دەستەی مافی مرۆڤ: ڕۆژنامەنوس جوتیار ڕەسوڵ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی دوو ڕۆژە سۆراغی نییە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: ڕۆژنامەنووس جوتیار ڕەسوڵ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕێکەوتی (٢٨ـی نیسانی ٢٠٢٦)، لەکاتی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەنووسی لە دەڤەری ڕاپەڕین دیار نەماوە و پاشان مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە.
دەشڵێت: "دەرکەوتووە کە ناوبراو لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەستگیر کراوە، هەروەها خێزانەکەی لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئاگادار کراونەتەوە."
جوتیار ڕەسوڵ، دانیشتووی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینە و پەیامنێری دیجیتاڵ میدیایەکە بەناوی (پایتەخت) لەو سنوورەدا.