"ئەگەر پارتی لە بەغدا نەبێت، پڕۆسەی سیاسی ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە"

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٦ پاش نیوەڕۆ

"ئەگەر پارتی لە بەغدا نەبێت، پڕۆسەی سیاسی ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە"

پەنجەرە

شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند، پارتی بەهۆی پێگە و قورساییی خۆیەوە، فاکتەرێکی سەرەکییە لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بە شێوەیەک "هیچ پرسێک بەبێ پارتی لەهەرێم ناچێتە سەر."

ئەو پەرلەمانتارە پێشووی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش "ژمارەیەکی قورسە". وتیشی: "ئەم قورسایییە لە چەند لایەنێکەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانە: ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، قەبارەی حزبەکە و سیمبولییەتی جەنابی کاک مەسعود بارزانی."

شوان محەمەد رۆستەم هۆشداریدا کە دروستبوونی هەر کێشەیەک لە نێوان پارتی و بەغدا، یان نەبوونی حزوری جدیی پارتی لە حکومەتدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی "کەلێنێکی گەورە" لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. راشیگەیاند: "بۆ پاراستنی باڵانس و هاوسەنگیی هێز، پێویستە پارتی لە بەغدا ئامادەیی هەبێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە کرد و وتی: "تەنانەت ئەمریکاش کاتێک پیرۆزبایی لە (عەلی زەیدی) دەکات، جەخت لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە فاکتەری سەرەکی بۆ سەرکەوتنی هەر حکومەتێک لە عێراق، بریتییە لە "ڕاگرتنی هاوسەنگی و مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ هەرێمی کوردستان."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو