پێنج وەزارەت بەرامبەر یەک پۆست؛ مامەڵەی سیاسی لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی شیعەوە

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢١ پاش نیوەڕۆ

پێنج وەزارەت بەرامبەر یەک پۆست؛ مامەڵەی سیاسی لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی شیعەوە

پەنجەرە

پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دۆخی ناوخۆیی شیعەی ئاڵۆزکردووە، بەهۆی ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی پۆستەکەی بۆ یەکلایی ناکرێتەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش ڕوویان لە هەڵکشانە.

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە کە چەند ڕۆژێکی خایاند، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی "هومام حەمودی" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی هات. 

بڕیار درا یەکلاکردنەوەی کێشەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە دوابخرێت، هیچ گەرەنتییەک نییە لایەنە شیعەکان ئەمڕۆش بگەنە رێککەوتن، لە کاتێکدا خەریکە وادە دەستوورییەکان تێدەپەڕن و عێراق دەکەوێتە ناو بۆشایی سیاسی و یاساییەوە.

چەقبەستوویی ناوخۆیی لە نێوان دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی شیعەدایە و بۆ سەر دووبەرە دابەشبوون:
* بەرەی یەکەم: بە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی) کە پاڵپشتی کاندیدێکی نزیک لە خۆی دەکات ئەویش "باسم بەدری"یە.

* بەرەی دووەم: نزیکە لە "محەمەد شیاع سودانی" (سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر)، کە پێداگری لەسەر بژاردەی جیاواز دەکات یان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سازانی سیاسییەوە هەژموونی خۆی بەسەر حکومەتی داهاتوودا بپارێزێت.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ناکۆکییەکان دەرفەتی هێنانە پێشەوەی ناویتری بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران هێناوەتە پێشەوە، لەوانە حەیدەر عەبادی، عەدنان زورفی و محەمەد دەڕاجی، ئەمەش بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی، هەرچەندە ئەم ناوانە تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆدەنگی لەناو چوارچێوەکەدا بەدەستبهێنن.

سازان 

لە پشت پەردەوە و لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا، بیرۆکەیەک بۆ سازان سەریهەڵداوە کە بریتییە لە کاندیدکردنی "باسم بەدری" بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، لە بەرامبەر پێدانی پشکێکی گرنگ بە هاوپەیمانی "گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە"ی سودانی لە حکومەتی داهاتوودا، کە پێنج وەزارەت بگرێتەوە، لە نێویاندا جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتێکی سیادی.

ئەم بیرۆکە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەکە بووەتەوە کە پێیانوایە ئەمە هەژموونی گەورە بە سودانی دەدات، لە کاتێکدا لایەنگرانی سودانی ئەمە بە "گەرەنتی بۆ سەقامگیری دەسەڵاتی جێبەجێکردن" دەبینن.

فشار

چەقبەستەوویی دۆخەکە هاوکاتە لەگەڵ چوونە ناو قۆناغێکی هەستیاری وادە دەستوورییەکانەوە. 
نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار، داوای پابەندبوون بەوادە دەستوورییەکانی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە دواکەوتنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بارگرانییەکی سیاسی و دامەزراوەیی بۆ دەوڵەت دروست دەکات.

هەندێک پەرلەمانتاریش هۆشداری دەدەن لە بەردەوامبوونی چەقبەستوویی ، هەڕەشەی پەنا بردن بۆ رێڕەوی یاسایی دەکەن، ئەمەش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی واژۆ و ناردنی نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بۆ دیاریکردنی کاندیدێک. ئەمە گۆڕانکارییەکە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە و ڕەنگە دەرگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەستووری و سیاسی گەورە بکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو