ئۆتۆمبێلی تۆزوبا و علوج؛ ململانێی یاسا و واقیع لە شەقامەکانی کوردستاندا
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆسیەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کە لە نێوان ناوچەکانی هەرێمدا بە "تۆزوبا، عەلوج و مەلیکە" ناسراون، چیتر تەنها کێشەیەکی هاتووچۆ نییە، بەڵکو بووەتە بابەتێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی.
چیرۆکی ئەم ئۆتۆمبێلانە کە ژمارەیان لە ١٠٠ هەزار دانە تێدەپەڕێت، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆوە بینی کاتێک وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆوە، بە تایبەت لە دەڤەری سۆران، پڕۆسەی تاقیکردنەوەی سەرژمێریکردنی دەستپێکرد. لەو کاتەدا نزیکەی پێنج هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکران، بەڵام بێ ئەوەی ئامانجی کۆتایی ئەو هەنگاوە بۆ خاوەنەکانیان ڕوون بکرێتەوە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گەیشتن بە ساڵی ٢٠٢٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئیدارە سەربەخۆکانەوە هەوڵەکان پەرەی سەند بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە.
ئەوکات هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، پلانی چڕی بۆ نەهێشتنی ئەم ئۆتۆمبێلانە ڕاگەیاند، ئەمەش وایکرد بازاڕی کڕین و فرۆشتنیان تووشی سستییەکی گەورە بێت و چەندین پێشانگا دابخرێن.
لەو قۆناغەدا بازرگانان پێشنیازیان کرد کە حکومەت لەبری قەدەغەکردنی تەواوەتی، پەنا بۆ سیستەمی "ئاڕم" ببات بۆ ئەوەی هەم چاودێری ئەمنی هەبێت و هەم داهات بۆ دەوڵەت بگەڕێتەوە، بەڵام یاسا بەرکارەکان ڕێگەیان بەوە نەدەدا.
هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم سێکتەرە لە ساڵی ٢٠٢٤دا چووە قۆناغێکی جدیترەوە، کاتێک ڕێنماییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە نێوان هەولێر و بەغدا یەکخران. وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە فەرمی ڕایگەیاند کە چیتر ڕێگە بە تۆمارکردنی هیچ ئۆتۆمبێلێکی بڕاوە و بێسەرەتا نادرێت و پشکنینەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی. ئەم بڕیارە وەک کۆتاییەک بۆ سەردەمی "مەلیکە و شاهێنەکان" دەبینرا، بەڵام واقیعی سەر شەقامەکان جیاواز بوو؛ زۆربەی ئەم ئۆتۆمبێلانە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتوو و ناوەندە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێنران، ئەمەش جێبەجێکردنی یاساکەی لە زۆر ناوچە پەکخست.
دواترین وەرچەرخانی ئەم دۆسیەیە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ڕوویدا، کاتێک بە بڕیارێکی سیاسی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕێگرییەکان لەسەر هاتووچۆی ئەم ئۆتۆمبێلانە هەڵگیران.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بەڵێنی پێدانی ئاڕمی بە خاوەنەکانیان دا لە بەرامبەر بڕێک ڕسووماتدا. ئەم هەنگاوە دۆسیەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا و نیشانیدا کە ململانێی نێوان "سەپاندنی یاسا" و "چارەسەرکردنی ئەمری واقیع" هێشتا بەردەوامە، لە کاتێکدا شەقامەکانی کوردستان هێشتا پڕن لەو ئۆتۆمبێلانەی کە نە ناسنامەیان هەیە و نە لەڕووی تەکنیکییەوە شیاوی لێخوڕینن.
ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان؛ کێشەیەکی ئاڵۆز
دیاردەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بە شێوەیەکی نایاسایی، بووەتە یەکێک لە کێشە هەرە قورسەکانی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.
ئەم ئۆتۆمبێلانە کە زۆربەیان بە پارچەپارچەکراوی دەهێنرێن و لێرە دووبارە "لەحیم" دەکرێنەوە، نەک تەنیا لە ڕووی سەلامەتییەوە مەترسیدارن، بەڵکو بارگرانییەکی گەورەی یاساییشیان دروست کردووە.
سێگۆشەی کێشەکە:
* بازرگان و بەرپرسان: لایەنی یەکەم و براوەی سەرەکیی ئەم پرسە ئەو بازرگان و بەرپرسە "پشتئەستوورانەن" کە لەپێناو قازانجی خێرای مادیی، ڕێگەی نایاسایی بۆ هاوردەکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەدۆزنەوە و سوودە داراییەکان دەخەنە گیرفانیانەوە، بێ ئەوەی باکیان بە لێکەوتەکان هەبێت.
*حکومەت و دامەزراوەکان: لایەنی دووەم حکومەتە کە لە نێوان بڕیارە جۆراوجۆرەکان و توانای جێبەجێکردنیاندا دەستەوستان ماوەتەوە؛ هەر جارەو بڕیارێکی نوێ دەردەکات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخەکە و دەستێوەردانەکانەوە، بڕیارەکان وەک پێویست ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
* هاووڵاتی و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان: قوربانیی سەرەکیی ئەم دۆخە ئەو هاووڵاتییانەن کە ئۆتۆمبێلەکانیان کڕیوە؛ ئەوان ئێستا لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەژین و هەمیشە لە ترسی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان و سزادانیانن.
ئەوەی پرسیارەی هەمیشە لە شەقامدا دەکرێت ئەوەیە: ئەگەر ئەم ئۆتۆمبێلانە نایاسایین، بۆچی لە بنەڕەتدا ڕێگە بە بازرگان و بەرپرسەکان دەدرێت هاوردەیان بکەن؟ بۆچی باجی نایاساییبوونی کارەکە تەنیا هاووڵاتیی سادە بیدات، لە کاتێکدا سوودمەندە سەرەکییەکان (بازرگانان و بەرپرسانن) وەک تەماشاکار لە دوورەوە وەستاون؟
ئەم دۆخە وایکردووە کە کێشەی بێسەرەتاکان تەنیا پرسێکی هاتوچۆ نەبێت، بەڵکو ببێتە نیشانەیەک بۆ نایەکسانی لە جێبەجێکردنی یاسا و باڵادەستیی بەرژەوەندییە تایبەتەکان بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا.