سەرشێتیی سیاسیی لە عێراق: لە سەدام حسێنەوە بۆ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
٢٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٥٤ پاش نیوەڕۆ
مێژووی سیاسی پڕە لە نموونەی ئەو سەرکردە و حکومەتانەی کە بڕیارگەلێکیان داوە کە نەک هەر شکستی هێناوە، بەڵکو بووەتە هۆی داڕمانی دەسەڵاتیان و وڵاتەکەیاشیان وێرانکردوە و گەلەکەشیان خستوەتە بەر دەردەسەری. مێژوونووسی بەناوبانگی ئەمریکی (باربارا تاکمەن) ئەم دیاردەیە بە "The March of Folly" ناو دەبات، کە لە زمانی کوردیدا دەتوانین بە "سەرشێتیی سیاسیی یان گەمژەیی سیاسی" (بە عەرەبی: الحماقه السیاسیه) ناوی ببەین. ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێک کە بە ئاشکرا دژی بەرژەوەندییەکانی خودی دەوڵەتە، لە کاتێکدا کە بەدیلی ژیرانەتر لەبەردەستدا هەیە و سەرەڕای بوونی هۆشداریی بەردەوام، بڕیاردەران لەسەر هەڵەکەیان بەردەوام بوون.
ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات ئەم چوارچێوە تیۆرییە بەسەر دوو قۆناغی جیاوازی مێژووی هاوچەرخی عێراقدا جێبەجێ بکات: قۆناغی فەرمانڕەوایی سەددام حوسێن، و قۆناغی دوای 2003 بە دیاریکراوی سیاسەتەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی- هێزە شیعەکان". ئامانجی ئەم شیکارییە نیشاندانی ئەوەیە کە سەرەڕای جیاوازیی سیستەمی سیاسی (دیکتاتۆریەت بەرامبەر دیموکراسیی خەوشدار)، هەمان نەخشی سەرشێتیی سیاسی دووبارە دەبێتەوە و هەڕەشە لە داهاتووی دەوڵەتی عێراق دەکات.
بەشی یەکەم: سەرشێتیی سیاسی چییە؟
سەرشێتیی سیاسی (Political Folly) چەمکێکە بۆ وەسفکردنی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا حکومەتەکان، سەرکردەکان، یان دەوڵەتان سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن کە بە ئاشکرا دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە. ئەم سیاسەتانە زۆرجار لەسەر بنەمای ئارەزووی کەسی، ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەق، لووتبەرزی، یان گوێنەدان بە ڕاستییەکان و ئامۆژگاریی شارەزایان دادەڕێژرێن، لە کاتێکدا کە بەدیلی باشتر و ژیرانەتر لەبەردەستدا بووە.
هەرچەندە "تیۆریی سەرشێتیی سیاسی" وەک تیۆرییەکی سەربەخۆ بوونی نییە، بەڵام چەندین تیۆری و چەمکی سیاسی و دەروونناسی هەن کە ئەم دیاردەیە ڕوون دەکەنەوە. یەکێک لەو تیۆرانە تیۆریی "بەردەوامی سەرشێتی یان گەمژەیی"ی باربارا تاکمەن Barbara Tuchman's- لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی The March of Folly: From Troy to Vietnam-1984" "بەردەوامی سەرشێتی- گەمژەیی: لە تروادەوە بۆ ڤێتنام" بە وردی ئەم دیاردەیە شی دەکاتەوە.
تاکمەن سێ مەرج یان پێوەری سەرەکی دادەنێت بۆ ئەوەی سیاسەتێک بە "سەرشێتی یان گەمژەیی سیاسی" دابنرێت:
پێوەری یەکەم: ئەو سیاسەتەی گیراوەتەبەر دەبێت لە سەردەمی خۆیدا وەک دژە-بەرژەوەندی خودی سەیر کرابێت، نەک تەنها دوای تێپەڕبوونی کات و بەپێی زانیاریی نوێ.
پێوەری دووەم: دەبێت ڕێگەچارەیەکی تری کردەیی (feasible alternative) لەبەردەستدا بووبێت.
تاکمەن ئەسپی تەڕوادە بە یەکەم نمونەی سەرشێتی سیاسی دەزانێت
پێوەری سێیەم: سیاسەتەکە دەبێت سیاسەتی گروپێک یان ژمارەیەک لە بریار دروستکاران بێت، نەک تەنها هەڵەی تاکە کەسێک.
تاکمەن چوار نموونەی مێژوویی گەورە بۆ شیکردنەوەی تیۆرییەکەی بەکاردەهێنێت:
1. ئەسپی تەڕوادە: چۆن سەرکردەکانی تەڕوادە بڕیاریان دا ئەسپە دارینەکە بهێننە ناو شارەکەوە، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان.
2. پاپاکانی سەردەمی ڕێنیسانس: چۆن سیاسەتەکانیان بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی پرۆتستانت و لەدەستدانی نیوەی شوێنکەوتووانیان.
3. بەریتانیا و لەدەستدانی کۆلۆنییەکانی ئەمریکا: چۆن پێداگری لەسەر سیاسەتی باجی ناڕەوا بووە هۆی لەدەستدانی گرنگترین کۆلۆنییەکانی.
4. ئەمریکا و شەڕی ڤێتنام: چۆن سەرەڕای هەموو نیشانەکانی شکست، بۆ ماوەیەکی درێژ لەو شەڕەدا بەردەوام بوون.
بە شێوەیەکی گشتی سەرشێتیی سیاسیی کۆمەڵێک خەسڵەتی سەرەکی هەیە کە بریتین لە:
1. خۆکوژیی سیاسی (Self-destructive): ئەو سیاسەتەی گیراوەتەبەر لە دەرئەنجامدا زیانێکی گەورە بە خودی دەوڵەت یان ڕژێمەکە دەگەیەنێت، وەک لەدەستدانی دەسەڵات، داڕمانی ئابووری، یان شکستی سەربازی.
2. گوێنەدان بە زانیاری و بەڵگە: سەرەڕای بوونی زانیاریی ورد، ئاماری ڕوون، و هۆشداریدان و ئامۆژگاریی پسپۆڕان و هەڕەشەکان کە هۆشداری دەدەن لە دەرەنجامە خراپەکان، بڕیاردەران بە ئەنقەست ئەو زانیاری و ئامۆژگارییانە فەرامۆش دەکەن کە پێچەوانەی ویستی ئەوانە.
3. ڕەقبوونی هزری جەقبەستوویی بیرکردنەوە (Mental Rigidity): نەتوانینی گۆڕینی بیروبۆچوون یان سیاسەت تەنانەت کاتێکیش کە شکستی ئاشکرا دەبێت. سەرکردەکان لە جیاتی داننان بە هەڵە، زیاتر و زیاتر تێوەدەگلێن.
4. بوونی بەدیلی باشتر: لە کاتی بڕیاردانەکەدا، ڕێگەچارەیەکی ژیرانەتر و کەم زیانتر لەبەردەستدا بووە، بەڵام پشتگوێ خراوە. ئەمە "سەرشێتی" لە "هەڵەی ناچاریی" جیا دەکاتەوە.
5. بیرکردنەوەی گروپی (Groupthink): لەناو کۆمەڵێکی داخراوی دەسەڵاتداراندا، فشار دروست دەبێت بۆ یەکڕایی و هاوڕابوون. ئەندامان لە ترسی پەراوێزخستن، لە دەربڕینی ڕای جیاواز خۆیان دەپارێزن، ئەمەش دەبێتە هۆی گرتنەبەری بڕیاری کارەساتبار.
دەرئەنجام دەتوانین بڵێین سەرشێتیی سیاسیی بریتی نییە لە هەڵەیەکی ئاسایی یان بڕیارێکی هەڵە کە دواتر شکستەکەی دەردەکەوێت، بەڵکو بریتییە لە پێداگرییکردن لەسەر سیاسەتێکی خۆوێرانکەر، لە کاتێکدا کە بەدیلی باشتر و ژیرانەتر لەبەردەستدایە و دەرەنجامە خراپەکانی سیاسەتەکەش پێشبینیکراون. بە مانایەکی تر لە بنەڕەتدا، سەرشێتیی سیاسی بریتییە لە شکستی عەقڵانیەت و ژیری لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی لە بەرزترین ئاستەکاندا.
بەشی دووەم: سهدام حسێن – لوتکەی سەرشێتیی سیاسیی و کارەساتەکانی
سهدام حسێن نموونەیەکی کلاسیکی سەرکردەیەک بوو کە تێکەڵەیەک بوو لە پارانۆیا (گومانی نەخۆشانە)، خۆبەگەورەزانین (Megalomania)، و ئارەزوویەکی بێسنوور بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.
دەتوانین بڵێن سایکۆلۆژیای سیاسیی سهدام حسێن لەسەر چەند کۆڵەکەیەک بنیات نرابوو:
1. دروستکردنی کەڵەپیاو: سهدام بە شێوەیەکی سیستماتیک کاری لەسەر دروستکردنی پەرستنی کەسایەتیی خۆی دەکرد. وێنە و پەیکەرەکانی لە هەموو گۆشەیەکی عێراقدا بوون، لە شەقامەکانەوە تا کتێبی قوتابخانەکان. ناوی خۆی دەبەستەوە بە شارستانیەتە دێرینەکانی میزۆپۆتامیاوە، وەک بابلی و ئاشووری و خۆی وەک میراتگری سەلاحەدینی ئەیوبی نمایش دەکرد. ئەم خۆپیاهەڵدانە تەنها بۆ چەسپاندنی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو باوەڕێکی قووڵی شەخسی بوو کە پێیوابوو ئەو بۆ سەرکردایەتی و دروستکردنی مێژوو خوڵقێنراوە.
سەدام لەسەر بنەمای لەخۆباییبوون عێراقی خستە ناو شەڕێکی 8 ساڵەی وێرانکەر
2. خەونی ئیمپراتۆری و جەنگە کارەساتبارەکان:
نەرجسیەتی سهدام وایلێکرد کە لە قەبارەی هێزی خۆی و عێراق تێ نەگات و بڕیاری ستراتیژیی هەڵە بدات کە لەسەر بنەمای خەیاڵ داڕێژرابوون نەک واقیع:
- جەنگی ئێران-عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨): سهدام حسێن بە گریمانەی ئەوەی کە ئێران بەهۆی شۆڕشی ئیسلامییەوە لاواز بووە، هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە بە ئامانجی بوون بە هێزی یەکەمی کەنداو و سەرکردەی جیهانی عەرەبی. ئەو پێیوابوو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەڵام ئەم بڕیارە، کە لەسەر بنەمای لەخۆباییبوون درابوو، عێراقی خستە ناو جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی و وێرانکەرەوە کە نزیکەی یەک ملیۆن کوژراوی لێکەوتەوە و ئابووریی وڵاتەکەی بە تەواوی داڕماند.
- داگیرکردنی کوێت (١٩٩٠): دوای جەنگی ئێران، عێراق قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە ببوو. سەدام، لەبری داننان بە شکستی سیاسەتەکانیدا، بە هەمان عەقڵیەتی خۆبەزلزانییەوە، کوێتی بە "پارێزگای نۆزدەیەم"ـی عێراق دانا و داگیری کرد. ئەو پێیوابوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا کاردانەوەیەکی جددییان نابێت. ئەم هەڵەخوێندنەوە کارەساتبارە، کە دەرەنجامی گوێنەگرتن بوو و باوەڕبوونی تەواو بە بلیمەتیی خۆی، بووە هۆی جەنگی دووەمی کەنداو، دەرکردنی سوپای عێراق لە کوێت، و سەپاندنی گەمارۆیەکی ئابووریی 13 ساڵە کە تەواوی عێراقییەکانی رووبەرووی برسیەتیەکی کوشندە کردەوە و ژێرخانی وڵاتەکەی بە تەواوی لەناوبرد و دەسەڵاتەکەشی لەرزۆککرد.
ئەگەر لە ڕوانگەى سەرشێتیی سیاسیی ەوە هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی دەسەڵاتی سهدام حسێن بکەین بە روونی هەموو پێوەرەکان لە خۆگرتوە، بۆنمونە ئەو سیاسەتانەی گرتبونیە بەر دژی بەرژەوەندیەکانی عێراق و گەلەکەی بوون، هەروەها بەدیلی گونجاوتر لەبەردەستیدا بوون بۆ ئەوەى بەو ئاراستە سیاسیەدا نەڕوات، رەنگە تەنها پێوەرێک کە بە تەواوەتی لە قۆناغی دەسەڵاتی سهدام حسێن ون بێت یاخود لاوازبێت،ئهوهیه کە بریارەکانی زیاتر زادەی عەقڵیەتی خۆبەزلزانی سهدام بوون نەک گروپێک.
دەرەنجامی سەرشێتیی سیاسیی سهدام حسێن بۆ عێراق بریتی بوو لە وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری، گەمارۆی نێودەوڵەتی، دابڕان لە جیهان، لەدەستدانی سەروەری و لە کۆتاییدا ڕووخانی ڕژێمەکەی بە دەستی هێزی دەرەکی لە ساڵی 2003. ئەو وڵاتەکەی کردە قوربانیی خەونە شەخسییەکانی خۆی.
بەشی سێیهم: سەرشێتیی سیاسیی هێزەکانی چوارچێوەى هەماهەنگی
لەپاش ڕوخانی دەسەڵاتی سهدام حسێن لە عێراق لە ساڵی 2003، هێزە شیعەکانی عێراق توانیویانە دەسەڵاتەکانی عێراق بۆخۆیان قۆرغ بکەن و بریارەکانی دەوڵەت لەبەرژەوەندی خۆیان دەربکەن و سیاسیەتی دەرەکی عێراقیش بە ئاراستەى بەرژەوەندیان ئاراستە بکەن. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتەش عێراق رووبەروی چەندین کێشە و ململانێ و جەنگ بویەوە لە دیاریترنیان شەری مەزهەبی لە ساڵی 2006، سەرهەڵدانی ناڕەزای لە شارە سونیەکان پاش پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی عێراق لە ساڵی 2014 و دواتریش هەوڵدانیان بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.
لە هەموو ئەمانەدا شیعەکانی عێراق سەرکەوتوبون بە حوکمی پاڵشتی ئێران و ئەمریکا. بەڵام دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023 و گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەوانەش لێدانی ئیسرائیل لە حەماس و حیزبوڵڵاـى لوبنانی و کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و شەڕى 12 رۆژەى نێوان ئیسرائیل و ئێران، دۆخی ناوچەکە لەبەرژەوەندی شیعەکانی عێراق نیە، بەڵام سەرەڕای ئەم گۆرانکاریانە هێزە شیعەکان سورن لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان لە عێراق، هەروەها دەیانەوێت پرۆژە یاسایەکی نۆی بۆهێزەکانی حەشدی شەعبی دەربکەن کە دەسەڵاتێکی فروانیان پێدەدات و هاوتایان ئەکاتەوە لەگەڵ سوپای عێراق لەڕووی پێکهاتە و چەکدارکردنەوە.
ئەم پرۆژە ئهگهرچی دواجار هێزه شیعییهكان بهكاریگهریی ههڕهشهى ئهمهریكا و هاوپهیمانان پهسهندكردنیان وهستاند، بهڵام ئهم ههنگاوه زۆرتر له تاكتیك و كاتیی دهچێت وهك ههمیشهیی، بێگومان لهكاتى تردا دههێنرێتهوه بهرباس.
رەفتارەکانی حەشد لە چەندین ڕووەوە خۆکوژیین
لەم بەشەدا هەوڵ ئەدەین لە رێگەى خستە رووی چەند پرسیارێک و وەڵامدانەوەیان شیکاری بۆ ئەو سیاسەتانە بکەین کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گرتویانەتە بەر لە روانگەى شەرشێتی سیاسیەوە.
یەکەم: ئایا سیاسەتەکە دژی بەرژەوەندییەکانی خودی عێراق و تەنانەت خودی دەسەڵاتی شیعەیە؟ سیاسەتێکی خۆکوژییە؟
بەڵێ، ئەمە لە خۆکوژیی سیاسی نزیک دەبێتەوە و لەوانەیە بگاتە ئاستی خۆکوژیی دەوڵەت:
1. خۆکوژیی ئابووری: هەڕەشەکەی ئەمریکا قسەیەکی بەتاڵ نییە. ئەگەر ئەمریکا عێراق بخاتە ژێر گەمارۆی ئابوورییەوە (وەک ئەوەی لەگەڵ ئێران کردی)، دەرەنجامەکانی کارەساتبار دەبن:
- بلۆککردنی پارەی نەوتی عێراق: نزیکەی 100 ملیار دۆلاری یەدەگی عێراق لە بانکی فیدراڵی نیویۆرکە. بە بڕیارێک دەتوانرێت بلۆک بکرێت.
- داڕمانی بەهای دیناری عێراقی: بەهای دینار بە شێوەیەکی خەیاڵی دادەبەزێت، کە دەبێتە هۆی هەڵاوسانێکی کوشندە.
- ئیفلیجبوونی حکومەت: حکومەت ناتوانێت مووچەی مووچەخۆران بدات (کە ملیۆنان کەسن، لەنێویاندا چەکدارانی حەشدی شەعبی) و ناتوانێت کاڵای پێویست هاوردە بکات.
ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی جەماوەریی بەرفراوان و لەوانەیە تەختی دەسەڵاتی شیعە خۆی بهەژێنێت.
2. خۆکوژیی ئەمنی و سەربازیی:
- پاساو بۆ ئیسرائیل: دەرکردنی یاسایەکی لەم شێوەیە، حەشدی شەعبی زیاتر وەک باڵێکی فەرمیی ئێران لە عێراقدا نیشان دەدات. ئەمە پاساوێکی بەهێزتر دەداتە دەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەبێ هیچ سنوورێک هێرش بکاتە سەر بارەگاکانیان.
- لاوازکردنی سوپای عێراق وپشتبەستنی زیاد لە پێویست بە حەشدی شەعبی: لە کاتێکدا حەشد ڕۆڵی لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوو، بەڵام بەهێزکردنی وەک هێزێکی ئایدیۆلۆژیی هاوتەریب لەگەڵ سوپا، سەروەریی دەوڵەت دەخاتە مەترسییەوە. بوونی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت و وابەستەبوونی بەشێک لە فەرماندەکانی بە ئەجێندای دەرەکی، خودی مانەوەی دەوڵەتی عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن بڕیاری سەربەخۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
- داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان: ئەمە بەرزترین ئاستی سەرشێتیی سیاسییە لە بارودۆخی ئێستادا، چونکە ئەو قۆناغەی رێکەوتن تیاداکرا بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لەگەڵ ئێستادا زۆر جیاوازە و گۆڕانکاری گەورە و ڕیشەى لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوەتەبوون.
- مەترسیی ئەمنی: هێشتا مەترسیی داعش ماوە و سوپای عێراق بەتەواوی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەکانی نییە، بەتایبەت لە بواری هەواڵگری و پشتیوانیی ئاسمانیدا. دەرکردنیان بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەکات.
بەدەر لەم خاڵانەى خستمانەڕوو، ئەمریکا ئەم هێزانە بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەزانێت و لە رابردوودا هێرشیان کردوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
3. خۆکوژیی سیاسی:
- کۆتاییهێنان بە هاوبەشی: ئەم هەنگاوە کورد و سوننە بەتەواوی لە پرۆسەی سیاسی دوور دەخاتەوە و هەستی نامۆبوون و پەراوێزخستنیان دەگەیەنێتە لوتکە. ئەمە عێراق بەرەو دابەشبوونی کردەیی دەبات.
- گۆشەگیریی نێودەوڵەتی: عێراق بەتەواوی وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو و پاشکۆی ئێران سەیر دەکرێت و هەموو پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی و عەرەبی لەدەست دەدات.
دووەم: ئایا بەدیلێکی باشتر و ژیرانەتر لەبەردەستدا هەیە؟
بێگومان، چەندین بەدیل هەن:
1. حەشدی شەعبی بەپێی یاسای ساڵی 2016، بودجە و مووچە وەردەگرێت، و بەشێکە لە سیستەمی ئەمنی.
2. لە جیاتی پێداگری لەسەر دەرچواندنی یاسایەک کە وەک تەحەدایەکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا سەیر دەکرێت، دەتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بکەن بەبێ ئەوەی وڵاتەکە بخەنە مەترسییەوە.
شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لەو دەرەنجامە ئابووریانەى کە عێراق رووبەرووی ئەبێتەوە
سێیەم: ئایا سیاسەتەکە بەردەوامە سەرەڕای بوونی هۆشداریی ڕوون و ئاشکرا؟
بەڵێ، ئەمە خاڵی سەرەکییە. هۆشدارییەکان لە هەموو لایەکەوە دێن:
1. هۆشداریی دەرەکی:
هەڕەشەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونترین و مەترسیدارترین هۆشدارییە.
2. هۆشداریی ناوخۆیی:
- مەرجەعی باڵای شیعەکان و موقتهدا سهدر داوای ئەوە دەکەن کە دەبێت چەک بەدەستی حکومەت بێت.
- کورد و سوننە بە ئاشکرا دژی ئەم هەنگاوەن.
- شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لەو دەرەنجامە ئابووریانەى کە عێراق رووبەرووی ئەبێتەوە ئاگاداریان دەکەنەوە.
- هێزە میانڕەوەکانی شیعە: بە ئاشکرا قسە ئەکەن، چونکە دەزانن ئەم هەنگاوە دەسەڵاتی شیعەلە عێراق لاوازتر ئەکات و وڵات بەرەو کارەسات دەبات.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، باڵی توندڕەوی شیعە لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوامن، کە ئەمەش نیشانەی سەرشێتیی سیاسیی و گوێنەدان بە واقیع و زاڵبونی ئایدیۆلۆژیا بەسەر عەقڵانیەتی سیاسی و بەرژەوەندیی نیشتمانیدایە.
بەشی چوارەم: شیکاریی , بەراوردکارdی
سەرەڕای جیاوازیی قۆناغەکان، چەند خاڵێکی هاوبەش لە نێوان سەرشێتیی سیاسیی سەردەمی سەدام و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەدی دەکرێت:
1. پێشخستنی ئایدیۆلۆژیا بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیدا:
سەددام لە پێناو ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی عەرەبی و خەونی سەرکردایەتیکردنی ناوچەکە، عێراقی خستە ناو دوو شەڕی وێرانکەرەوە. بە هەمانشێوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێناو پابەندبوونی ئایدیۆلۆژی بە "بەرەی موقاوەمە"، ئامادەیە ئابووری و سەقامگیریی تەواوی عێراق بخاتە مەترسییەوە.
2. هەڵسەنگاندنی هەڵە بۆ کاردانەوەی نێودەوڵەتی:
سەدام باوەڕی نەدەکرد کە جیهان بەو شێوە توندە ڕووبەڕووی ببێتەوە. ئێستاش چوارچێوەی هەماهەنگی پێدەچێت هەڕەشەکانی ئەمریکا بە جددی وەرنەگرن یان پێیان وابێت دەتوانن بەرگەی بگرن، کە ئەمە هەڵسەنگاندنێکی زۆر مەترسیدارە.
3. پشتگوێخستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی:
سیاسەتەکانی هەردوولا بووەتە هۆی پەراوێزخستنی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی عێراقی (سەددام کورد و شیعەی پەراوێزخست و چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانییەکانی کورد و سوننە پشتگوێ دەخات)، کە ئەمەش دەوڵەت لە ناوخۆوە لاواز دەکات.
دەرەنجام:
هەوڵی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەعێراق سەرەڕای ئەو گۆرانکاریە ریشەیانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست رویانداوە، هەروەها سەرهەڵدانی مەترسی نوێی ئەمنی و سیاسی و تەنانەت ئابووری رویان کردۆتە عێراق، نموونەیەکی رونی سەرشێتیی سیاسییە. ئەم هێزانە لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجێکی ئایدیۆلۆژیی کورتخایەن کە بریتییە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و "بەرەی موقاوەمە" وەک هێزێکی یاسایی و هەمیشەیی، ئامادەن تەواوی دەوڵەتی عێراق و گوزەرانی ملیۆنان هاووڵاتی بخەنە مەترسییەکی گەورەوە. ئەمە دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەی کوشندەی سەرکردەکانی پێشووی عێراقە، کە بریتی بوو لە هەڵنەسەنگاندنی دروستی هێزی خۆیان و کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە کۆتاییدا دەاوانین بڵێین، دیاردەی سەرشێتیی سیاسی وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن لە جەستەی سیاسەتی عێراقدا دەرکەوتووە. ئەم دیاردەیە لەسەر بنەمای غرور، ڕەقبوونی هزری و زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیا بەسەر عەقڵانیەتدا کار دەکات.
ئەگەر سەرکردایەتیی ئێستای عێراق وانە لە "سەرشێتی سیاسی"ـی ڕابردوو وەرنەگرێت، خۆی نەگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانکاریە نوێیەکان ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە وڵاتەکە بەرەو هەمان ئەو چارەنووسە کارەساتبار ببەنەوە کە پێشتر بەهۆی بڕیاری هاوشێوەوە تووشی بووە.