کۆتوبەندی تەوافق و ئاستەنگی میلیشیا؛ زەیدی چۆن ڕووبەڕووی میراتی سیاسی عێراق دەبێتەوە؟
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق میراتی سیاسی ئەو دەسەڵاتەیە کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، بە ئەیاد عەلاوی دەستیپێکرد و ئێستا زەیدی دەبێتە جێگرەوەی، بەڵام ئەو ئاڵەنگارییانەی بۆ سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو تێنەپەڕێنران، پێناچێت زەیدیش دەربازیی ببێت لێیان.
هەرچەندە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی سەردەمی زەیدی بە سەردەمێکی نوێ دەبینن، بەوپێیەی ناوبراو دوور بووە لە هێزە نەریتییە دەسەڵاتدارەکان، بەڵام بەشێکیتر پێیانوایە پێگەیشتووی ژێر چەتری ئەوانە.
هەمان ئەو هێزانەی پێشتر حوکمڕانی عێراق بوون بەناچاریی و بەتەوافقی سیاسی زەیدییان کاندید کردووە، بۆیە پێناچێت ناوبراو توانای دەربازبوونی لە کۆت و بەندەکان هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی گۆڕانکاریی رێژەیی دەوەستێتەوە سەر توانای کرداری زەیدی.
پشتگیری هێزە سیاسییەکان
زەیدی لەلایەن هێزە سیاسییە کاریگەرەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقەوە کاندید کراوە، بەڵام ئەم پشتگیرییانە هەموو ساتێک ئەگەری گۆڕانییان بۆ پێکدادان هەیە، ئەگەر ناوبراو لەو چوارچێوەیە دەربچێت کە بۆی دیاری دەکرێت.
هەرچەندە زەیدی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە کاندید کراوە، بەڵام بەرپرسانی پێکهاتەی کورد و سونەش پیرۆزباییان لێکردووە و پشتگیری خۆیان بۆ دەربڕیووە.
عەلی ئەحمەد، ئەندامی هاوپەیمانی تەقەدوم، کە هاوپەیمانێتییەکەی پێشتر دژایەتی خۆی بۆ کاندیدکردنی مالیکی دەربڕی، رایگەیاند: زەیدی سیفەتی "نا تائیفی" بوونی تێدایە و توانای بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی هەیە.
چارەسەرکردنی دۆسیە بنەڕەتییەکانی وەک: بەدیهێنانی هاوسەنگی سیاسی، چارەسەری دۆسیەی ئاوارەکان، گەڕاندنەوەی دانیشتووانی ناوچەکانی عۆجە و جورفولسەخر داواکاریی هێزە سونەکانە لە زەیدی.
پشتگیریی سونەکان بۆ زەیدی مەرجی پێوە بەستراوە، هەروەک چۆن کوردیش چاوەڕوانی ئەوە لەناوبراو دەکات پەیوەندی ئاڵۆزیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بکاتەوە و هەنگاو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بنێت.
ئەگەر خواست و داواکاریی کورد و سونە لە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشەی هەڵواسراودا کورت بووبێتەوە، ئەوا ئاستی پشتگیری لایەنە شیعەکان گرێدراوە بە بەرژوەندییە گەورە ئابووریی و سیاسییەکانیانەوە.
کێشەی میلیشیا شیعەکان
میلیشیا شیعەکان کە یاریچی سەرئێشە دروستکەر و سەرەکی سەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی عێراقن، رۆڵی ئەم گروپانە شۆڕ بووەتەوە بۆ بواری ئەمنی و سیاسی و ئابووریی.
کازم حەبیب، وتەبێژی کەتائیبی سەیدولشوهەدا ڕایگەیاند: "سەرۆکایەتی وەزیران لە عێراق ئیستحقاقێکی دەستوورییە و نوێنەرایەتی پێکهاتەی شیعە دەکات."
میلیشیا شیعەکان بەرچەندە بانگەشەی پاراستنی سەروەری عێراق دەکەن، بەڵام خۆیان بوونەتە مایەی دروستکردنی سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق و جوڵە سەربازییەکانیان بەستراوەتەوە بە دۆخی ئێرانەوە.
میلیشیاکان کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم و وڵاتانی دەوروبەر بەکار دەهێنن، هەرچەندە چەک و بودجە و موچە لە عێراق وەردەگرن، بەڵام رێنمایی ئێران جێبەجێ دەکەن و هەمەش عێراقی دووچاری گرفت کردووە.
ئەگەرچی ئەمەریکا چاوی لە هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی میلیشیاکان، بەڵام گوتارەکانیان بەو ئاراستەیەن کە ئەوان ئاراستەکەری دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراقن.