حسێن تائیب؛ سێبەرە تەمومژاوییەکەی موجتەبا خامنەیی لە لوتکەی دەسەڵاتدا
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١٢:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حسێن تائیب، نزیک لە موجتەبا خامنەیی و یەکێک لە کاریگەرترین و تەمومژاویترین کەسایەتییە ئەمنییەکانی ناو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران، لەئێستادا پرسیار لەبارەی شوێنی مانەوەی دروستبووە.
سەرچاوەکانی زانیاریی حسێن تائیب وەک یەکێک لەو کەسانە پۆلێن دەکەن کە کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی هەیە، بەپێی هەندێک زانیاریش رۆڵی هەبووە لە فشار دروستکردن بۆ سەر ئەنجومەنی شارەزایان بۆ دانانی موجتا بەرێبەر.
بەپێی گێڕانەوەی ئاژانسی "فارس"، تائیب ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی ئەم مانگە، ڕێگریی لە واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا کردووە.
حسێن تائیب پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران بووە و لە ئێستادا وەک ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران کار دەکات.
تائیب پێشتر رایگەیاندبوو: پاراستنی سوریا لەپێشترە لە پاراستنی ئەهواز.
ئەوکاتەی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی کردووە، لێکۆڵەرانی ئەم دەزگایە دەسەڵاتیان لە دادوەرانی دەسەڵاتی دادوەری زیاتر بوو، بە جۆرێک سەدان کەس بە تۆمەتی "بێ بنەما" دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ناچارکردن بە دانپێدانانی زۆرەملێ بوونەتەوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەرکی سەرەکی تائیب، لانیکەم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ڕێگا خۆشکردن بووە بۆ سەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی بۆ لوتکەی دەسەڵات.
حسێن تائیب
حسێن تائیب، ناوی ڕاستەقینەی (حەسەن)ە، دوای کوژرانی براکەی (حسێن) لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا ناوەکەی گۆڕی، بوووە هەڵگریی ناوی براکەی و لە ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێراندا بە حسێن تائیب یان مەیسەم تائیب دەناسرێت.
حسێن تائیب لە ساڵی ١٩٦٣ لە تاران لەدایکبووە، خوێندنی ئایینی لە حەوزە زانستییەکانی تاران، قوم و مەشهەد تەواو کردووە، پێش ئەوەی لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە بکات.
لەکاتی جەنگ لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، تائیب چەندین پۆستی لەناو پێکهاتەکانی سوپای پاسداران لە لقەکانی تاران و قوم وەرگرتووە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ مەهدی تائیبی برای پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی دروستکرد، ئەوەش لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە "کەتیبەی حەبیب"، کە یەکێک بوو لەو چوارچێوە ڕێکخراوەییانەی ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی ناو بازنەکانی دەسەڵاتی تازەپێگەیشتووی ئەو کاتەی کۆکردبووەوە.
دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و ئەوکاتەی عەلی فەلاحیان وەزیری بەرگریی بوو، حسێن تائیب پەیوەندی بەم دەزگایەوە کرد، تا بە کردەیی کاروانی ئەمنی فەرمی خۆی لە ناو ڕژێمی ئێراندا دەستپێبکات.
لەو قۆناغەدا، تائیب دۆسیەیەکی ئەمنی بۆ مەهدی هاشمی، کوڕی هاشمی ڕەفسەنجانی لەناو بەشی دژە سیخوڕی وەزارەتەکەدا کردەوە، ئەمەش بووە هۆی دوورخستنەوەی لە دەزگاکە بە بڕیاری ڕەفسەنجانی.
بەڵام نزیکییەکەی لە موجتەبا خامنەیی ڕێگر بوو لە دەرکردنی لە بازنەی دەسەڵات، چونکە ڕۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی دەزگایەکی ئەمنی هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتی هەواڵگری لە ناو سوپای پاسداران، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی عەلی خامنەیی.
یەکێک لە لێدوانە مشتومڕاوییەکان سەبارەت بە تائیب، لێدوانێکی مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشووی ئێرانە، کە رایگەیاندبوو تائیب هاوسەنگیی نییە و بەهۆی دروستکردنی کێشەوە لە وەزارەتی هەواڵگریی دوورخراوەتەوە.
پەیوەندی نێوان تائیب و ئەحمەدی نەژاد بە ئاڵۆزیی و لێڵی زۆردا تێپەڕی، بە جۆرێک کە گێڕانەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تائیب، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، لە سەرەتادا و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٥دا پاڵپشتی ئەحمەدی نەژادیان کردووە.
لەو ماوەیەدا، مەهدی کەڕوبی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نارد و تێیدا باسی لە دەستوەردانی سوپای پاسداران و موجتەبای کوڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا کرد.
بە کردەیی، حسێن تائیب دەستی جێبەجێکاری موجتەبا خامنەیی بوو لە دەستوەردانەکاندا، ئەو کات بە ناوی مەیسەم تائیب دەناسرا. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتوو نەبوو لە چنینەوەی بەرهەمی ئەم ڕۆڵە، چونکە دواتر ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی، سەرۆکی نووسینگەی ئەحمەدی نەژاد ئاشکرایکرد کە تائیب لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەوڵیداوە وەزارەتی هەواڵگریی وەربگرێت، بەڵام ئەحمەدی نەژاد رێگریکردووە.
سەرباری ئەوەش، نزیکیی لە موجتەبا خامنەیی بووە هۆکاری سەرکەوتنی بۆ ناو هەرەمی دەسەڵات. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ناوی موجتەبا خامنەیی و حسێن تائیب خرایە نێو تۆمەتەکانی ڕێکخستنی سندوقەکانی دەنگدان لە بەرژەوەندی ئەحمەدی نەژادەوە.
کاتێک ناڕەزایەتی بەرفراوان دوای هەڵبژاردنەکان سەریهەڵدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی سپێردرا بە هێزەکانی بەسیج، کە تائیب ئەو کاتە فەرماندەیی دەکردن.
هەواڵگریی سوپای پاسداران
لەگەڵ وەرگرتنی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لەلایەن حسێن تائیبەوە، وادیار بوو کە پاداشتی دڵسۆزییەکەی بۆ ڕێبەر عەلی خامنەیی و ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە چەسپاندنی پایەکانی ڕژێمدا وەرگرتووە.
لە ماوەی ساڵانی سەرکردایەتیکردنی ئەم دەزگا ئەمنییەدا، کاری کرد بۆ فراوانکردنی ئامرازەکانی سەرکوتکردن و بونیادنانی تۆڕێکی ئەمنی ئاڵۆز بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و ناڕازییان.
لەو قۆناغەدا، ژمارەیەک لە خاوەن ڕەگەزنامە دوانییەکان و هاووڵاتیانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە سیخوڕی دەستگیرکران.
حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە زیندانەکان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیان و توندوتیژی سیستماتیک و ئەشکەنجە، جگە لە فشار خستنە سەر خێزانی قوربانییەکان، بوونە کارێکی دووبارە لەناو ئەم دەزگایەدا.
لە ساڵی ٢٠١٨دا، دزەکردنی تۆمارێکی دەنگی محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی ئەو کاتەی سوپای پاسداران، هەڵایەکی زۆری نایەوە، دوای ئەوەی ناوی حسێن تائیب و محەمەد باقر قالیبافی وەکو تۆمەتباری گەندەڵی هێنابوو.
سەرەڕای پێشبینییەکان بۆ ئەگەری لاوازبوونی پێگەیان، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانە بوو، چونکە پێگەیان بەهێزتر بوو، عەلی خامنەیی تائیبی لە پۆستەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٩دا هێشتەوە.
حسێن تائیب لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، سەرەڕای دوورکەوتنەوەی بەڵام ئەو پێگەیەی لەدەست نەدا کە بەهۆی نزیکی لە موجتەبا خامنەیی بەدەستهێنابوو.
،
دانانی موجتەبا خامنەیی
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی لەژێر فشاری ئەحمەد وەحیدی و حسێن تائیبدا بووە، داوا لە هەر ٨٨ ئەندامەکەی ئەنجومەنی شارەزایان کراوە دەنگ لە بەرژەوەندی ئەو بدەن.
هەروەها دەنگدانەکە بە شێوازێکی نائاسایی بووە، بە جۆرێک ئەندامەکان دەنگەکانیان لەسەر وەرەقە نووسیوە و لە ڕێگەی نێردراوەوە ناردوویانە.
لە ئەنجامدا، دەسەڵاتداران بە فەرمی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەییان بە ٥٩ دەنگ ڕاگەیاند. لەو کاتەوە، هیچ تۆمارێکی دەنگی و ڤیدیۆیی باوەڕپێکراوی خامنەیی بڵاونەکراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو بەیاننامانەی بە ناوی ئەوەوە دەردەچن، لە زمان و گوتاردا لە ئەدەبیاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نزیکن.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەیشتن پێی، ئەگەر لە ژیانیشدا مابێت، تەنها بۆ ژمارەیەکی زۆر کەم لە بەرپرسە باڵاکان سنووردار کراوە، بە بیانووی هۆکاری ئەمنی.
پلاتفۆرمی "ئەمواج میدیا" پێشتر لە سەرچاوە ئێرانییە ئاگادارەکانەوە گواستبوویەوە، پڕۆژەی جێنشینی موجتەبا خامنەیی لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی حسێن تائیبدا بووە.
یەکێک لە سەرچاوە سیاسییە دیارەکان دەستنیشانکردنی موجتەبای بە پێچەوانەی وەسیەتنامە نووسراوەکەی عەلی خامنەیی وەسفکرد.
پشتبەست بەم زانیارییانە، دەکرێت وا دابنرێت کە کەسایەتییەکانی وەک حسێن تائیب، ئەحمەد وەحیدی و محەمەد باقر زولقەدر، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، لەو کەسانەن کە ئەگەری گەیشتنیان بە موجتەبا خامنەیی هەیە، ئەگەر هێشتا لە ژیاندا مابێت.
ئەمان وەک دیارترین نەیارانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و پاڵپشتیکاری ڕێبازی گرژیی و ڕووبەڕووبوونەوە سەیر دەکرێن.
یەکێک لە گێڕانەوەکان دەڵێت بڕیاری گەڕانەوەی شاندی دانوستانکاری ئێران لە پاکستان، لە لەلایەن حسێن تائیبەوە دەرچووە.
ئاژانسی "فارس"ی سەر بە سوپای پاسداران، ئەم بابەتەی لە ١٤ی نیسانی ئەم مانگەدا پشتڕاستکردەوە، لە ڕێگەی تێبینییەکی کورت و توندەوە کە تێیدا ستایشی تائیبی کرد و بە ئازا و دەستپاک بۆ موجتەبا وەسفیکرد، گوایە بە زمانی هۆشداریی قسەی لەگەڵ دانوستانکاراندا کردووە.