کۆتایی سەردەمی "جوت"؛ ململانێی نێوان ترەمپ و بەریتانیا بەرەو کوێ دەچێت؟

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٢ پاش نیوەڕۆ

کۆتایی سەردەمی "جوت"؛ ململانێی نێوان ترەمپ و بەریتانیا بەرەو کوێ دەچێت؟

پەنجەرە

جاران بە جوت ناوی ئەمەریکا و بەریتانیا دەهێنرا، وەکو ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانێتی و هاوهەڵوێستی نێوانیان، بەڵام لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا خەریکە ئەم نزیکایەتییە بۆ ململانێ دەگۆڕێت.

بەریتانیا و ترەمپ؛ لە نیگەرانییەوە بۆ ململانێ 

لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و گرتنەوە دەستی دەسەڵات، درزی ناکۆکی نێوان ترەمپ و بەریتانیا پەردەی لەسەر هەڵماڵرا، بەڵام شەڕی ئێران پەردەی بەتەواوەتی لەسەر ناکۆکییەکان هەڵماڵی.

ترەمپ نیگەرانە لە بەریتانیا و وەکو پاڵپشتیکاری دیموکراتەکان لێیدەڕوانێت، بۆیە بەریتانیا لەرێگەی دانانی “پیتەر ماندڵسۆن” بە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئەمەریکا، هەوڵیدا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە بەو پێیەی ماندڵسۆن دۆستی ترەمپ بوو.

دوای ئاشکرابوونی دۆسیەی “ئیپستن” و تێوەگلانی ماندڵسۆن لە دۆسیەکەدا، بەریتانیا ناوبراوی لە پۆستی باڵیۆز لابرد، ئەمەش بووە هۆی سوتانی کارتی بەریتانیا بۆ خاوکردنەوەی نیگەرانییەکانی ترەمپ.

پاڵپشتی نەکردنی ترەمپ لەلایەن بەریتانیاوە بۆ شەڕی دژ بە ئێران هێندەی تر ناوبراوی لە بەریتانیا توڕەتر کرد، بۆیە لە ئێستادا نیگەرانی نێوانیان خەریکە بۆ ململانێ پەرە دەسێنێت.

نامەیەکی ناوخۆیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بۆ یەکەمجار بڵاوی کردەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات بۆ سزادانی ئەو هاوپەیمانانەی ناتۆ کە پێیوایە پاڵپشتیی شەڕەکەی لە دژی ئێران ناکەن.
لە نێو ئەو بژاردانەی باس کراون، هەوڵدان بۆ هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئیسپانیا لە ناتۆ و  چاوخشانەوە بە سەروەری بەریتانیا بەسەر دوورگەکانی”فۆکلاند”. 
دزە کردنی ئیمەیڵەکانی نێو پنتاگۆن کاردانەوەی خێرای بەریتانیای لێکەوتەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە جەختیکردەوە سەروەریی دوورگەکانی فۆکلاند "بۆ شانشینی یەکگرتووە".

هاوکات وتەبێژی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتە وتی: "دانیشتووانی دوورگەکانی فۆکلاند بە زۆرینەیەکی ڕەها دەنگیان دا بۆ ئەوەی وەک ناوچەیەکی بەریتانی لەودیو دەریاکان بمێننەوە، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی مافی دانیشتووانی دوورگەکانمان کردووە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و ئەو ڕاستییەی کە سەروەرییەکە بۆ شانشینی یەکگرتووە."

دوورگەکانی فۆکلاند

دوورگەکانی فۆکلاند، دەکەونە باشووری ڕۆژئاوای زەریای ئەتڵەسی، تا ئێستاش جێگەی ناکۆکین لە نێوان بەریتانیا و ئەرجەنتین. 
ململانێی نێوانیان لە ساڵی ١٩٨٢ گەیشتە شەڕێکی دە هەفتەیی کاتێک دیکتاتۆری سەربازی ئەرجەنتین، لیۆپۆڵدۆ گالتێری، فەرمانی داگیرکردنی دوورگەکانی دەرکرد، بەڵام بەریتانیا هێزێکی دەریایی نارد و دوورگەکانی کۆنترۆڵکردەوە.

لەو شەڕەدا ٦٤٩ سەربازی ئەرجەنتینی و ٢٥٥ سەربازی بەریتانی و سێ کەس لە دانیشتووانی دوورگەکان گیانیان لەدەستدا. ئەرجەنتین تا ئێستاش داوای ئەو دوورگانە دەکات و بە "مالڤیناس" ناویان دەبات.

ناکۆکی نێوان ئیدارەی ترەمپ و بەریتانیا لەسەر شەڕی ئێران و دزەکردنی بژاردەی چاوخشانەوە بە سەروەری بەریتانیا بەسەر دوورگەکانی”فۆکلاند”، لەکاتێکدایە خاڤێر میلای سەرۆکی ئەرجەنتین، یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ترەمپ.

وتەبێژی کێر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، جارێکیتر جەختیکردەوە “هەڵوێستی بەریتانیا لەسەر دوورگەکانی فۆکلاند زۆر ڕوونە و جێگیرە". 
لە کاتێکدا ترەمپ چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر ستارمەر و بە "ترسنۆک" ناوی بردووە بەهۆی پشتگیری نەکردنی لە شەڕی ئێران، تەنانەت کەشتیگەلە فڕۆکەهەڵگرەکانی بەریتانیای بە "بووکەشووشە" وەسفکرد.

بەریتانیا سەرەتا داواکاریی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی دوو بنکەی سەربازی بەریتانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕەتکردەوە، بەڵام دواتر ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانیان تەنها بۆ ئەرکی بەرگریی و پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچەکە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو