کۆمەڵکوژی ( حي التضامن) چۆن روویدا؟
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆمەڵکوژییەک لە شەقامی "نسرین" لە گەڕەکی تەزامون لە ناوچەی یەرموکی پەنابەرانی فەلەستینی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لە ١ی نیسانی ٢٠١٣ ڕوویدا.
ئەم تاوانە تا ٩ ساڵ دوای ڕوودانی ئاشکرا نەکرا، تا ئەو کاتەی ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە سەربازێکی ناو میلیشیاکانی لایەنگری ڕژێمی ئەسەد دزەی پێکردووە.
گرتە ڤیدیۆییەکە چەکدارانی سەر بە سوپای ڕژێمی سووریا پیشان دەدات کە کۆمەڵێک مەدەنییان چاوبەست کردووە و بەرەو چاڵێکی گەورە دەیانبەن کە لە گەڕەکی تەزامون هەڵیانکەندبوو، پاشان گوللەبارانیان دەکەن و دەیانخەنە ناو چاڵەکەوە، ئەمەش لە کەشێکی پڕ لە گاڵتەجاڕی و سووکایەتیکردندا بە تەرمەکان.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی بەشداربوو لەو کۆمەڵکوژییەیان دەستگیرکرد. بەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦، دەستگیرکردنی ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی "ئەمجەد یوسف" ڕاگەیەندرا، کە تۆمەتباری سەرەکی و بەرپرسی یەکەمی ئەو تاوانەیە. ناوبراو لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەما دەستگیرکرا.
ڤیدیۆکەی گاردیان کە یەکێکە لە ٢٧ تۆماری ڤیدیۆیی کوژرانی لانی کەم ٤١ مەدەنی بەڵگەدار کردووە، لەنێویاندا ٧ ژن و چەند منداڵێک. لە کاتێکدا دانیشتوانی گەڕەکەکە ناوی ٢٨٨ قوربانییان تۆمار کردووە کە لە هەمان گەڕەکدا کوژراون. هەروەها ژمارەیەک لە تێوەگلاوانی تاوانەکە دانیان بەوەدا ناوە کە چەندین کۆمەڵکوژی تریان لەو گەڕەکەدا ئەنجامداوە کە تێیدا ٥٠٠ پیاو و ژن بوونەتە قوربانی.
کۆمەڵکوژییەکە چۆن ڕوویدا؟
گرتە ڤیدیۆییەکە ئەندامانی سوپای ڕژێم نیشان دەدات کە داوا لە مەدەنییەکان دەکەن هەڵبێن، بەبیانووی ئەوەی کە قەناس بەدەست لە شەقامەکەدایە و دەبێت بۆ ڕزگاربوون ڕابکەن.
دەستەکانیان لە دواوە بەسترابووەوە و چاویان بەسترابوو، پاشان بە چەکی "AK-47" تەقەیان لێ دەکردن، تەنها پیاوێکی بەتەمەن نەبێت کە سەریان بڕیبوو.
وێنەکان نیشانی دەدەن کە چۆن مەدەنییەکانیان ڕاپێچ کراون و خراونەتە ناو چاڵێکەوە کە پێشوەخت ئامادەکرابوو و قووڵاییەکەی نزیکەی ١٠ پێ دەبوو. دوای کوشتنیان، تەرمەکانیان بەسەر یەکدا کەڵەکە کرا و تایەی ئۆتۆمبێل و تەختەیان خستبووە سەر سەریان و دواتر سوتاندبوویانن.
دۆزینەوەی ڤیدیۆکە
بەپێی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەکە، زۆربەی قوربانییەکان گەنج، ژن، منداڵ و بەتەمەن بوون. ڤیدیۆکە کەوتبووە دەست سەربازێکی ڕژێم دوای ئەوەی کۆمپیوتەرێکی (لاپتۆپ)یان پێدابوو بۆ چاککردنەوە، ئەویش ڤیدیۆکەی لە فۆڵدەرێکدا دۆزیبووەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڤیدیۆکەی بۆ چالاکوانی سووری "ئەنسار شەحود" و پرۆفیسۆر "ئۆگۆر ئۆمیت ئەنگۆر" لە زانکۆی ئەمستردام ناردووە. ئەوانیش بۆ ماوەی ٣ ساڵ بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکە کردووە تا ئەو کەسەیان دۆزیوەتەوە کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت.
ئەمجەد یوسف لە ڕێگەی فەیسبووکەوە لەلایەن ئەنسار شەحودەوە دۆزراوەتەوە. دوای چەندین گفتوگۆ کە تێیدا ئەنسار خۆی وەک ژنێکی لایەنگری ئەسەد ناساندبوو، ئەفسەرەکە دانی بەوەدا نابوو کە چەندین کردەوەی کوشتنی ئەنجامداوە بە بیانووی تۆڵەسەندنەوەی برا بچووکەکەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ کوژرابوو.
ناسنامەی تاوانبارەکە (ئەمجەد یوسف)
ئەمجەد یوسف ئەفسەری هەواڵگری بوو و پۆستی جێگری سەرۆکی لقی ٢٢٧ی هەواڵگریی سووریای هەبوو. لە ساڵی ١٩٨٦ لە گوندێکی پارێزگای حەما لە خێزانێکی عەلەوی لەدایکبووە. بەرپرس بووە لە دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی نەیارانی سیاسی و سەرکردایەتی کردەی سەربازیی لە ناوچەکانی تەزامون و یەرموک کردووە.
دەستگیرکردنی تاوانباران
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، حکومەتی ڕاگوزەر هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو دەستپێکرد.
* لە ئابی ٢٠٢٣، پۆلیسی ئەڵمانیا "ئەحمەد حەمرونی" دەستگیرکرد کە هاوڕێی نزیکی ئەمجەد یوسف بوو.
* لە شوباتی ٢٠٢٥، دوای خۆپیشاندانی توڕەیی خەڵک، وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی ٣ تێوەگلاوی تری ڕاگەیاند (مونزر جەزائیری، سومەر و عیماد مەحمود).
* لە کۆتاییدا، لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦، ئەمجەد یوسف (تۆمەتباری سەرەکی) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە حەما دەستگیرکرا و وێنەکانی بە جلوبەرگی زیندانەوە بڵاوکرایەوە.