حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پەیامێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی واشنتۆن دەکەن
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەنجەرە کەوتوون، لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیازن نامەیەک ئاراستەی ئەمریکا بکەن، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران لەژێر سایەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا.
دەیانەوێت لە نامەکەدا ئەوە روونبکەنەوە واشنتۆن هەمیشە کورد وەک "دۆست و هاوپەیمان" ناودەبات، بەڵام لە ئێستادا کە پرۆسەی ئاگربەست لە ناوچەکەدا (بە تایبەت لە بەرەی لوبنان) جێبەجێ دەکرێت، سوپای پاسدارانی ئێران نەک هێرشەکانی ڕانەگرتووە، بەڵکو بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی لایەنە کوردییەکان.
سەرچاوەیەک لە حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پرسی کورد دۆسیەیەکی جیاوازە لەو ململانێ و شەڕانەی ئێستا لە ناوچەکەدا لە ئارادان، بەڵام جێگەی سەرنجە کە لەسەر داوای تاران، ئاگربەست لوبنانی گرتووەتەوە، کەچی خودی ئێران پابەندی هیچ پرۆسەیەکی هێورکردنەوە نییە بەرامبەر بە کورد و بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەکانی.
ئەم جوڵە سیاسییەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لەکاتێکدایە، کە فشارە هەرێمییەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە و دەیانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو مەترسییانە ئاگادار بکەنەوە.