لە وشکانییەوە بۆ دەریا؛ کێشەی کۆگاکردنی نەوت بەرۆکی تارانی گرتووە
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، نەوتی ئێران ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی بێوێنە بووەتەوە؛ داخستنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن و سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی پڕبوونەوەی خێرای کۆگاکانی نەوتی ئەو وڵاتە.
توندکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر هەناردەی نەوت، لەگەڵ پەککەوتنی جووڵەی بەندەرەکان، نەک تەنها توانای ناردنە دەوەی نەوتی کەمکردووەتەوە، بەڵکو گرفتی گەورەی بۆ بەرهەمێنانی نەوتیش دروستکردووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی ڕێگرتن لە گەیاندنی نەوت بە کڕیارانی، ئێران ناچار بووە بەشێک لە نەوتەکەی لەناو کۆگاکاندا هەڵبگرێت.
هەناردەکردن
حەمید حوسێنی، وتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران هەوڵ دەدات لەڕێگەی هێڵی ئاسنەوە نەوت بۆ چین بگوازێتەوە. لەکاتێدا زۆربەی هەناردەکاران خۆیان لە گواستنەوەی نەوت بە شەمەندەفەر بەدوور دەگرن، چونکە ئەم ڕێگەیە بەراورد بە گواستنەوەی دەریایی، قازانجی زۆر کەمترە.
لەو بارەیەوە، میعاد مەلەکی، کە ساڵانێک لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی سزاکانی ئێران کاریکردووە، دەڵێت: "ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئێران نزیک بووەتەوە لە پڕبوونی تەواوەتی کۆگاکانی."
بە وتەی ئەو، پەنابردن بۆ گواستنەوە بە هێڵی ئاسن یان بەکارهێنانی تانکەرە کۆنەکان وەک کۆگای سەرئاوکەوتوو، تەنها چارەسەری کاتی و بێ ئەنجامن.
کێشە تەکنیکییەکان
مەلەکی ئاماژە بەوە دەکات کە هەناردەی نەوت بە هێڵی ئاسن لە ڕووی ژێرخانەوە کردەیی نییە، چونکە تەنها دوو هێڵی ئاسن بۆ چین هەن کە پێشتر بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بەکارنەهاتوون، هەروەها کەلوپەل و توانای پێویستیان بۆ گواستنەوەی بڕی گەورەی نەوت نییە.
سەبارەت بە کۆگاکردنی سەرئاوکەوتووش، بژاردەکان سنووردارن؛ بۆ نموونە بەکارهێنانی تانکەرە کۆنەکانی وەک "ناشا" کە تەمەنی ٣٠ ساڵە و لەکارکەوتووە، تەنها دەتوانێت ٤٨ کاتژمێر کاتی زیادە دابین بکات.
نزیکبوونەوە لە خاڵی کۆتایی
لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە وێستگە سەرەکییەکان وەک "جاسک" تا ٢٥ی ئەم مانگە (نیسان) گەیشتوونەتە ئەوپەڕی توانای خۆیان. لە ئێستادا هەندێک تانکەر لە نزیک دوورگەی خارگ لەنگەریان گرتووە تا وەک کۆگای کاتی بەکاربهێنرێن.
مەلەکی جەخت دەکاتەوە کە بارودۆخی ئێستا بە تەواوی جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشووی سزاکان (وەک ساڵی ٢٠٢٠). لەو کاتەدا ٨٥٪ی توانای کۆگاکردن بەکارھاتبوو و نزیکەی ١٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە دەریا کۆگا کرابوو، بەڵام ئێران لەژێر گەمارۆی دەریاییدا نەبوو.
ئێستا دۆخەکە جیاوازە، تانکەرەکانی ئێران و تەنانەت ئەوانەی بە "کەشتیگەلی سێبەر" ناسراون پڕ بوون، کە تواناکەیان دەگاتە ١٦٦ ملیۆن بەرمیل، ئەمەش فشارەکانی سەر سیستەمی کۆگاکردنی دوو هێندە کردووە.
لە کۆتاییدا، ئەم هەنگاوانەی ئێران، لە بەکارهێنانی تانکی کۆنەوە تا هێڵی ئاسن ، نیشانەی ستراتیژییەکی ڕوون نین، بەڵکو ئاماژەن بۆ بە بنبەست گەیشتنی دۆخەکە.
لەژێر ئەم بارودۆخەدا، بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان بەبێ توانای هەناردەکردن، ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان یان سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ، لە کاتێکدا کە نیشانەکانی قەیرانی کەمیی بەنزینیش خەریکە دەردەکەون.