سەروەریی لە بەردەم بایکۆتدا؛ پەیوەندییە ساردەکانی پارتی و سەرۆک کۆمار بەکوێ دەگات؟
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆسیەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پەیوەندییەکانی هەردوولا هێشتا بە پچڕاوی ماوەتەوە. لە کاتێکدا پارتی بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە وەک سەرۆک کۆمار مامەڵە لەگەڵ نزار ئامێدی ناکات، ناوبراو لە کۆشکی "سەلام" لە بەغداوە بەردەوامە لە ڕاییکردنی ئەرکەکانی.
دووبارەبوونەوەی سیناریۆی بەرهەم ساڵح
ئەم هەڵوێستەی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان، بیرخەرەوەی ئەو ساردوسڕییە سیاسییە توندەیە کە بەرامبەر د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق پەیڕەوکرا، کاتێک بەبێ ڕەزامەندی ئەو حزبە پۆستەکەی وەرگرت و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ سەردانی هەولێری نەکرد، تا ئەو کاتەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی ئاساییکردەوە.
لە ئێستاشدا، کشانەوەی نوێنەرانی پارتی لە بەغداد وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، وایکردووە سەرۆک کۆمار بۆ خۆدوورگرتن لە "ئیحراجی سیاسی" سەردانی هەولێر نەکات؛ چونکە ئەگەرچی هیچ ڕێگرییەکی فەرمی نییە، بەڵام نەبوونی پێشوازیی لەسەر ئاستی باڵا، پێگەی پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لێکەوتە یاسایی و دەستوورییەکان
سەبارەت بەم دۆخە، د. ڕێبوار محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "سەرۆک کۆمار بەپێی دەستوور، سەرۆکی هەموو عێراقە و مافی خۆیەتی لە تەواوی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستاندا پیادەی دەسەڵاتەکانی بکات. هەر جۆرە رێگرییەک یان ساردوسڕیەک لە پێشوازیکردنی، بە واتای بێڕێزیکردن بە شکۆی دەسەڵاتە گشتییەکانی عێراق و پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەت دادەنرێت کە سەرۆک کۆمار گوزارشتی لێدەکات."
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە رەفتارانە لێکەوتەی سزایی قورسی لێدەکەوێتەوە و وتی: "پێشوازی نەکردن لە سەرۆک کۆمار، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی وەک 'تاوان' پۆلێن کراوە و بکەرانی ڕووبەڕووی سزای زیندانی دەبنەوە کە دەگاتە ٧ ساڵ."
ئەرکی دامەزراوەکانی هەرێم
د. ڕێبوار جەختیکردەوە کە لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق، پێویستە سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان بەپێی پرۆتۆکۆڵە دەستوورییەکان بە شکۆوە پێشوازی لە سەرۆک کۆمار بکەن. هەر لادانێک لەم ئەرکە، نەک هەر پێشێلکارییەکی دەستوورییە، بەڵکو دەچێتە خانەی تاوانەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکاتەوە.