دادگاییکردنی حەجاج تکریتی؛ ناسنامەی چەندین تاوانباری تری ئەنفال ئاشکرا دەبێت

٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٠٨ پاش نیوەڕۆ

دادگاییکردنی حەجاج تکریتی؛ ناسنامەی چەندین تاوانباری تری ئەنفال ئاشکرا دەبێت

پەنجەرە

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، پرۆسەی دادگاییکردنی حەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە حەجاج تکریتی ئەنجام بدات. 

ناوبراو وەک یەکێک لە گەورە تاوانبارانی شاڵاوەکانی ئەنفال دەناسرێت کە لە گرتووخانەی "نوگرە سەلمان"دا دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی بێبەزەییانەی ئەنفالکراوەکان. 

لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە، ئەحمەد مەجید، چالاکوانی بواری ئەنفال، ئاماژەی بەوەکرد کە هەنگاوە یاساییەکان بەرەو ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تاوانبارە لەگەڵ مێژووی ڕەشی خۆیدا دەستیان پێکردووە.

ناوبراو وتی: زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بە فەرمی سکاڵای یاساییان لە دژی حەجاج تۆمارکردووە، ئەمەش قورساییەکی زیاتر دەداتە دۆسیەکە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک  لەو سکاڵاکارانە وەک شاهێدی زیندوو بۆ گێڕانەوەی ئەو تاوانانەی لە نوگرە سەلمان ڕوویانداوە، بانگهێشتی بەردەم دادگا بکرێن. 

وتیشی: حەجاج لە میانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و هاوکات پەردەی لەسەر ناسنامەی چەندین تاوانباری تریش لاداوە کە تێوەگلاون لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەهەندی دۆسیەکە فراوانتر بێت و ڕاستی زیاتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ببێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو