وردەکاریی گفتوگۆی لیژنەیەک لەگەڵ شێروان شێروانی لەنێو زینداندا
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مانگرتنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەنێو زینداندا پێدەنێتە نۆهەمین ڕۆژەوە و بەهۆی بەردەوامی لە مانگرتنەکە، دۆخی تەندروستی بەرەو خراپی چووە.
بەرزان شێروانی، برای ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "دۆخی تەندروستی شێروان ناجێگیرە و دووچاری ژانەسەرێکی زۆر و دابەزینی فشاری خوێن بووە، بەڵام سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی، وەرگرتنی هەر جۆرە چارەسەرێکی پزیشکی ڕەتکردووەتەوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەنجەرە کەوتوون، لیژنەیەک سەردانی شێروان شێروانییان کردووە و لەبارەی داواکارییەکانیەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا کردووە. داواکارییەکانی شێروانی بریتین لە:
پێدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ سەردانیکردنی ماڵەوە و گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی سلێمانی.
لیژنەکە بیانووی پێنەدانی مۆڵەتی سەردانیکردنی ماڵەوەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "مەترسی لەسەر ژیانی هەیە" لەدەرەوەی زیندان، بەڵام شێروانی ئەم پاساوەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی نییە و ئەمە تەنها بیانوویەکە بۆ بێبەشکردنی لە مافە یاساییەکانی.