نەیارانی سیاسی لە زیندانەکاندا؛ بێهیوایی لە دادپەروەری و داوای گواستنەوە
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مانگرتنی شێروان شێروانی و لاهور شێخ جەنگی، جارێکی دیکە پرسی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و تێکەڵبوونی ململانێ سیاسییەکانی لەگەڵ دۆسیە یاسایییەکان لە هەرێمی کوردستان هێناوەتەوە بەرباس.
شێروان شێروانی؛ لەهەولێرەوە بۆ بۆ سلێمانی
ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، کە یەکێکە لە دیارترین دەستگیرکراوانی چالاکوانانی بادینان، ماوەی چەند ڕۆژێکە مانی لە خواردن گرتووە.
شێروانی کە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە شێوازی حوکمڕانی دەستگیر کراوە و چەندین جار سزاکەی بۆ درێژکراوەتەوە، ئێستا تەنیا یەک داواکاری سەرەکی هەیە: گواستنەوەی لە زیندانی هەولێرەوە بۆ زیندانی سلێمانی.
بەرزان شێروانی، برای ئەو ڕۆژنامەنووسە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "داواکاری سەرەکی شێروان گواستنەوەیەتی بۆ سلێمانی و پێدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ سەردانیکردنی ماڵەوە."
ئەم هەڵوێستەی شێروانی لەکاتێکدایە کە ناوبراو لایەنی سیاسیی دەسەڵاتدار لە هەولێر تۆمەتبار دەکات بەوەی لە پشت درێژکردنەوەی بەردەوامی سزاکانیەوەن.
لاهور شێخ جەنگی؛ گومان لە دادگاکانی سلێمانی و داوای هەولێر
هاوتەریب لەگەڵ دۆسیەی شێروانی، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، کە ماوەی هەشت مانگە دەستگیرکراوە، لە دۆخێکی هاوشێوەدایە. شێخ جەنگی دوای چەند ڕۆژێک لە مانگرتن، بڕیاری شکاندنی مانگرتنەکەی دا، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەیەتی لە دادگا.
بورهان ڕەشید، پارێزەری ناوبراو، پێشتر داوایکردبوو دۆسیەکەی بۆ هەولێر بگوازرێتەوە.
هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێخ جەنگی نەیاری سیاسیی یەکێتییە و گومانیان لەوە هەیە دەستوەردانی سیاسی لە دۆسیە یاسایییەکەیدا لە سلێمانی بکرێت.
لاوازیی متمانە بە دەسەڵاتی دادوەری
ئەم دوو دۆسیەیە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ قەیرانی متمانە لە نێوان نەیارانی سیاسی و دەزگا دادوەرییەکانی هەرێم. لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەری بەردەوام جەخت لەسەر سەربەخۆیی خۆی دەکاتەوە، بەڵام:
* نەیارانی پارتی لە هەولێر هەست بە نادادی دەکەن و داوای سلێمانی دەکەن.
* نەیارانی یەکێتیش لە سلێمانی گومانیان هەیە و داوای دادگاکانی هەولێر دەکەن.
ئەم ئاڵوگۆڕەی داواکارییەکان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی سێبەری قورسی خستووەتە سەر بێلایەنیی دادگاکان، بەجۆرێک کە زیندانییە سیاسییەکان تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوون یان لانی کەم گەیشتن بە "دادگایییەکی دادپەروەرانە" لەوەدا دەبیننەوە کە بچنە ژێر سایەی دەسەڵاتی نەیاری لایەنە ڕکابەرەکەیان.