ئێرانی دوای خامنەیی؛ گواستنەوەی دەسەڵات لە "ڕابەری باڵا"ەوە بۆ "ژووری فەرماندەکان"

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٢ پاش نیوەڕۆ

ئێرانی دوای خامنەیی؛ گواستنەوەی دەسەڵات لە "ڕابەری باڵا"ەوە بۆ "ژووری فەرماندەکان"

پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کوژرانی رابەری باڵای ئەو وڵاتە، سەرچاوەکان دەڵێن چیتر ئێران خاوەنی تەنها دەسەڵاتدارێک نییە کە هەموو بڕیارەکان لای ئەو دەسەڵاتدارە بن.

لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستاوە لە ساڵی ۱۹۷۹، دەسەڵات لە دەستی ڕابەرێکدا بوو کەبڕیاری کۆتایی لە هەموو پرسە سەرەکییەکان دەدا، بەڵام کوژرانی خامنەیی  وڵاتی خستە ناو سیستمێکی جیاوازەوە کە فەرماندەکانی (سوپای پاسداران) هەژموونیان بەسەریدا هەیە. 

بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی ( ڕۆیتەرز)، ئەم سیستمە نوێیە بە نەبوونی مەرجەعێکی یەکلاکەرەوە و خاوەن دەسەڵات بۆ بڕیاردان دەناسرێتەوە.

هەرچەندە موجتەبا خامنەیی لە لوتکەی سیستمەکەدایە، بەڵام سێ سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە ڕۆڵی ئەو تا ڕادەیەکی زۆر تەنها لە شەرعییەت دان بەو بڕیارانە کورت دەبێتەوە کە فەرماندەکان دەیدەن، نەک ئەوەی خۆی ڕێنمایی دەربکات.

ناوەندی بڕیار 

بەرپرسان و شیکەرەوە ئێرانییەکان دەڵێن فشارەکانی شەڕ وایانکردووە دەسەڵات لە دەست بازنەیەکی تەسکی توندڕەودا چڕ ببنەوە، کە ڕەگیان لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، نووسینگەی ڕێبەر و سوپای پاسداران دایە، ئەوان ئێستا کۆنترۆڵی ستراتیژیی سەربازیی و بڕیارە سیاسییە سەرەکییەکانیان کردووە.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی پاکستان کە ئاگاداری گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە کە ئیسلام ئاباد نێوەندگیری دەکات، وتی: ئێرانییەکان لە وەڵامەکانیاندا زۆر خاو و سستن.

هەروەها وتیشی: پێدەچێت هیچ پێکهاتەیەکی یەکگرتووی سەرکردایەتی بۆ بڕیاردان نەبێت، هەندێکجار ٢ بۆ ٣ ڕۆژیان پێ دەچێت تاوەکو وەڵام دەدەنەوە.

شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەربەستی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن، ململانێ ناوخۆییەکانی تاران نییە، بەڵکو کێشەکە دووری نێوان خواستەکانی ئەمەریکا و سوپای پاسدارانە.

کارەکتەرە سەرەکییەکانی قۆناغی نوێ

* عەباس عراقچی: وەزیری دەرەوە و دەموچاوە دیپلۆماسییەکەی ئێران لە گفتوگۆکاندا.

* محەمەد باقر قالیباف: سەرۆکی پەرلەمان و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، کە وەک کەناڵێکی سەرەکی لە نێوان نوخبە سیاسی، ئەمنی و ئاینییەکاندا دەرکەوتووە.

* ئەحمەد وەحیدی: فەرماندەی سوپای پاسداران کە بەپێی سەرچاوەکان، لەئێستادا بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتەکانی لایە.

دۆخی موجتەبا خامنەیی

موجتەبا خامنەیی تا ئێستا دەرنەکەوتووە، ناوێکی گەورە و جەستەیەکی ونە. سەرچاوەکان دەڵێن بەهۆی کۆتوبەندی ئەمنی و برینی سەخت لە قاچیدا، تەنها لە ڕێگەی یاریدەدەرەکانی لە سوپای پاسداران یان پەیوەندی دەنگیی سنووردارەوە پەیوەندی دەکات.

بنبەستی سیاسی

ڕۆژی دووشەممە، ئێران پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی واشنتۆن کرد کە باس لە گفتوگۆی قۆناغبەندی دەکات؛ بەجۆرێک دۆسیەی ئەتۆمی وەلا بنرێت تا شەڕ کۆتایی دێت. بەڵام واشنتۆن سوورە لەسەر ئەوەی دۆسیەی ئەتۆمی دەبێت لە سەرەتاوە چارەسەر بکرێت.

ئالان ئایر، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی دەڵێت: هیچ لایەکیان نایانەوێت دانوستان بکەن. چونکە هەردوولا پێیانوایە کات لایەنی بەرامبەر لاواز دەکات؛ ئێران لە ڕێگەی کارتی فشاری گەرووی هورمز و واشنتۆنیش لە ڕێگەی گەمارۆی دەریایی ئابوورییەوە. 

ئایر دەشڵێت: سوپای پاسداران نایەوێت لەم کاتەدا هیچ نەرمییەک بنوێنێت تاوەکو “لاواز" دەرنەکەوێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو