٨ پاش نیوەڕۆ

 

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ڕوسی ڤلادیمێر پوتین بە هەموو پێوەرێک ناوازەبوو. پوتین وەک کەسێکی شەڕخواز و داواکراو ناسراوە لە ڕۆژئاوا، بەڵام ترەمپ فەرشی سوری بۆ رادەخات. پێشوازیکردنەکە وەک دیداری دوو نەیار یان دوو بەرەی لە جەنگدا نەبوو، هێندە وەک دوو دۆست بوو. 

ئێمە دەزانین کە ترەمپ و جەماوەرەکەی، بە تایبەت جەماوەرە بڕوادارە مەسیحییەکەی، لە گەڵ ئەوانەی کە بە خەیاڵی مەزنکردنەوەی ئەمریکاوەن، کە بە ماگا ناسراون، دیدێکی هاوسۆزییان هەیە بۆ پوتین. پوتین وەک هەڵگری بەها تەقلیدییەکان دەبینن، وەک دژ بە بەرەی چەپ و لیبرال ۆک مامەڵەی دەکەن. پوتین، زۆر بە زیرەکانە سەرمایەگوزاری لە سەر ئەم ڕەهەندە دەکات.

بەڵام بۆ من کۆبونەوەکە لە ڕەهەندێکی ترەوە ناوازەبوو، ئەویش قۆناغی نوێی ڕوسیا. بە دیدی من کۆبونەکەوەکە سەرەتایەک بوو بۆ گۆڕینی ڕوسیا لە هەبونی خەیاڵی ئیمپراتۆری یان دەوڵەتی مەزنەوە بۆ دەوڵەت نەتەوەیەکی ئاسایی. لێرەدا مەبەستمان لە دەوڵەت نەتەوە ئەوەیە کە جۆرێکە لە وڵات ئامانجی هەبونی دەسەڵاتە لە پانتایی قەڵەمڕەوی خۆیدا، بەبێ بونی خەون و پلانی پەلهاوێشتن یان فراوانخوازیی.

دیارە ئەم وەرچەرخانە ئاسان نیە و سایکی یان دەرونی سیاسی ڕوسی بە ئاسانی ناتوانێت دانی پیادا بنێت، بە تایبەتی کاتێک کە حیکایەتێک هەیە لە کەلتوری ڕوسیدا، وەها دەبینێت کە دەبێت ڕوسیا مەزن بێت، ئەگینا دادەڕمێت. 

سەرەتا دەبێت لە پرۆژەی داگیرکردن یان داگیرکردنەوەی ئۆکرانیاوە دەست پێبکەین. بۆ ڕوسیا گەڕانەوە بۆ سەردەمی زلهێزیی بەبێ ئۆکرانیا نابێت. بۆیە کردنەوەی ئۆکرانیا بە بەشێک لە ڕوسیا بەشێک بوو لە پرۆسەی بە زلهێزکردنەوەی ڕوسیا. بەڵام ئەم پرۆسەیە لە یەکەم ساتیەوە توشی شکست بوو، چونکە دەبوو نەک فشۆڵی ئۆکرانیا بەڵکو بە توانایی ڕوسیا دەربخات. دەبوو وەک گرتنی نەمسا لە لایەن ئەڵمانیا و کوێت لە لایەن عێراقەوە بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو. 

ئەمە سەرەتای کۆتایی خەونی بە مەزنبونەوەی ڕوسیا بوو.

گرنگ نیە دەرئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا چیە، ئایا ڕوسیا هەندێک خاکی دەستدەکەوێت یان نا، ئەمە ئەوەندە گرنگە کە بەهانەیەک بە پوتین دەدات. بەڵام پرۆژە گەورەکەی ڕوسیا تەنها لەوەدا سەرکەوتوو دەبوو کە بە خێرایی ئۆکرانیای بگرتایە. بۆیە ڕوسیا وەک دۆڕاو لە شەڕەکەدا لە قەڵەم دەدرێت.

 

ڕوسیا چیدی لە لایەن ئەمریکاوە وەک مەترسی نابینرێت

 

ئەم سەرنەکەوتنە دوو دەرئەنجامی کاریگەری هەیە، یەکەم، ڕوسیا چیدی لە لایەن ئەمریکاوە وەک مەترسی نابینرێت. دووەم، ڕوسیا توانای ئەوەی نیە شەڕی تر بکات، یان دەستوەردان بکات، یان تەنانەت هاوپەیمانەکانی ڕزگار بکات، وەک لە کەیسی کەوتنی ئەسەد لە سوریا بینیمان. ئێستا خەمی گەورەی ڕوسیا ئەوەیە چۆن ئەمریکا نیگەران نەکات، بە تایبەتی ئیدارەی ترەمپ. چونکە بە پێچەوانەی ئیدارەی پێشوەوە هاوسۆزە لە گەڵ پوتیندا.

لە ماوەی شەڕی ئۆکرانیادا ئێمە نەمانی ڕۆڵی ڕوسیامان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕوونی بینی. سەرەتا لە کەوتنی ئەسەدەوە، پاشان لە هێرش بۆ سەر ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، کە ڕوسیا هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، لە کاتێکدا ئێران پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ئێرانی وەک ستراتیژی لە قەڵەم دەدا، تەنانەت پاش کەوتنی ئەسەدیش.

ئێمە دەزانین کە هاوپەیمانی ئێران و ڕوسیا کاریگەربوو، چونکە یەکتر تەواوکەربوو. کاتێک ئەسەد لە سوریا کەوتە ژێر فشاری خەڵکی ناڕازیی، قاسم سولەیمانی سەردانی پوتینی کرد و گەشتنە ڕێکەوتنی ئەوەی کە ڕوسیا لە ئاسمانەوە و ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانی لە سەر ئەرز، هەماهەنگی بکەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەد. ئەم هاوپەیمانییە کۆتایی هات. کۆتاییهاتنی کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر ئاراستەی سیاسی و ئابوری و جیوپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەکی ترەوە، وەک لە ڕێکەوتنی نێوان ئازەبایجان و ئەرمینیادا بینیمان، ڕوسیا تەنانەت ناڕازیی نیە بەرامبەر ئەو ڕوداو و ڕێکەوتنانەی کە لە سەر سنورەکانی دەکرێت. دەبێت ئەوە بزانین کە ئەرمینیا پشتی بە ڕوسیا دەبەست، بەڵام کاتێک لە دوا جەنگدا نەیتوانی بیپارێزێت، ناچاربوو بەرەو تورکیا و ئەمریکا بڕوات.

لێرەدا ڕوسیا تەنها دۆستەکانی لە دەست نەدا، بەڵکو ئەوەی کە گوایە لە ئۆکرانیا دژایەتی دەکات، ئەویش هاتنی سەربازی ناتۆ بۆ سنورەکەی لە ڕێکەوتنی زەنگەزوردا ڕویدا. لەم ڕوەوە ئەگەری زۆرە ڕوسیا زیاتر جەخت لە سەر دەریای ڕەش بکاتەوە وەک دەروازەی گەورەی ئاویی بۆ دونیا.

دیارە لێرەدا دەبێت گۆڕانی کەش و هەوا لە بەرچاو بگرین کە دەرفەتی گەورە لە جەمسەری باکور دەڕەخسێنێت. بەڵام بە دژایەتی ئەمریکا بۆ ڕوسیا مەیسەر نابێت. بۆیە بونی دۆستایەتی لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، بۆ ڕوسیا چارەنوسسازە. بەڵام ئەمریکا نایەوێت وەک هاوتا مامەڵەی ڕوسیا بکات.

هەموو ئەمانە سەرەتای کۆتایی عەقیدەی پریماکۆڤن.

پریماکۆڤ کەسێکی سەر بە کەجی بی بوو کە وەک پەیامنێری ڕۆژنامەی براڤدا دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە گەڵ کورددا دروست دەکات. پاشان دەبێت بە وەزیر و سەرۆک وەزیران. لە ڕوسیا وەک کیسنجەری ڕوسیا دەبینرێت.

 

کۆبونەوەی ئەلاسکا لە زۆر ڕوی ترەوە کاریگەرە و لە هەندێ ڕوی ترەوە مایەی زیانە

 

عەقیدەی پریماکۆڤ وەهابوو کە ڕوسیا ناتوانێت ببێت بە دۆستی ڕۆژئاوا، بۆیە دەبێت ڕکەبەری ئەمریکا بکات. باشترین جێگاش بۆ ڕکەبەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەم ڕوەوە هاتنەوەی ڕوسیا پاش ڕوخانی سۆڤیەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەم ئامانجە بوو.

ڕوسیا چیدی ئەم توانایانەی نیە. لە ڕاستیدا ڕوسیا پێگە و دۆستی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سەردەمی جەنگی سارددا، هێزە چەپە شیوعییەکان دۆستی بوون، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە لایەن هێزە شیعییەکانەوە پێشوازی لێدەکرێت. بەڵام بۆ سەردەمێک پوتن وەها دەبینرا کە ئەو سەرکردەیەیە کە دەتپارێزێت. بە تایبەتی کاتێک ئۆباما دەستبەرداری حوسنی موبارەک بوو لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا، کە وەهایکرد سەرکردە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گومان بن لە پشتیوانی ئەمریکا.

کۆبونەوەی ئەلاسکا تەنها لە ڕوانگەی قەتیس بونی دەسەڵاتی روسییوە گرنگ نیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە زۆر ڕوی ترەوە کاریگەرە. لە هەندێ ڕوی ترەوە مایەی زیانە. لە ڕوی کاریگەرییەوە، بە شەخسی بونی دەسەڵات، بونی هەردوو ترەمپ و پوتن بە چەقی پرسەکان، تەبایە لە گەڵ شەخسی بونی پرسەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەرچەرخانێک کە زیانی گەورەی هەیە بۆ پێگەی خەڵک و کۆمەڵگاکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ڕویەکی ترەوە، لە ئەگەری پێدانی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بە پوتن، وەک جۆرێک لە پاداشتە. ترەمپ لەم بارەوە بڕوای وەهایە، ئەمە ئاساییە چونکە ڕوسیا وڵاتێکی گەورەیە و ئۆکرانیا گەورە نیە. ئەم کوتومت کرۆکی ئەو دیدە ڕیالیستییەیە کە لە یونانی کۆنەوە بوە بە جۆرێک لە ڕێسا، بەهێزەکان بە خواستی خۆیان مامەڵە دەکەن و لاوازەکان ناچارن بناڵن.

لە لایەکی ترەوە گۆڕینی خاک، یان ڕەوایی دەستگرتن بە سەر خاکی وڵاتێکی تردا، تەنها لەبەر ئەوەی دەتوانیت، ئەگەر ببێت بە نەرێت، ئەوا ئەو جێگایانەی کە ئیسرائیل دەستی بە سەراگرتوون لە سوریا دەکرێت ببن بە بەشێک لە ئەسرائیل، ئەو جێگایانەی کە تورکیا دەستی بە سەرا گرتوە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت ببن بە بەشێک لە هەژەمۆنیەتی تورکی. ئەمانە سابیقەی خراپن، بە تایبەتی ئەگەر ببن بە نۆرم.


نوێترین شرۆڤەکان