ئەسپرین لە نێوان پاراستنی دڵ و ڕێگریکردن لە شێرپەنجە؛ دوایین توێژینەوەکان چی دەڵێن؟

٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ

ئەسپرین لە نێوان پاراستنی دڵ و ڕێگریکردن لە شێرپەنجە؛ دوایین توێژینەوەکان چی دەڵێن؟

پەنجەرە

ئەم دەرمانەی مێژووەکەی بۆ ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکاردێت، هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوەدەکەن کە رەنگە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک جۆری شێرپەنجە بەسوود بێت.

چیرۆکی نایک جەیمس و جینی "عەیبدار"

سەرەتای ئەم زانیارییە لە نایک جەیمسەوە دەستپێدەکات. جەیمس دارتاشێکی بەریتانییە لە چلەکانی تەمەنییدایە، دوای ئەوەی دایکی بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد و براکەی و چەندین کەسی تری خێزانەکەی تووشی شێرپەنجەی ڕێخۆڵە بوون، نیگەرانی تەندروستی خۆی بوو. 

دوای ئەنجامدانی پشکنینی جینی، دەرکەوت کە هەڵگری جینێکی "عەیبدار (معیب)"ـە کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە "ساندرۆمی لینچ" (Lynch Syndrome)؛ ئەمەش نەخۆشییەکە کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕێخۆڵە بە شێوەیەکی ترسناک زیاد دەکات.

جەیمس وەکو یەکەم کەس خۆی تۆمارکرد لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیدا بۆ زانینی ئەوەی ئایا خواردنی  ژەمی ڕۆژانەی ئەسپرین دەتوانێت لە شێرپەنجە بیپارێزێت؟

دەرەنجامەکان بۆ ئەو دڵخۆشکەر بوو، چونکە ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوامە لەو چارەسەرە و تا ئێستا بەدوورە لە توشبوون بە شێرپەنجە.

دەرمانێکی دێرین و دۆزینەوەیەکی نوێ

ئەسپرین یەکێکە لە دێرینترین دەرمانەکان. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، شوێنەوارناسان تابلۆیەکی قوڕینی ٤٤٠٠ ساڵەیان لە میزۆپۆتامیا دۆزییەوە کە لیستی دەرمانەکانی تێدا بوو. لە نێویاندا ڕێنمایی هەبوو بۆ ماددەیەک کە لە داربی (سەفصاف) وەردەگیرێت.

دواتر دەرکەوت ئەو ماددەیە "سالیسین"ـی تێدایە کە جەستە دەیگۆڕێت بۆ "ترشی سالیسیلیک" بۆ نەهێشتنی ئازار. دواتر زاناکان گۆڕیان بۆ "ترشی ئەسیتایڵ سالیسیلیک" (ئەسپرینی مۆدێرن) کە کەمتر زیان بە گەدە دەگەیەنێت.

ئەسپرین یەکێکە لەو دەرمانانەی بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هێوربوونەوە و تا بەکاردێت، بەپێی پێویستییش لەلایەن پزیشکەکانەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردەهێنرێت.

چۆن کار لەسەر شێرپەنجە دەکات؟

زاناکان لە ڕوونکردنەوەیاندا لەسەر کارکردنی ئەسپرین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شێرپەنجە، ئاماژە بە دوو شێواز دەدەن:

١. پەکخستنی ئەنزیمی COX-2: کە ڕێگری دەکات لە دروستبوونی ئەو ماددانەی دەبنە هۆی گەشەی ناڕێکی خانەکان.

٢. چالاککردنی کۆئەندامی بەرگری: ئەسپرین ماددەیەک بە ناوی (Thromboxane A2) پەکدەخات، ئەمەش وا دەکات خانە شێرپەنجەییەکان بۆ کۆئەندامی بەرگری ئاشکرا بن و هێرشیان بکرێتە سەر.

هۆشدارییەکی پێویست

پرسی بەکارهێنانی ئەسپرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە هێشتا لەژێر توێژینەوەدایە و لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە نەسەلماوە و دانی پێدانەنراوە.

لەهەموو حاڵەتێکیشدا بەکارهێنانی دەرمانەکە چ بۆ شێرپەنجە و چ بۆ هەر نەخۆشییەکی دیکە، بەبێ بڕیاری پزیشک نابێت. چونکە بەکارهێنانی دەرمانەکە بەبێ ڕاوێژ و بڕیاری پزیشک، نەخۆش ڕووبەڕووی مەترسی خوێنبەربوون و برینی گەدە دەکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو