"عەشایەر بەڕێیخست، پارتی سەریخست"... 6 مانگ پێش 11ـی ئەیلوول چی روویدا؟
١١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:١٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە، کاوە شێخ عەبدوڵڵا
زستانی ساردوسڕی ساڵی 1961 بە ناڕەزایی و منجەمنجی ئاغا و دەرەبەگ و خاوەن موڵکەکانی کوردستان لە عەبدولکەریم قاسم گەرم داهاتبوو.
ئاغا و خاوەن موڵکەکانی کوردستان هەرلەخۆوە بە ماوەیەکی کەم یەکێتییەکی خێڵەکییان لە ناوچەی سۆران پێکەوەنا، ئەوان دژی قانوونەکانی "تەسویەی زەوی و ئیسڵاح زەراعی" عەبدولکەریم قاسم بوون. دەیانوت: چۆن دەبێ زەوییەک کە پشتاوپشت بۆمان ماوەتەوە، ئێستا ئەفەندییەکی چاکەت لەبەر، لەگەڵ دوو پۆلیسدا بێت و لەسەر کاغەز هەموومان سفر بکاتەوە. ئێمە هیچمان بەدەستەوە نەمێنێ کەچی رەعیەتەکانمان ببن بە خاوەن هەموو شت!؟
لەنێوان عەبدولکەریم قاسم و ئاغا و خاوەن موڵکەکاندا، بەدرێژایی شەش مانگ و زیاتر چەندین نامە و پەیام و نوێنەر ئاڵوگۆڕ کران. نە قاسم لە بڕیار و یاسای خۆی دەهاتە خوارەوە، نە ئاغاکان تەنازولیان لە داواکارییەکانی خۆیان دەکرد.
لەلایەکی تریشەوە، پارتی و مەلا مستەفاى بارزانى لە هەڵسوکەوتی ئەو ئاغایانە رازی نەبوون. ناوەڕاستی مانگی ئاب جەلال تاڵەبانی لەسەر داوای عەشایەرەکان چوو بۆ لای مەلا مستەفای بارزانی کە ئەو کاتە بەغدای جێهێشتبوو لەناوچەی بارزان دەژیا. دوای دیدارەکە جەلال تاڵەبانی گەڕایەوە بۆ پشدەر بە ئاغا و عەشایەرەکانی وت: مەلا مستەفاش دەڵێت : جارێ هیچ مەکەن و لە خۆئامادەکردندابن تا دەگەنە پلەیەکی باشتر لە ئێستا.
ئاغاکان بازگەیان دانا!
یەکێتییە بێ بەرنامەکەی ئاغا و دەرەبەگی کوردستان تا دەهات پتەوتر دەبوو، هێدی هێدی چەکداری عەشایەریان لە دەور کۆبوویەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان کە تاقانە حزبی کوردی بوو، هەوڵیدا خۆی تێکەڵی ئەم جوڵانەوەیە بکات بەنیازی هەڵلوشینی لە هەناوی حزبدا چونکە جووڵانەوەکە هیچ خواستێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی نەبوو.
بەڵام یەکێتی ئاغا و دەرەبەگەکان بەڕادەیەک بەهێزبوو کە ئیتر حسابیان بۆ پارتیش نەدەکرد؛ تەنانەت داوایان لە سەرکردەکانی پارتی دەکرد بچنە ڕیزی یەکێتییەکەی ئەوانەوە. هەروەها حسابیان بۆ پۆلیس و دەزگا حکومییەکانیش نەدەکرد.
لە دەوروبەری ڕانیر بە رۆژی نیوەڕۆ هێرشیانکردە سەر لیژنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ کە بۆ چەسپاندنی یاسای تەسویە و ئیسڵاح زەراعی چووبوونە ئەوێ، دوای لێدان و ئازاردانیان لەو ناوچەیە دەریانکردن.
نا ئارامیی ناوچەی سۆرانی گرتەوە
شتەکە بەڕادیەک گەورەبوو کە لەو ناوچانەی دەستیان دەڕۆشت بازگەیان دادەنا و لە خەڵکیان دەپرسییەوە. ناوچەکانی سۆران جۆرێک لە شپرزەیی و نائارامیی پێوە دەرکەوت.
لە ڕانیە و هەڵەبجە و دەربەندیخان و بازیانەوە، یەکێتییەکە کشا بەرەو کۆیە و شەقڵاوە. چەکداری ئاغایان بە رۆژی نیوەڕۆ دەچوونە سەر جادەوبانەکان و بازگەیان دادەنا.
عەبدولکەریم قاسم چەند جارێک لەڕێی موتەسەڕیفەکانی هەولێر و سلێمانی، نوێنەری خۆی دەناردە لای ئاغا و دەرەبەگەکانی پشدەر و بیتوێن. بەڵام بەبێ ئەنجام رۆژ و مانگ تێدەپەڕین.
تا ئەوەبوو سەرەتای مانگی ئەیلوولی 1961 چەکدارانی ئاغایان جموجوڵەکانیان زیاتر کرد، ئاغاکان خۆیشیان داخوازییەکانیان گەورەتر کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی هەردوو یاساکەیانکرد.
کوردستانیان لە بەغدا دابڕی
ئەوەبوو رۆژی 10ـى ئەیلولی 1961 چەکداری عەشایەر لە (دەربەندی بازیان) رێگای نێوان سلێمانی- کەرکوک، لە (دەربەندیخان)یـش رێگای سلێمانی- بەغدایان داخست. هەروەها لە ناوچەکانی پشدەر و بتوێن و کۆیە و شەقڵاوە عەشایەر زیاتر بە چەکەوە چوونە سەر رێگا سەرەکییەکان و دایانخستن!
وەڵامی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم چاوەڕوانکراو نەبوو، ئەوەبوو نیوەڕۆی 11ـى ئەیلوول "کە ئەم رۆژە بە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول دانراوە"، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە ئاسمانەوە و تانک و تۆپە دوورهاوێژەکان لە زەوییەوە، زۆر بە توندی ئەو ناوچانانەیان بۆردمانکرد کە چەکداری ئاغا و دەرەبەگ کۆنترۆڵیانکردبوو. جووڵانەوە چەند مانگییەکەی ئەو ئاغایانە بەرگەی دوو سەعاتی نەگرت و عەسری ئەو رۆژە پێکڕا بڵاوەیان لێکرد.
لە وەڵامی دڵڕەقانەی سوپاکەی قاسمدا، چەندین کەس کوژران و زیانێکی زۆر بەر دارستان و کشتوکاڵ و پوش و ماوانی ئەو ناوچانە کەوت.
نۆرەی پارتی و جەلال تاڵەبانییە
رۆژی 12ـى ئەیلوول کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر کپ و خامۆشدابوو، بێدەنگییەکی زۆر خۆی ختسبووە ژێر ترسێکی زۆرەوە. وڵات یەکپارچە کەوتەوە دەست سوپای دڵڕەقی عێراق.
چەند حەفتەیەک ئەو بێدەنگی و ترسە بەردەوامبوو، تا ئەوەبوو پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەی دانا تا ئەم رووداوە بقۆزێتەوەو بیکات بە شۆڕشێکی میللیی و نەتەوەیی. جەلال تاڵەبانی رابەرایەتیی ئەم بیرۆکەیەی کرد و هەرزوو لەشکرێکی لە کادر و ئەندامانی پارتی پێکهێنا و (چەمی رەزان) کە کەوتووەتە نێوان شاری سلێمانی و شارۆچکەی دوکانەوە، کرد بە مەکۆی جووڵانەوە چەکدارییەکە.
لەناوخۆی پارتیدا ناکۆکی و ناتەبایی هەبوو لەسەر ئەوەی کە لەو قۆناغەدا شۆڕش هەڵگیرسێنن دژی عەبدولکەریم قاسم، مەلا مستەفای بارزانی یەکێک بوو لەوانەی کە ناڕازیبوو، ئەو دەیوت: هەلومەرجی ئەوەمان نییە بچینە ژێرباری شۆڕشێکی فراوانەوە. نە لەناوخۆ نە لە دەرەوە پشتیوانێکی ئەوتۆمان پەیدا نەکردووە بۆ ئەم قۆناغە.
بەڵام سەرەڕای نائامادەیی و بێبەرنامەییەکە، بەڵام یەکەم رۆژی شکستی جووڵانەوە عەشایەرییەکە- 11ـى ئەیلوول- بە سەرەتای شۆڕش دانرا و پاشان بەڕادەیەک گەورەبوو کە لە مێژووی کورددا هیچ شۆڕشێکی ئەوەندە فراوان و ماوەدرێژ نەبووە!
بۆ ئەم نووسینە سوود لە هەریەکە لەم کتێبانه وهرگیراوه:
ـ گەشتی ژیانم، مامۆستا مەسعوود محەمەد.
ـ دیداری تەمەن، جەلال تاڵەبانی.
- ئەوەی لە بیرمە، بیرەوەرییەکانی. ناهیدەی شێخ سەلام.
- لەگەڵ چەندین نووسین و یاداشتی تر.