بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم وەرچەرخانێکی یاساییدا؛ داهاتووی "گردەکە" و "کوردسات" چی دەبێت؟
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١٢:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق ململانێی نێوان ئاراستەکانی گۆڕانی قوڵتر کردەوە و ڕێکخەری هەڵبژێردراوی ئاراستەی کوردساتی دوورخستەوە، ئەمەش ململانێ نێوخۆییەکانی ئەو حزبەی گەیاندە قۆناغێکی هەستیارتر.
بڕیارەکەی بەغدا؛ دانا ئەحمەد مەجید شەرعیەتی یاسایی لەدەستدا
دوای تانەیەکی یاسایی لەلایەن تیمی پارێزەرانی "ئاراستەی گردی زەرگەتە"، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی ئەندامێتی و ڕێکخەرێتی دانا ئەحمەد مەجید لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا.
هۆکاری بڕیارە یاساییەکە بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە گوایە دانا ئەحمەد مەجید لە بنەڕەتدا ناوی لەنێو دەستەی گشتی بزووتنەوەکەدا نەبووە و دواتر زیادکراوە.
هەرچەندە ڕێکخەرەکە دوورخراوەتەوە، بەڵام دادگا تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنفرانسی کەرکوکی (باڵی کوردسات)ی نەداوە.
ململانێی دوو ئاراستە؛ لە کەرکوکەوە بۆ بەغدا
ئەم کێشەیە ڕەگی بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک ئاراستەی کوردساتی گۆڕان لە شاری کەرکوک کۆنفرانسی نیشتیمانی بەست و دانا ئەحمەد مەجیدی وەک ڕێکخەر هەڵبژارد، بەڵام باڵی گردی زەرگەتە بایکۆتی کۆنفرانسەکەیان کرد و ئەنجامەکانیان ڕەتکردەوە.
دوای بڕیارەکەی دادگا ئاراستەی کوردسات جەخت دەکەنەوە کە کۆنفرانسەکەی کەرکوک هیچ کەلێنێکی یاسایی تێدا نییە و تانە لە بڕیاری دوورخستنەوەی ڕێکخەرەکەیان دەدەن.
ئاراستەی گردی زەرگەتەش کار بۆ ئەوە دەکەن ئەم بڕیارە بقۆزنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی کۆنفرانسەکەی کەرکوک.
گومانەکان؛ دەستوەردانی سیاسی لەپشت بڕیارەکەوەیە؟
سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە تاڕادەیەک ڕەهەندێکی یاسایی هەیە، بەڵام ئاراستەی کوردسات بە گومانەوە دەڕواننە "دەستی پشت پەردە".
نزیکایەتی ئەم دواییەی ئەو باڵە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، وایکردووە گومان بکەن کە فشار یان دەستوەردانی سیاسی لە بەغداوە بۆ دوورخستنەوەی ڕێکخەرەکەیان ئەنجامدرابێت، هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەیەکی فەرمی لەمبارەیەوە لەبەردەست نییە.
سیناریۆکانی بەردەم داهاتووی گۆڕان
ئێستا سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی گۆڕان چاوەڕوانکراون:
1. بەردەوامیی کێشمەکێش: پێداگیریی باڵی کوردسات لەسەر گەڕانەوەی دانا ئەحمەد مەجید و درێژەدان بە شەڕی یاسایی.
2. ڕێککەوتنی ناچاری: بڕیارەکەی دادگا هەردوو لا ناچار بکات لەسەر کەسایەتییەکی تر وەک ڕێکخەر ڕێکبکەون بۆ ڕ رزگارکردنی حزبەکە لەو قەیرانەی تێیکەوتووە.
3. جیابوونەوەی یەکجاری: دابەشکردنی دارایی و موڵکەکانی بزووتنەوەکە بە ڕێککەوتن و کارکردنی هەر لایەنە و بە ناو و ناونیشانێکی نوێوە.