ململانێیەک کە ئایندەی یەکڕیزیی لێڵ دەکات؛ کەرکوک لە نێوان "خوێنی پیس" و "کوڕە جاش"ـدا

٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ

ململانێیەک کە ئایندەی یەکڕیزیی لێڵ دەکات؛ کەرکوک لە نێوان "خوێنی پیس" و "کوڕە جاش"ـدا

پەنجەرە

دوای سەردانێکی ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک بۆ نەخۆشخانە و بەخشینی خوێن بە بریندارانی ڕووداوە هاتووچۆکەی رۆژی یەکشەممە، گرژیی توند کەوتە نێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە شارەکە. 

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ ناوهێنانی، بە توندی هێرشیکردە سەر ئەو هەنگاوەی “ئاسۆ مامەند” و لەژێر ناونیشانی "خوێنت پیسە" نووسیویەتی: بەرپرسێکی "گەندەڵ" خەریکی نواندنێکی ناشرینە و لە جیاتی بەخشینی خوێن، پێویستبوو لەو پارە و سەرانەیەی لە خەڵکیان سەندووە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ساڵ و نیوی ڕابردوودا ٢٠٠ ملیار دینار سەرانە لە خەڵک وەرگیراوە و داواشی لە کەسوکاری قوربانیان کردووە ئەو خوێنە بەکارنەهێنن، چونکە بە وتەی خۆی "خوێنی هەندێک کەس پیسە".

لە بەرامبەردا، پەرلەمانتارانی یەکێتی لە کەرکوک، بە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش لەژێر ناوی "بۆ کوڕە جاشێک"، وەڵامی توندی د. شاخەوان عەبدوڵڵایان داوەتەوە و ڕایانگەیاندووە: "ئاسۆ مامەند پارێزەری کەرکوکییەکان و پێشمەرگەیە و چەندینجار خوێنی بۆ خاک ڕشتووە."

لە وەڵامەکەیاندا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنن، شاخەوان عەبدوڵڵا بە "مشەخۆر" وەسف دەکەن و دەڵێن: "لەسەر دەنگی هاوسەنگەرەکانی بووەتە پەرلەمانتار"، هەروەها "ئاستنزمیی نوێنەرایەتیی ئەو و حزبەکەشیان لە بەغدا، هۆکاری زەلیلبوونیان و شکستی کاندیدەکەیان بووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کە تەنها ١٦ دەنگی بەدەستهێنابوو."

لە کاتێکدا دانیشتووانی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانیان چاویان لە یەکڕیزیی ماڵی کوردە، کەچی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبری یەکدەنگی، دەستیانداوەتە شەڕی راگەیاندن و ناوزڕاندنی یەکتریی.

ئەم ململانێیە کە گەیشتووتە ئاستێکی نزمی شەڕەجنێو، بەڕای چاودێران نەک هەر هیوای پێکەوەکارکردنی لەبار بردووە، بەڵکو سەنگەرە سیاسییەکانی گۆڕیوە بۆ مەیدانی شکاندنی یەکتری، ئەمەش لە جیاتی خزمەتکردن بە داخوازی ڕەوای خەڵکی ئەو ناوچانە، تەنیا درزەکان قووڵتر و داهاتووی یەکڕیزیی نەتەوەیی لێڵتر دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو