یاریی پەتڕاكێشان لە لوبنان و چاوەڕوانی لە عێراقە
٢٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:١٤ پاش نیوەڕۆ

پێداگریی نوێنەری ترەمپ، تۆم باراک، لەسەر ڕادەستکردنی چەکی حیزبوڵڵا بە دەوڵەتی لوبنان و پێشکەشکردنی پلانێك لەمبارەیەوە، بووە هۆی دەرچوونی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی حکوومەت بۆ دیاریکردنی کۆتاییی ساڵی 2025 وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە. هەروەها سوپای لوبنانیش ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی میكانیزم و پرۆژەیەكی كرداری لەوبارەیەوە.
بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان، هەرچەندە پشتیوانیی بەهێزی سعودی و ئەمریکی و فەرەنسیی هەیە و ئیسرائیلیش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی جێبەجێکردنیەتی، بەڵام ڕیسکێکی هەرواش ئاسان نییە. حیزبوڵڵا ئەگەرچی بریندار و ماندووە، بەڵام هێشتا هێندە هێزی ماوە کە لایەنی کەم بتوانێت ناوخۆی لوبنان بشڵەقێنێت و ئەم ئۆقرەییە ناسکە تێک بدات و دۆخەکە وەک ساڵی 2006 بشڵەژێنێتەوە. لەم بارەیەوەش بەردەوام هەڕەشە دەکات و دواترینیان لێدوانە ئاگرینەکانی نەعیم قاسمی جێگرەوەی نەسروڵڵا بوو کە گوتی: "شەڕێکی کەربەلایی دەکەین و چەک ڕادەست ناکەین".
چەکی حیزبوڵڵا تەنیا هاوکێشەیەکی ناوخۆیی لوبنان نییە. لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و پچڕانی کەمەربەندە ئێرانییەکە، چەکی زاحیەی باشووری بەیرووت، لەگەڵ چەکی حووسییەکانی یەمەن و حەشدی وەلائی لە عێراق، پێکەوە پەرژینی پەرشوبڵاوی ئێران پێک دەهێنن. ئێرانیش، کە لە دڵەڕاوکێی چاوەڕوانیی جەنگێکی نوێدایە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕۆژ دەژمێرێت. چاویشی لەوەیە لە گەڕی داهاتوودا ئەگەر گەیشتە قۆناغی بێهیوایی، وەک کارتێک بەکاریان بهێنێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش عەلی لاریجانیی ناردە هەردوو وڵاتەکە (بەغد و بەیروت)، تا ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست بکات و هێڵەکانی پێشووی هەماهەنگی نوێ بکاتەوە.
ئەم دۆخە تاقەتپڕوکێنەی لوبنان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراقیش دەبێت،
دوای شەڕە 12 ڕۆژییەکە، نەک تەنیا بەرەی ئێرانی، بەڵکو تەواوی جیهانی شیعی لە دۆخێکی دڵشکانی و چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی جۆراوجۆردا دەژین. تەنانەت مەرجەعیەتی سیستانی، کە لە سیاسەتدا سۆفییانە ڕەفتار دەکات، لە ڕێگەی نوێنەرێکەوە ئەوەی نەشاردەوە کە خۆلادان لە پریشکی شەڕی داهاتوو ئەستەمە، چونکە بە دیدی ئەو، شەڕەکە شەڕی «حەق و باتڵە». بەمەش دەرگای لەسەر ئەگەری کشانەوەی شیعەی عێراق لە بەرەی دژایەتیکردنی ئیسرائیل داخست و لەم ڕووەوە هەڵوێستی لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئێران، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.
ئەم دۆخە تاقەتپڕوکێنەی لوبنان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراقیش دەبێت، چونکە سیاسییە شیعەکان باوەڕیان وایە ئەگەر پڕۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا سەربگرێت، ئەوا گوشارەکان بۆ چەککردنی حەشدی شەعبییش مسۆگەر دەبن. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراقی شیعی هەست بە خنکان دەکات؛ لە سەرەوە تورکیا، لە ڕۆژئاواوە ڕژێمێکی سوننیی دژەشیعە (سوریا)، لە باشووریشەوە ئوردن و سعودیە و کوەیت دەوریان داوە. لە باکووریشەوە هەرێمێک هەیە کە وەک باخچەی پشتەوەی ئیسرائیل و کۆتاییی «ڕاڕەوی داود»ـی گریمانکراو سەیر دەکرێت.
ئەو کەسەی له عێراق زۆرترین پەیوەندیی بە دۆسیەی چەک و حەشد و لێکەوتەکانی ڕەوشی حیزبوڵڵاوە هەیە، محەمەد شیاع سوودانییه
بانگەشەی تێکەڵکردنی حەشد لەگەڵ سوپا یان تواندنەوەی، لەڕووی تیۆرییەوە ئاسانە و وەک دروشمێکی بریقەداری بنیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرن دەردەکەوێت و خواستی دەرەکی و هەندێک لایەنی ناوخۆییشی لەسەرە. بەڵام ئەم خەیاڵە خۆشە، بەرەوڕووی وێنەی قەتڵوعامی عەلەوییەکانی کەناری سووریا و درووزەکانی سوەیدا و هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێتەوە. لە ناوچەیەکدا کە باو، باوی سوپا و میلیشیای بچووکی ئایدیۆلۆژی و پێکهاتەییە، بانگەشەکردن بۆ سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی ئاسان نییە. بەتایبەت کە ئەو قسەیە چەندین ساڵە لە کوردستان بەدی نەهاتووە و لەبری پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو، هێشتا هێزی حیزبی و تەنانەت تاکەکەسییش بوونی هەیە، کە ئەمەش ئێستا لەلایەن شیعەکانەوە نموونەو پاساوی حازر بە دەستە.
لە عێراقدا، جگە لە هێزە شیعەکان، ئەو کەسەی زۆرترین پەیوەندیی بە دۆسیەی چەک و حەشد و لێکەوتەکانی ڕەوشی حیزبوڵڵاوە هەیە، سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانییە. ناوبراو کاندیدی ئەو بازنە و پارێزگا شیعیانەیە کە هەموو هەست و سۆزیان لای پاراستنی تایفەکەیانە و حەشد وەک زەمانەتێکی مانەوەی خۆیان دەبینن. لەولاشەوە، ئەمریکییەکان خستوویانەتە ژێر گوشارەوە تا بیسەلمێنێت کە خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و لە میحوەرە ئێرانییەکە سەربەخۆیە. ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ سوودانی زۆر سەختە و ڕەنگە هیچ سەرۆک وەزیرانێکی دیکە هێندەی ئەو لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا گیری نەکردبێت؛ لە نێوان دەنگی شەقامی شیعی، هەژموون و پیرۆزیی چەکی گرووپەکان و هەوڵدان بۆ کردنەوەی دەرگای کۆشکی سپی بە ڕوویدا بۆ سەردانیکردنی ترەمپ، کە دوا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن 17 جار هەوڵی بۆ داوە، بەڵام هێشتا بێهوودە و بێ وەڵامە.