ئەحمەد وەحیدی؛ ژەنەڕاڵە بێدەنگەکەی تاران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ترەمپدا
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “تێلیگراف"ی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەحمەد وەحیدی، کۆنترۆڵی "بەهێزترین باڵی سەربازیی ئێرانی کردووە و هەنگاوەکانی ئێران لە جەنگدا بەڕێوە دەبات"، وەک "گفتوگۆکەرێکی ڕاستەقینە" دەردەکەوێت کە لە پشت پەردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە تیشکی خستووەتە سەر جیاوازیی نێوان هەردوو کەسایەتییەکە؛ لە کاتێکدا یەکێکیان (ترەمپ) هەڕەشە و بۆچوونەکانی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکاتەوە و لە هاوینەهەوارەکەی لە فلۆریداوە هێرشەکان بەڕێوە دەبات، ئەوی تریان (وەحیدی) لە سەرەتای جەنگەکەوە خۆی لە گوتار و لێدوان بەدوور گرتووە و بڕیاریداوە بە بێدەنگی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بەهێزترین هێزی سەربازیی ئێراندا بسەپێنێت.
گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵاتی سەربازیدا
دوای کوژرانی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لیوا محەمەد پاکپور لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلی-ئەمریکیدا، تاران دەستبەجێ "ئەحمەد وەحیدی" جێگری پاکپوری وەک جێگرەوەی ئەو دەستنیشان کرد، تاوەکو لە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامیدا سەرکردایەتی سوپای پاسداران بکات.
ئەحمەد وەحیدی کێیە؟
لە ساڵی 1958 لە شاری شیراز لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەلیکترۆنیات و ماستەری لە ئەندازیاری پیشەسازی و دکتۆرای لە زانستە ستراتیژییەکاندا هەیە.
پێشتر سەرۆکایەتی زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانی کردووە.
ژیانی سەربازی و سیاسی
وەحیدی لە ساڵی 1979ـەوە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوپای پاسداران و خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژە لەنێو سوپادا.
ساڵی 1981 وەک جێگری سەرۆکی هەواڵگری دەستنیشانکرا، بەڵام لە ساڵی 1988 بوو بە یەکەم فەرماندەی "فەیلەقی قودس".
لە ساڵی 1997 گواسترایەوە بۆ وەزارەتی بەرگریی و بووە جێگری عەلی شەمخانی بۆ کاروباری پلاندانان و بەرنامەکان.
لە ساڵانی 2009 - 2013، وەک وەزیری بەرگری لە حکومەتەکەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد کاریکرد.
لە ساڵانی 2021 - 2024، پۆستی وەزیری ناوخۆی لە کابینەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی وەرگرت. بەڵام لە ساڵی 2022 بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم.
قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆز
بە وەرگرتنی فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسداران، وەحیدی دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێ و هەستیار لە ژیانی سەربازی خۆیدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزدان، بەتایبەتی دوای کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی.