لێدانی "شادەمارەکان"؛ ڕەهەندە سەربازییەکانی پشت هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کرماشان
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناوچەکانی تەبرێز و کرماشان لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی دەستپێکردنی شەڕ لە رۆژی ٢٨ ی شوبات کەوتنەبەر هێرشی چڕی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، خەڵکی ئەو ناوچانە بەدەنگی بەرز و سامناکی تەقینەوەکان بە ئاگا هاتن.
دەستپێکی هێرشەکان بۆ سەر تەبرێز و ئەسفەهان سەرنجی ليکۆڵەرەوانی راکێشا، بۆچی دەستپێکی گورزەکان لەم شارانە وەشێنران کە تاڕادەیەک دوورن لە پایتەختەوە؟
گرنگیی جوگرافیی باکووری رۆژئاوا
باکووری رۆژئاوای ئێران مەترسیدارترین جومگەی جوگرافیای وڵاتەکەیە، چونکە ئەم ناوچە ستراتیژییە هاوسنوورە لەگەڵ هەر یەک لە تورکیا، عێراق، ئەرمینیا و ئازەربایجان. تەورێز نزیکەی ٦٠٠ کم لە "ئیسرائیل"ەوە دوورە، ئەگەر رێڕەوی فڕین بە ئاسمانی تورکیا یان ئەرمینیادا تێپەڕ ببێت.
کرماشان نزیک سنووری عێراق و باڵا دەستە بە سەر رێگای نێوان بەغدا و تاران. بۆیە دۆڵە قووڵەکان و رێڕەوەکانی سەر زنجیرە چیاکانی زاگرۆس زەمینەخۆشکەرن تا سەکۆ موشەکییەکان و رادارەکان لە ژێر زەوی یان لەناو ئەشکەوتەکاندا بشاردرێنەوە.
لە نزیک تەبرێزیش، بەرزاییەکانی ئازەربایجان کە دەڕواننە سەر دەشتاییەکانی ئەنادۆڵ و قەوقاز، ئاسانکاری بۆ جێگیرکردنی رادار و سیستمەکانی چاودێری بە ئاراستەی تورکیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکەن.
ئەم تایبەتمەندییانە هۆکاری جێگیرکردنی تۆڕێکی گەورەی بەرگری ئاسمانی لەو ناوچانە روون دەکەنەوە کە چۆن ئەو ناوچانە کراونەتە قوڵایی بەرگریی، بەتایبەت بەرەی پێشەوە پێشوەخت دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەڕەشەکان ئاگادار دەکاتەوە.
کرماشان
کرماشان بۆ ئێران قورساییەکی سەربازیی گرنگی هەیە، بەتایبەت "یەکەم بنکەی شەڕکەر"ی فڕۆکەوانی سوپای ئێرانی تێدایە، کە لە فڕۆکەخانەی "ئەشرەفی ئەسفەهانی" جێگیرە.
ئەم بنکەیە هێلیکۆپتەری هێرشبەری لە جۆری "کۆبرا" و فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی تێدایە، رۆڵێکی سەرەکی لە پاڵپشتی ئاسمانی خێرا، دژە زرێپۆش و پاراستنی سنوورەکانی رۆژئاوای هاوسنوور لەگەڵ عێراق دەگێڕێت، بەتایبەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر چوونەناوەوەیەکی زەمینی لە عێراقەوە.
تۆپۆگرافیای شاخاویی کرماشان میراتێکی موشەکیی ستراتیژیی حەشارداوە کە لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراقەوە بونیاتنراوە.
وێنەو کواڵێتی بەرزی هەبوونی دامەزراوەی موشەکی بالیستی و تونێلی کۆگاکردنی هەڵکۆڵراو لەناو دۆڵە قووڵەکانی پارێزگاکەدا پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەم پێگەو حەشارگانە راستەوخۆ لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی توانای هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و رێگرتن لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان، بەتایبەت هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو یان بە ئاراستەی ئیسرائیل.
لە کاتی هێرشەکاندا، سەرچاوە ئێرانییەکان رایانگەیاند کە تەقینەوەکانی کرماشان دەرئەنجامی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازیی و کۆگا موشەکییەکان بوون.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کرماشان تەنها بنکەی هێلیکۆپتەر نییە، بەڵکو پێگەیەکیشە بۆ هاویشتنی موشەک و کۆگای پڕ لە تەقەمەنیشی تێدا شاردراوەتەوە.
هەروەها دەروازەکیشە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بە رێگای (خانەقین – کرماشان – هەمەدان) بۆ سوریا (لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد) و عێراق بەکاردێت.
تەبرێز
ئەم شارە یەکێک لە گرنگترین بنکە ئاسمانییەکانی ئێرانی تێدایە کە بە "بنکەی دووەمی ئاسمانی تەبرێز" (TAB-2) دەناسرێت.
میدیا سەربازییەکانی وەک ماڵپەڕی شیکاری بەرگریی IDRW و The Aviationistی تایبەتمەند بە فڕۆکەوانی سەربازی باس لەوە دەکەن کە بنکەکە سێ پۆلە فڕۆکەی شەڕکەری تێدایە (٢١، ٢٢ و ٢٣) ، کە فڕۆکەکانی MiG-29 و F-5E/F لەخۆدەگرن و ئەرکیان بەرگریی کردنە لە ئاسمانی باکووری رۆژئاوای وڵات.
هەروەها راپۆرتێکی ماڵپەڕی IDRW روونی دەکاتەوە کە گورزە ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠٢٥، حەشارگەکان و رێڕەوەکانی بەستنەوەی نێوان حەشارگە و مەیدانی فڕینی خاپور کرد، ئەمەش توانای فڕۆکەکانی بۆ هەستان پەکخست.
وتارێکی دیکە لە The Aviationist دەڵێت ئامانجی شەپۆلی یەکەمی گورزە ئاسمانییەکان پەکخستنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران بووە و بنکەی تەورێز وەک چەقی ئەم هێرشە هەژمار کراوە.
سەرچاوە عیبرییەکان تێکشکاندنی ئەم بنکەیەیان لە هێرشەکەی ئەم دواییەدا پشتڕاست کردەوە، بەجۆرێک ماڵپەڕی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" بڵاویکردەوە، هێرشەکەی سەر تەبرێز بووە هۆی تەقینەوەی دامەزراوەکانی بنکەکە، لە کاتێکدا کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل روونیکردەوە سوپا "تێکشکاندنی" بنکەی تەبرێزی راگەیاندووە لەگەڵ بە ئامانجگرتنی دەیان خاڵی بەرگری ئاسمانی.
گرنگیی ستراتیژیی بنکەکە تەنها لە فڕۆکەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو نزیکە لە سنوورەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئەمەش رێگە دەدات فڕۆکەخانەکەی وەک چەقێک بۆ دەستپێکردنی هێرش بەرەو قەوقاز و ئەنادۆڵ بەکاربهێنرێت. لەوێوە فڕۆکە شەڕکەرەکان دەتوانن بەرپەرچی هەر هێرشێک بدەنەوە کە لە رۆژئاوا یان باکوورەوە بێت.
پێشبینی دەکرێت تەبرێز کۆگای موشەکی مەودا کورت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدابێت، کە ئەمەش لە راپۆرتەکەی پەیمانگای "ئەلما"دا هاتووە کاتێک شوێنەکانی هاویشتنی موشەکە تێکشکێنراوەکانی لە شارەکەدا خستووەتەڕوو
بۆیە زووم خستنە سەر باکووری رۆژئاوا لەسەرەتای هێرشەکاندا، ئامانج لێی پێکانی "شا دەمارەکان"ی سیستمی بەرگریی و دروستکردنی سەرلێشێواوی سەربازیی و دواخستنی چالاککردنی بەرگرییەکان بووە.