چیرۆکی گرەوێکی کورت لە نێوان نەوشیروان مستەفا و شێرکۆ بێکەسدا

٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٤١ پاش نیوەڕۆ

چیرۆکی گرەوێکی کورت لە نێوان نەوشیروان مستەفا و شێرکۆ بێکەسدا

 

پەنجەرە، کاوە شێخ عەبدوڵڵا

مانگێک بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات، زەنگی تەلەفۆنەکەی شێرکۆ بێکەس لە سوید لێدەدات، لەبەر ئەوەی شێرکۆ بێکەس بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانییەوە دەنگی نووساوە، هەڵۆی کوڕی بە چاو سەیرێکی بێکەسی دەنگنووساو دەکات: بابە.... کاک نەوشیروان مستەفایە بۆ هەواڵپرسیی تۆ تەلەفۆنیکردووە.

شێرکۆ بێکەس بە نیگای چاو ئەوپەڕی دڵخۆشیی خۆی بە تەلەفۆن و هەواڵپرسییەکەی نەوشیروان مستەفا نیشان دەدات، دەنگەنووساوەکەی بایی ئەوە هێزی تیا نییە کە دوایین قسەی دڵی لەگەڵ ئەو دۆستە سیاسییەی خۆیدا بکات. بەڵام زۆر دڵخۆشە کە گوێی لە دەنگە کزەکەی ناو تەلەفۆنەکەبووە... ئەوە دوایین تۆنی دەنگی نەوشیروانە دەگات بەگوێی شێرکۆ بێکەس!

ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیست شێرکۆ بێکەس و نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی لاوییاندابوون، بەهۆی هەلومەرجی سیاسی ئەوکاتەی کوردستان و سلێمانی بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێوان مەلامستەفا و مەکتەبی سیاسیدا درزی بردبوو؛ دوو کەسی جیاواز و دوور لە یەکتربوون. بەڵام لە ناوەڕاستی تەمەنی خۆیاندا دیسان لە هەلومەرجێکی سیاسی گۆڕاودا یەکیانگرتەوەو بوون بە دوو هاوڕێی نزیک و متمانەپێکراوی یەکتر. تەنانەت تا دوایین رۆژەکانی ژیانی شێرکۆ بێکەس ئەو هاوڕێیەتییە بەوپەڕی رێزەوە مایەوە.

شێرکۆ بێکەس بە ئاشکرا لایەنگری مەلامستەفابوو، لە شیعر و دانیشتنە تایبەتەکانیدا هێرشی دەکردە سەر مەکتەبی سیاسی. هەر لەو سەردەمەدا نەوشیروان مستەفا لاوێکی دیار و هەڵسوڕاوی باڵی مەکتەبی سیاسی بوو لە سلێمانی. ئەم ژینگەیە وایکردبوو هیچ خاڵێکی کۆکردنەوە لەنێوان شێرکۆ بێکەس و نەوشیرواندا دروست نەبێ. بەڵام ئەم دوو لاوە دوور لە یەک و تەنانەت دژ بەکیشە، سەر بە قوتابخانەیەکی کوردایەتیبوون. لە ناوەڕاست و کۆتایی تەمەنیاندا کوردایەتییەکەی شێرکۆ و نەوشیروان تەواو ئاوێتەی یەکتربووبوون.

پڕبوونەوەی درزەکە

بەدرێژایی دوولەتبوونەکەی شۆڕشی ئەیلوول، شێرکۆ بێکەس دژی باڵی جەلالیی بوو. ئەم دژبوونەی نەدەشاردەوە؛ هەر لەسەر ئەم بیرکردنەوەیەی بوو کە ناوەڕاستی شەستەکان ئێوارەیەک لەناوشاری سلێمانیدا لەلایەن چەکدارەکانی باڵی جەلالییەوە دەستبەسەر دەکرێ و دەیبەن لە گرتووخانە تایبەتەکەی خۆیان لە بەکرەجۆ، بۆ ماوەی پێنج رۆژ شێرکۆ دەخەنە زیندانەوە.

بۆیە لە سلێمانی ئەو سەردەمەدا، شێرکۆ بێکەس وەکو شاعیر شاعیرێکی پەسەنکراو نەبوو لەلایەن جەلالییەکانەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو دژایەتیشیان دەکرد. ئەم دژوارییەی نێوان جەلالییەکان و شێرکۆ بێکەس بەردەوامبوو تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە بەهاری ١٩٧٥.

 

کاتێک لە ناوزەنگ دەبێت، نەشیروان مستەفا دیوانێکی شێرکۆ بێکەسی دەگاتە دەست

 

بەڵام کاتێک شۆڕشی نوێ هەڵگیرسێنرایەوە کە بەشی زۆری سەرکردەکانی ئەم شۆڕشە هەمان جەلالییەکانی پێشوون، شێرکۆ بێکەس بێ دوودڵیی دەکەوێتە بەرەی شۆڕشگێڕانەوە. ئیتر چاوپۆشیی لەوە دەکات نەیارەکانی پێشووی خۆی سەرکردایەتی شۆڕشە تازەکە دەکەن. شێرکۆ بە نەفیکراوی لە ناوەڕاستی عێراقەوە بە نووسینی چەند شیعرێک دڵی خۆی بۆ شۆڕشەکە دەکاتەوە!

لە وەسفی ئەو شیعرە بەراییانەی شێرکۆ و کاریگەرییەکانی لەسەر شۆڕشی نوێ، نەوشیروان مستەفا لە کتێبی "لە کەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ" کە ساڵی ١٩٩٣ نووسیویەتی دەڵێ: لە ناوزەنگ بووین کە دەستنووسی "داستانی هەڵۆ سوورەکانی قەندیل"مان پێگەیشت. ئەمە شیعرێکی سیاسی بوو کە چیرۆکی دەسپێکردنەوەی شۆڕشی ئەگێڕایەوە. شیعرەکانی بەلای منەوە زۆر بەرز و کاریگەربوون. پڕبوون لە دیمەنی جوان.. ئاوازی خۆش. جا نازانم هۆی ئەم پێخۆشبوونەی من هی ئەوەبوو کە باسی سەردەمێکی دەکرد کە خۆم تیایدا بەشدارم یان بەلای رەخنەوانێکی بێلایەنیشەوە وایە. ئیتر لێرەوە لە هەڵوێستی سیایدا لە یەکتر نزیکبووینەوەو نامەیەکم بۆ نارد. ئەویش وەڵامی دامەوە.

هەر لە درێژەی هەڵسەنگاندنی شێکۆ بێکەس و شیعرەکانیدا نەوشیروان مستەفا دەنووسێ: لە مێژبوو لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دووربەدوور ناسیاویمان هەبوو، ئەگەرچی لەڕووی بیروباوەڕی سیاسییەوە جیاوازبووین؛ بەڵام من هەمیشە بە رێزێکی زۆرەوە لە شیعرەکانی شێرکۆم ئەڕوانی. ئەوکاتەی لە "روانگە" بانگی نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردییان دا رێزی لای من زیاتربوو. پاش ئەوەی چەندین نامەمان ئاڵوگۆڕکرد بۆم دەرکەوت شێرکۆ هەر بە تەنیا شاعیر نییە؛ بەڵکو رۆشنبیرێکی گەورەی کوردە. خاوەن بیروڕای سیاسی پێگەشتوو کامڵە، ئەوەندەی تر لەلام خۆشەویست بوو.

جیاوازییەکان لە لووتکەی هاوڕێیەتیدا

لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا. نەوشیروان سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران و کەسی دووەمی شۆڕشەکەیە لە دوای مام جەلال؛ بەڵام ئەم هەموو دەسەڵات و بەرپرسیارێتیە نەبووە هۆی ئەوەی شێرکۆ وەک شاعیرێکی شارنشین لە نەوشیروان مستەفا داببڕێ. بەڵکو هەمیشە لەڕێی نامە و سەردانی نهێنی شێرکۆ بۆ چیا، نێوانی ئەم دوو کەسایەتییەی کورد تادێت بەتینتر و تۆکمەتر دەبێ.

لە کۆتاییدا بەهۆی پاڵەپەستۆی بەعس و ترس لە گرتن یان ناچارکردن بەوەی بە دڵی بەعس بنووسێت، شێرکۆ بێکەس ساڵی ١٩٨٥ بە یەکجاریی دەچێ بۆ شاخ و لە تەنیشت بارەگاکانی مام جەلال یان نەوشیروان مستەفا بارگە دەخات. ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە تا شێرکۆ بێکەس لەگەڵ ئەم دوو سەرکردە بەناوبانگەدا زیاتر نزیک ببێتەوە.

شێرکۆ بێکەس لە تەمەندا لە مام جەلال نۆ ساڵێک بچووکتر و لە نەوشیروان مستەفا چوار ساڵێک گەورەترە. بەڵام نە بچووکیی و گەورەکەی لە تەمەندا، نە شاعیربوونەکەی لە خوارەوەی دەسەڵاتەکەیاندا نەبوونەتە رێگر لەوەی هاوڕێیەتیان بکات. ئەوانیش بەوپەڕی شانازییەوە زەمینە بۆ گەورەبوون و هێشتنەوەی ئەو هاوڕێیەتییە دەڕەخسێنن.

 

شێرکۆ دەستبەرداری پۆستی وەزیری رۆشنبیریی دەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانی مام جەلال و نەوشیروان نادات

 

لە پاش سەرکەوتنی راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، شێرکۆ بێکەس لە پشکی یەکێتی دەبێتە یەکەم وەزیری رۆشنبریی کوردستان، بەڵام ئەم ئیمتیاز و پۆستە شێرکۆ ناچار ناکەن هەڵوێستە سیاسییەکانی خەفە بکات. هەر بۆیە کاتێک ناڕازی دەبێ لە هەڵوێست و بڕیارەکانی حکومەتەکەی، شێرکۆ دەستبەرداری ئەو پۆست و ئیمتیازە دەبێ و دەچێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی. ئیتر بۆی گرنگ نییە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا نیگەران دەبن یان نا.

ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک دەستووری عێراق دەخرێتە بەردەم خەڵکی عێراق بە کوردستانیشەوە تا پەسەندی بکەن، شێرکۆ بێکەس لە کوردستان دەچێتە ناو بزووتنەوەی ریفراندۆمەوە کە چەندین کەسایەتیی کورد دروستیانکردبوو کە دژی دەنگدانن بە دەستووری عێراق و داوای ریفراندۆم دەکەن بۆ خەڵکی کوردستان تا سەربەخۆیی هەڵبژێرن. ئەمە لە کاتێکدابوو خودی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا کاریان بۆ ئەوە دەکرد کە خەڵکی کوردستان دەنگ بە دەستووری هەمیشەیی عێراق بدرێ.

ترس لە داهاتوو..

رۆژێک شێرکۆ بێکەس بە نەوشیروان مستەفا دەڵێ: پیاو کە چووە تەمەنەوە، ئەگەری زۆرە بخڵەفێ و هەر لە خۆوە قسە فڕێ بدات. وەرە با من و تۆ بەر لەوەی بخڵەفێین پەیمانێک بە یەکتر بدەین هەرکامێکمان هەستمانکرد یەکێکمان خەڵەفاوە، ئاگاداری بکەینەوە تا هەڵیت و پەڵیت نەڵێ. نەوشیروان مستەفا دەڵێ: موافیقم.

هەر چەند خولەکێک پاش ئەو پەیمانە، شێرکۆ بێکەس و نەوشیروان مستەفا لەسەر مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و پایەکانی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دەکەونە مشتومڕەوە. شێرکۆ بێکەس قەناعەت بە قسەکانی نەوشیروان مستەفا ناکات لەسەر دەوڵەتی کوردی و دەستێک دەخاتە سەرشانی نەوشیروان مستەفا و بە پێکەنینەوە پێی دەڵێ: لەسەر ئەو بەڵێنەی کە پێمدایت هەر کاتێک یەکێکمان خەڵەفاین یەکتر ئاگادار بکەینەوە، ئەوا پێت دەڵێم تۆ هەر لەئێستاوە داخڵبوویت!

نەوشیروان مستەفا و شێرکۆ بێکەس دە ساڵی کۆتایی تەمەنیان وەکو یەک وابوو، هەردووکیان بە شانازیکردن بە رابردووی خۆیانەوە، بەڵام پەشیمان بوون لەوەی درێژە بەو شانازیکردنە بدەن و کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین لە سیستمی سیاسی و حکومڕانی کوردستان. نەوشیروان مستەفا بە سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کە داوای گۆڕانکاری دەکرد، سنوورێکی لەنێوان دوێنێی خۆی و دهاتووەکەیدا دانا، شێرکۆ بێکەسیش بە شیعرە بەناوبانگەکەی "ئێستا کچێک نیشتمانمە" سنوورێکی گەورەتری لەنێوان رابردووەکەی خۆی و ئێستا و داهاتوویدا داڕشت!


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو