چیتر جەنگ تەنها لەرێگەی درۆن و موشەک و ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بەڕێوە نابرێت

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٢ پاش نیوەڕۆ

چیتر جەنگ تەنها لەرێگەی درۆن و موشەک و ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بەڕێوە نابرێت

پەنجەرە

جەنگ چیتر تەنها لە ڕێگەی فڕۆکە، مووشەک و ژووری  ئۆپەراسیۆنەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵکو خوارزمەکان (Algorithms) بوون بە بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی بڕیاردانی سەربازیدا. لە ململانێکاندا، ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەیەکی زۆر هێرشیان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی ئێران
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی(Tagesschau)، پسپۆڕان پێیانوایە ئەو خێراییە سەرسوڕهێنەرەی لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و هەماهەنگیی لێدانەکاندا دەبینرێت، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە شیکردنەوەی زانیاری و پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکاندا.

خوارزمەکان لە دڵی ژووری ئۆپەراسیۆندا

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمێک بە ناوی Maven Smart System، کە لەلایەن کۆمپانیای "پالانتیر" (Palantir)ی ئەمریکییەوە پەرەی پێدراوە، یەکێکە لە دیارترین ئەو ئامرازانەی لەم بوارەدا باسی لێوە دەکرێت. 
ئەم پلاتفۆرمە داتا لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە کۆدەکاتەوە، وەک مانگە دەستکردەکانی سیخوڕی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و سیستمەکانی ڕادار، پاشان بە هاوکاری زیرەکیی دەستکرد شیکردنەوەیان بۆ دەکات و  وەکو وێنەیەکی ئۆپەراسیۆنی یەکگرتوو بدەیانخاتە بەردەم فەرماندە سەربازییەکان.
زیرەکیی دەستکرد یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئەو کاتەی بۆ بڕیاردان پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی شیکردنەوەی بڕێکی یەکجار زۆر لە داتا بە خێراییەکی ئێجگار بەرز. 
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"یش ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆدێلی "کلۆد" (Claude)ی کۆمپانیای ئەنسرۆپیک لەگەڵ سیستمی "ماڤن" تێکەڵ کراوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە چاودێریکردن و هاوشێوەسازی (Simulation)، هەرچەندە هەردوو کۆمپانیاکە بە فەرمی لێدوانیان لەسەر ئەمە نەداوە.

 زیرەکیی دەستکرد 

لێرەدا هەستیارترین خاڵ دەردەکەوێت: زیرەکیی دەستکرد تا چەند کۆنترۆڵی ئەوەی کردووە کە لە زانستی سەربازیدا بە "زنجیرەی کوشتن" (Kill Chain) دەناسرێت؟ واتە ئەو زنجیرە هەنگاوەی لە دەستنیشانکردنی ئامانجەوە دەست پێ دەکات و بە هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هێرشەکە کۆتایی دێت.

هیکۆ بۆرشێرت، پسپۆڕ لە زانکۆی هێلمۆت شمیت لە هامبۆرگ، هۆشداری دەدات لەوەی وێنەی زیادەڕۆیی پیشان بدرێت کە گوایە زیرەکیی دەستکرد بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەم زنجیرەیەی کردووە و مرۆڤی وەلا ناوە. بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئێستا زیرەکیی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەرەپێدانی ئامانجەکان، دیاریکردنی پێشینەکان و یارمەتیدان لە پلاندانانی ئەرکەکاندا. 
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و کۆمپانیای پالانتیر جەخت دەکەنەوە کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی مرۆڤدایە و سیستمەکە تەنها یارمەتیدەرە.

خێراییەکی کوشندە و هەڵە ئەگەرییەکان

کێشەکە تەنها ئەوە نییە کێ بڕیار دەدات، بەڵکو ئەو خێراییەیە کە هەمووان پاڵ پێوە دەنێت بۆ بڕیاردان. هەرچەندە سیستمە دیجیتاڵییەکان بە خێراییەکی زۆرتر "پاکێجی ئامانجەکان" پێشکەش بکەن، ئەو کاتەی لەبەردەم مرۆڤدایە بۆ پێداچوونەوە و وردبینی کەمتر دەبێتەوە.

ڕاپۆرتەکەی "تاغسشاو" نموونەی هێرشێک دەهێنێتەوە کە قوتابخانەیەکی کچانی پێکاوە بەهۆی ئەوەی لە نزیک بنکەیەکی سەربازی بووە. 
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕەنگە بەکارهێنانی "وێنەی کۆن" بووبێتە هۆی ئەم هەڵەیە. ئەمە دەریدەخات کە کوالیتی ئەنجامەکانی زیرەکیی دەستکرد بەندە بە کوالیتی ئەو داتایانەی پێی دەدرێت؛ ئەگەر زانیارییەکان کۆن یان ناتەواو بن، ئەنجامەکان بۆ مەدەنییەکان کوشندە دەبن.

بەرپرسیارێتی ئەخلاقی

ئێلکێ شوارتز، مامۆستای زانستە سیاسییەکان و توێژەر لە ئەخلاقیاتی زیرەکیی دەستکردی سەربازیی، هۆشداری دەدات لە دیاردەیەک بە ناوی "Automation Bias"؛ واتە مەیلی مرۆڤ بۆ ئەوەی لەژێر فشاری کاتدا، زیاتر لەوەی پێویستە متمانە بە پێشنیارەکانی ئامێرەکان بکات.
پرسیارە هەرە گرنگەکە لێرەدا تەکنیکی نییە، بەڵکو ئەخلاقی و یاساییە: ئەگەر زیرەکی دەستکرد ئامانجێکی پێشنیار کرد و مرۆڤەکەش لەژێر فشاری کاردا خێرا ڕەزامەندی لەسەر دا، کێ بەرپرسیارە لە هەڵەکان؟
لە کۆتاییدا، هەرچەندە زیرەکیی دەستکرد جەنگەکان خێراتر دەکات، بەڵام پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نابێت مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی بێبەری بکات، بەتایبەت لە پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو