ئاستەنگ لەبەردەم سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ هەولێر دروست دەبێت

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٣ پاش نیوەڕۆ

ئاستەنگ لەبەردەم سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ هەولێر دروست دەبێت

پەنجەرە

سەرەڕای هەبوونی دەنگۆی سەردانی عەلی زەیدی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ شاری هەولێر، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستی کەوتوون، کۆمەڵێک ڕێگری و ئاستەنگ لەبەردەم ئەو سەردانەدا دروست بووە و هێشتا چارەنووسی گەشتەکە ناڕوونە.

سەرچاوەیەک لە بەغداوە بۆ پەنجەرە ئاشکرایکرد کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دژایەتی ئەو سەردانە دەکەن. پاساوی سەرەکی ئەوان بۆ ڕێگرییەکە ئەوەیە بەرپرسانی بەسرە و پارێزگاکانی تری عێراق بۆ گفتوگۆکان خۆیان سەردانی بەغدا دەکەن، بۆیە پێویست ناکات کاندیدی سەرۆکوەزیران خۆی بچێتە
هەولێر.

ئەم ئاستەنگانە لە کاتێکدایە کە دوای ڕاسپاردنی عەلی زەیدی، بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی پیرۆزباییان لێکردبوو. بەڵام وەک دەردەکەوێت، ململانێ سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر وردەکاریی دانوستانەکان دروست کردووە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە سەردانی شاندەکان بۆ هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە؛ پێشتریش بڕیاربوو وەفدێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێر بکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کشانەوەی پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدا، بەڵام بەهۆی قوڵیی ناکۆکییەکانەوە ئەو هەوڵە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا.

تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا زەیدی دەتوانێت ئەو فشارانەی بەغدا تێپەڕێنێت و لە هەولێرەوە متمانەی پارتی بۆ حکومەتەکەی مسۆگەر بکات، یان گفتوگۆکان لە بەغداوە بە بنبەست دەگەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو