"بڕینی شادەمارەکان"؛ گەمارۆ خەریکە ئێران دەخنکێنێت
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین قەیرانە ئابوورییەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە. لەگەڵ توندترکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و داخستنی گەرووی هورمز، چیتر قەیرانەکە تەنیا لە کەمبوونەوەی داهاتدا کورت نابێتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ هەڕەشەیەکی وجودیی لەسەر ژێرخانی پیشەسازی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشکدەخەینە سەر ڕەهەندەکانی ئەم تەنگژەیە و هەوڵەکانی تاران بۆ هەناسەدان لە ڕێگەی کەلێن و ڕێڕەوە جێگرەوەکانەوە.
گرێکوێرە پیشەسازییەکە
بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە لەو گەمارۆیەی ئەمەریکا خستویەتییە سەری بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، تەنیا بڕینی داهات بۆ ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو مردنی تەکنیکیی بیرە نەوتەکانێتی.
ئێران بەوهۆیەی گەمارۆی توندی لەسەرە و ناهێڵرێت نەوتەکەی بفرۆشێت، بۆیە نەوتە بەرهەمهێنراوەکەی بە زۆریی کۆگا دەکات. کێشە ئەوەیە توانای کۆگاکردنی نەوتەکەی چ لە وشکانی و چ لەناو کەشتییەکاندا، گەیشتووەتە ئاستی تێپەڕاندنی هێڵی سوور و تەنیا ١٢ بۆ ٢٢ ڕۆژی ماوە پێش ئەوەی ئێران ناچار بێت بەرهەمهێنان بەتەواوی ڕابگرێت.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنان، واتا داخستنی بیرە نەوتەکان، بەتایبەتییش بیرە نەوتە کۆنەکان (وەک کێڵگەکانی خوزستان). ئەم داخستنە لەڕووی تەکنیکییەوە کارێکی هەروا ئاسان نییە؛ چونکە دەبێتە هۆی دابەزینی پەستان و دزەکردنی ئاوی ژێرزەوی بۆ ناو بیرەکان و داخورانی بۆرییەکان. ئەمەش واتا لێدانی زیانێکی زۆر بەو کێڵگانە و کەمبوونەوەی بەرهەمیان.
ئێستا و بەهۆی گەمارۆکانەوە، ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە. کێشەکە ئەوەیە لەگەڵ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بڕی گازی سروشتیش کە لەگەڵ نەوتەکەدا دەردەچێت، کەم دەبێتەوە؛ کە ئەم گازە سووتەمەنی سەرەکیی وێستگەکانی کارەبایە.
دەرەنجام بەرهەمهێنانی کارەبا کەمدەکات و ئێستاش بە فیعلی لە شوێنێکی وەکو تاران ڕۆژانە هەتا ٦ کاتژمێر کارەبا دەبڕدرێت و کارگە گەورەکانی ئاسن و چیمەنتۆش تووشی ئیفلیجی بوون، ئەمەش بووەتە هۆی بازدانی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
ڕێڕەوە لاوەکییەکان؛ ئەو کەفی سەر ئاوەی خنکاو دەستی بۆ دەبا
ئێران ٩٠٪ـی نەوتی لەڕێگەی دوورگەی خارکەوە هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەمە ڕاگیراوە. وەکو جێگرەوە ئێران ڕێگایەکی ئاوی و چەند ڕێگایەکی وشکانی هەیە.
ڕێگا ئاوییەکە بەندەری (جاسک)ـە لەسەر دەریای عومان کە دوورە لە گەرووی هورمزەوە و بە بۆڕییەکی هەزار کیلۆمەتری نەوتی لە خوزستانەوە بۆ دێت و لەوێدا دەتوانێت باری بکات بۆ کەشتییەکان. بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کام کەشتی دەوێرێت لە ژێر گەمارۆ و چاودێریی ورد و هەڕەشەی بەردەوامی ئەمریکادا لەوێ نەوت باربکات؟
هەرچی هێڵی وشکانیشە، ئەوا هێڵی ئاسنینی چینە. ئێران لەڕێگەی تانکەری بارکراو لەسەر شەمەندەفەر، بە ناو تورکمانستان و کازاخستاندا نەوتەکەی تێدەپەڕێنێت تا دەیگەیەنێتە چین.
هەرچەندە ئەم ڕێگەیە لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە ئارامە و دوورە لە دەستی ئەمەریکا، بەڵام سوودە ئابوورییەکە کەمە؛ چونکە قەبارەی باری شەمەندەفەرێکی تەواو، کەمترە لە ٠.٥٪ـی تەنیا یەک کەشتیی نەوتهەڵگر.
ڕێگەیەکی تر کە ئێران دەیگرێتەبەر، فرۆشتن یان ئاڵوێرکردنی نەوتەکەیەتی بە شمەک لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان، بەڵام ئەمەش تواناکەی زۆر سنووردار و کەمە.
ئەم ستراتیژە سەرکەوتوو دەبێت؟
داتاکان ئەوە پیشاندەدەن، ڕێڕەوە جێگرەوەکان تەنیا توانیویانە کەمترین ئاستی مانەوە مسۆگەر بکەن، بەشێوەیەک هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە نێوان ٢ بۆ ٣ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە هاتووەتە سەر نزیکەی ٥٦٠ هەزار بەرمیل.
هەربۆیە ئەم دۆخە ئێران دەخاتە بەردەم کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ کاتدا؛ بەشێوەیەک یان دەبێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە گەرووەکان بکرێنەوە و لەو پاڵەپەستۆیە ڕزگاریی بێت، یانیش دۆخەکە دەگاتە ساتەوەختی "چەقینی تەواو" کە تێیدا کۆگاکان پڕ دەبن و بیرەکان بێدەنگ دەبن. ئەمەش بێگومان تەقینەوەی ناوخۆیی توندی لێ دەکەوێتەوە.