درۆن، بکوژێک نە دەنگی هەیە نە سێبەر

٢٦ ئاب ٢٠٢٥ - ٧:٤٣ پاش نیوەڕۆ

 

درۆن چییه‌؟
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بە درۆن ناسراوە، بەرهەمێکی دیکەی تەکنۆلۆژیایە لەبواری سەربازی، درۆن کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر شێواز و یەکلاکردنەوەی جەنگ و ململانێکان. درۆنەکان لەبواری سەربازیدا بۆ کاری جیاواز بەکاردێن، وەک ئەنجامدانی هێرشی زۆر وردو ئامانجدار، دیاریکردنی ئامانج بۆ فڕۆکە و موشەکی دیکە، چاودێریکردن، سیخوڕی، شەڕکردن، هێرشی ئەلیکترۆنی و جامکردنی سیستەمی ڕاداری دوژمن، هێرشی خۆکوژی و گواستنەوەی شتومەک بۆ بەرەکانی جەنگ.

ئەم درۆنانە لەڕووی ڕۆڵیان، قەبارەیان، توانایان، مەودای فڕین و مانەوەیان لەئاسمان، جیاوازییەکی زۆریان هەیە.

کارکردن بەنهێنی و دەستگەیشتنیان بەزانیاری بەشێوازێکی راستەوخۆ (وەک  وێنە و ڤیدیۆ) و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژینگەی جەنگ و ئەو شوێنانەی بۆی دەچن لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی درۆننن، ئەم تایبەتمەندیانە وایلێکردون ببنە بەشێکی گرنگ لەبواری سەربازیدا.

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مێژویەکی درێژی هەیە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، ئەمەریکا لەشەڕی ڤێتنامدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سیخوڕی و چاودێری بەکاری هێناوە، بەڵام وەک ئەم شێوازەی ئێستا فڕۆکەیەک لەدوورەوە کۆنترۆڵ بکرێت بۆ هێرشی ورد و کوشتنی ئامانجدار، بۆ یەکەمجار لەساڵی 2001  لەشەڕی ئەفغانستاندا بەکارهاتوە.

ماددە و تەکنەلۆژیا بەکارهاتوەکان لەدرۆنە سەربازییەکاندا
درۆنە سەربازییەکان بەهەندێ ماددە دروستدەکرێن کە یارمەتیاندەدات زیاتر بەرگەبگرن و خێرابن هەروەها توانای خۆشاردنەوەیان لەڕادار هەیە، چونکە ماددەی هەڵمژەری ڕاداریان تێدابەکاردێت کە ئەمە ناهێڵێت ڕادارەکە ئاشکرای بکات. یەکێک لەو ماددانەی لەدروستکردنی درۆنەکان بەکاردێت ڕیشاڵی کاربۆنە (کاربۆن فایبەر) کە کێشێکی کەم و پتەوییەکی بەرز و تەمەنێکی درێژتر بەدرۆنەکە دەبەخشێت.

 

درۆنەکان بەپێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیاکان دروستکراون به‌تایبه‌تمه‌ندیی گواستنەوەی زانیارییەکان بەشێوازی نهێنی

 

سەرەڕای ماددەکان، درۆنەکان بەپێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیاکان دروستکراون لەوانە (جی پی ئێس، کامێرای ژێر سوور، ڕادار، پەیوەندی بە مانگی دەستکرد، کارکردن لەڕێگەی ڕووناکی نەبینراو (LiFi)، سیستەمی زیرەکیی دەستکرد هەروەها گواستنەوەی زانیارییەکان بەشێوازی نهێنی).


جۆرەکانی درۆن
بەپێی ئەو ئەرکانەی ئەنجامی دەدەن درۆنە سەربازییەکان چەند جۆرێکن:

1. درۆنە جەنگییەکان (Combat drones):
ئەم درۆنە بەفڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوان ناسراوەو لەتوانایدایە موشەک و بۆمبی زیرەک هەڵبگرێت و هێرشی پێ ئەنجامبدات. ئەمجۆرە درۆنە لەڕێگای کامێرای ئاستبەرزو هەبونی جی پی ئێس (GPS)  و ڕادارەوە زۆر وردە لەپێکانی ئامانجەکەدا و دەتوانێت لە دارستان، شاخ، بیابان و تەنانەت ناوچە بەفراوییەکانیشدا کار بکات.

گرنگی ئەم دۆرنە لەوەدایە لەماوەیەکی زۆر کورتدا دەتوانێت سەرچاوەی هەڕەشە دیاریبکات و بەرەو ڕووی بچێت و هێرش بکاتە سەری کە ئەم کارە لەچەند خولەکێک یان کەمتر کە درۆنێک ئەنجامیدەدات ئەگەر مرۆڤ ئەنجامی بدات کاتێکی زۆری دەوێت و وەک درۆنەکەش وردنابێت لەپێکانی ئامانجەکە. 

ئەم جۆرە درۆنە وەک پشتیوانی لەهێزی زەمینیش بەکاردێت و ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە بەهۆی گرنگیی ستراتیژییەوە دەبێت بەخێرایی و لەپێش هەموو کارەکانی دیکەوە ئەنجامبدرێت ئەم جۆرە درۆنەی بۆ بەکاردەهێنن.

2. درۆنی چاودێریی (Reconnaissance drones): 
ئەم درۆنە  بەبەکارهێنانی هەستەوەر و کامێرای پێشکەوتوو تایبەتە بەچاودێریکردن و وێنەگرتنی ئامانجێکی دیاریکراو لەماوەیەکی کورتدا، بەهۆی سروشتی کارەکەیەوە ئەم درۆنە کێشیان سوکە و دەتوانن لەبەرزایی جیاوازدا کاربکەن و بگەنە شوێنە سەختەکان و داتای ڕاستەوخۆ کۆبکەنەوە و زۆربەی کات پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو ناوچە بەکاردێت، بەکورتی ئەمجۆرە درۆنە بەکاردێت بۆ “سەیرکردن”.

 

هه‌ندێك له‌ درۆنه‌كان بۆ ماوه‌یەکی زۆر لەئاسماندا و لەمەودایەکی فراواندا دەتوانن كارى سیخوڕیی بكه‌ن

 

3. درۆنی سیخوڕیکردن  (Surveillance drones): 
بۆ سیخوڕیکردن و چاودێری جوڵەو چالاکیەکانی سەرزەوییە، ڕادار و کامێرای کوالیتی بەرزی هەیە  کەپێویستی بە ڕووناکی نییە و لەتاریکیی تەواو، دووکەڵ، یان تەمومژدا دەتوانێت کاربکات و وێنە و ڤیدیۆ تۆماربکات. ئەم جۆرە درۆنە بۆ وێنەگرتن پشت بەو گەرمییە دەبەستێت کە لەئامانجەکەوە دێتە دەر نەک ڕووناکی ناوچەکە. 

ئەم درۆنە سیخوڕییە بۆ ماوه‌یەکی زۆر لەئاسماندا و لەمەودایەکی فراواندا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ سیخوڕی بکات و ڤیدیۆ و وێنەی ڕاستەوخۆ بۆ سەرچاوەکە بنێرێتەوە، هەروەها ئەمجۆرە درۆنە تایبەتمەندی ئەوەیان هەیە کە فڕین لەناوچەی جیاواز بکەن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکە و جۆری ئۆپەراسیۆنەکەش بگونجێنن. 

بەکارهێنانی ئەم جۆرە درۆنە بەزۆری لە پاسەوانی سنورەکان و چاودێری دوژمن و مەیدانی جەنگدا بەکاردێت. بەکورتی ئەمجۆرە درۆنە بەکاردێت بۆ "کەشفکردن".

4. درۆنی پشتیوانی و لۆجیستی (Logistical support drones): 
ئەم جۆرە درۆنە دروستکراون بۆ گواستنەوەی پێداوستیەکانی وەک خواردن، تەقەمەنی و پێداویستی پزیشکی بۆ بەرەکانی جەنگ و ناوچە سەختەکان.

5. درۆنی خۆکوژ:
ئەم درۆنانە تێکەڵەیەکن لە موشەک و درۆن و وەک خۆکوژی خۆیان دەدەن بەئامانجەکەدا.
 ئەم درۆنانە لەناوچەیەکدا دەسوڕێنەوە یان ئاراستەدەکرێن تا ئامانجەکە دەدۆزنەوە، کە ئامانجەکەی دۆزییەوە بۆ نمونە (ئۆتۆمبیلێک، تانکێک یان کەسێکە) سیستەمی ئاراستەکردنی درۆنەکە بەتەواوی سەرنج دەخاتە سەر ئامانجەکە و هەرچەندە ئامانجەکە شوێنی خۆی بگۆرێت درۆنەکەش بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکی شوێنی خۆی لەگەڵیدا دەگۆڕێت و چاودێری دەکات، واتە ئەم درۆنە بەتەواوی سەرنج دەخاتە سەر ئامانجەکە و ناهێڵێت لەژێردەستی دەربچێت تا خۆی پێدا دەکێشێت.


* شاره‌زای ئایتی و به‌ڕێوبه‌رى كۆمپانیای سمارت هاند بۆ ته‌كنۆلۆژیای زانیاریی


نوێترین شرۆڤەکان