ئابووریی ئێران لە نێوان گەمارۆ و خۆڕاگریدا؛ ئایا تاران دەتوانێت بەرگەی یاریی "فشارە بەهێزە ئابوورییەکان" بگرێت؟

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٠١ پاش نیوەڕۆ

ئابووریی ئێران لە نێوان گەمارۆ و خۆڕاگریدا؛ ئایا تاران دەتوانێت بەرگەی یاریی "فشارە بەهێزە ئابوورییەکان" بگرێت؟

پەنجەرە 

هاوکات لەگەڵ رێگرتن لە هەناردەکردنی نەوت و ئەو زیانە گەورانەی بەر ژێرخان و کەرتی پیشەسازی ئێران کەوتوون، بەڵام ئێران بەردەوامە لە ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا و کۆگا ناوخۆییەکانی بەتاڵ نەبوون.

دۆناڵد ترەمپ گرەو لەسەر کات و ملکەچکردنی ئێران دەکات لە رێگەی گەمارۆی دەریاییەوە، بەڵام وا دیارە ئەم ئامانجە بەخێرایی بەدی نایەت و چاوەڕوانییەکەی درێژە دەکێشێت، لەکاتێکدا بازاڕی جیهانی وزە لە دۆخێکئ خراپدایە و هەڵبژاردنی کۆنگرێسیش نزیکە.

ئابووریی و ئاڵەنگاریی 

سەنام وەکیل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری "چاتام هاوس" لە لەندەن، سەبارەت بە دۆخی ئێران دەڵێت: "پێموایە سەرکردەکانی ئێران وا دایانناوە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لەوەی ئابووریناسان و بڕیار بەدەستانی ڕۆژئاوا چاوەڕێی دەکەن، بەرگەی فشارەکان بگرن." 

ئاماژەی بەوەشکرد دەسەڵاتدارە ئایینییەکان و سوپای پاسداران، فشارەکان وەکو هەڕەشە لەسەر بوونی کۆماری ئیسلامی دەیبینن، بۆیە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وڵاتدا دەسەپێنن تا بگەنە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ واشنتۆن.

ناوبراو وتیشی: تاران جارێکی تر گەڕاوەتەوە بۆ پەیڕەوکردنی "ئابووریی خۆڕاگریی" کە بنەماکەی لەسەر  بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان و بازرگانیی سنووریی وشکانی داڕێژراوە.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بارودۆخی ئابووریی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرپرسانی ئێران لە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان دەترسن و هۆشدارییان داوە کە وڵاتەکە بەرەو کارەسات دەچێت ئەگەر سزاکان هەڵنەگیرێن.

 فشار و دۆخی بازاڕ

سەنام وەکیل پێشبینی دەکات کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران (GDP) بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەیەکی زۆر پاشەکشە بکات. تمەنی ئێرانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا %70ی بەهاکەی لەدەستداوە، ئەوەش هەڵاوسانی زیاتر کردووە. 
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تمەن %15ی تری بەهاکەی لەدەستداوە، بەڵام دوای سەقامگیر بوونەوەی دۆخەکە، هێشتا نزیکە لە ئاستی پێش جەنگ.

هێشتا ئاماژەی کەم بۆ گوشاری دارایی خێرا دەبینرێن؛ دەسەڵاتداران ڕێگرییان لە ڕاکێشانی پارە لە بانکەکان نەکردووە، بەشەخۆراک و سووتەمەنییان دیاری نەکردووە و مووچەی فەرمانبەرانیش دوانەکەوتووە، لەکاتێکدا هەندێک راپۆرتی تر پێچەوانەی ئەم زانیارییانە پشتڕاست دەکەنەوە.

دەربازبوون لە سزاکان 

سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی ناوەندیی ئێران بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکە یەدەگێکی زۆری زێڕی هەیە کە لە کاتی پێویستدا بەکاری دەهێنێت. دەڵێت تاران چەندین دەیە ئەزموونی هەیە، دەزانێت چۆن کاڵا هاوردە بکات تەنانەت ئەگەر تێچوویەکی زیاتریشی بوێت.

ئیان باهنۆ، گەورە شرۆڤەکاری کاڵا کشتوکاڵییەکان دەڵێت: "ئێران گەورەترین هاوردەکاری خۆراکە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا کەمترین زیانی بەرکەوتووە لە ڕووی ئاسایشی خۆراکەوە." 

ئاماژەی بەوەشکرد کە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ باشتر دەبێت، ئەمەش وا دەکات پێویستییان بە هاوردەکردنی گەنم کەمتر بێت و خواست لەسەر دراوی بیانی کەم ببێتەوە. 
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا تا ئێستا زیاتر سەرنجی لەسەر بەندەرەکانی کەنداو و تانکەرە نەوتییەکان بووە و بەندەری "چابەهار"ی نەگرتووەتەوە.

بەرپرسان لە تورکیا، عێراق و پاکستان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی دابەزینی بازرگانیی سنووری لەگەڵ ئێراندا نابینرێت. داتاکانی ڕووسیاش نیشانی دەدەن کە مۆسکۆ لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە بازرگانیی خۆیی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کردووە و بڕێکی زۆر گەنم و جۆ و گەنمەشامیی بۆ ڕەوانە کردووە.

فشارە ئابوورییە توندەکان

محەمەد جەواد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی ئێران، لە مانگی یەکدا ڕایگەیاند ئێران هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی زیاتر کردووە بۆ ئەوەی کۆگاکانی بەشی شەش مانگ پڕ بکات. 

دوای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، بانکی ناوەندی پاکێجێکی پاڵپشتیی پێشکەش کرد کە تێیدا لێخۆشبوون بۆ سزای دواکەوتنی قەرزە بچووکەکان و زیادکردنی ڕێژەی ڕاکێشانی پارەی لە بانکەکان تێدا بوو.

 سەرەڕای ئەمانە، تاران بەدەست کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەرزبوونەوەی نرخەکان، کێشەی دابینکردن و پچڕانی ئینتەرنێت بووەتە هۆی زیادبوونی بێکاریی. 
دەسەڵاتداران لە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی دەترسن؛ بەو پێیەی خۆپیشاندانەکانی مانگی یەک بە کوژرانی هەزاران کەس کۆتایی هات کە خوێناویترین ڕووداوی چەند دەیەی ڕابردوو بوو.

سەنام وەکیل دەڵێت ئێران بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەساتی ئابووریی، پێویستی بەوەیە لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن، بڕگەیەکی تایبەت بە سووککردنی سزاکانی تێدا جێگیر بکات، تا بتوانێت دەستی بە داراییە بلۆککراوەکانی لە جیهاندا بگات و هەناردەی نەوت و بازرگانیی ئاسایی خۆی دەست پێ بکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو