وتەبێژی PAK بۆ پەنجەرە: ئێران دەیەوێت لایەنە کوردییەکان بکاتە "حزبی کۆمپیوتەری" و قەوارەی هەرێم تێکبدات
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (PAK) ئاشکرایدەکات، هێرشە بەردەوامەکانی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئەندامانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات دروست کردووە و ئێران ئامانجیەتی کۆتایی بە چالاکیی مەیدانیی ئەو حزبانە بهێنێت.
چۆڵکردنی کەمپەکان
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "پەنجەرە" ڕایگەیاند: "بەهۆی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێرانەوە، حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات ناچار بوون کەمپ و ئۆردوگاکانیان چۆڵ بکەن.
وتیشی: هێرشەکان ئیرادەی حزبە کوردییەکان و هێزەکانمان ناشکێنن.
پلانی ئێران بۆ "حزبی کۆمپیوتەری"
نادری ئاماژەی بەوە کرد کە تاران ستراتیژیەتێکی درێژخایەنی بۆ لاوازکردنی لایەنە کوردییەکان هەیە و وتی: "ئێران لە خەیاڵیدایە حزبە کوردییەکان بەتەواوی هەڵبوەشێنەوە و تەنها وەک ناوێکی ئینتەرنێتی و کۆمپیوتەری بمێننەوە، یان پلانەکەی بەو ئاراستەیەیە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربکرێین."
هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان
وتەبێژی PAK جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشەکانی ئێران تەنها بۆ سەر ئەوان نییە، بەڵکو ئامانجێکی گەورەتری هەیە و وتی: "ئەگەر ئێران نەڕووخێت، مەترسییە بۆ سەر هەموو کورد.
ئامارەکان دەریدەخەن ئەگەر تاران ۲۰۰ درۆنی ئاراستەی ئێمە کردبێت، ئەوا ٦٠٠ درۆنی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە ئەو وڵاتە بە بنەڕەت دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە."
بیانووی هێرشەکان
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، خەلیل نادری ڕەخنەی لە بەردەوامیی هێرشەکان گرت و ئاماژەی بەوە دا کە هیچ هۆکارێکی سەربازی بۆ ئەو پەلامارانە نییە، چونکە "هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات نەگەڕاوەتەوە بۆ شەڕ و لە کەمپەکان دەرنەچووە، کەچی ئێران هەر بەردەوامە لە هێرشەکانی، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە کێشەی ئەو تەنها دژایەتیکردنی کوردە."