لە پشت بۆردومانەکانەوە؛ ئامانجی ئێران لە هێرشکردنە سەر کەمپە چۆڵکراوەکان چییە؟
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای چۆڵکردنی کەمپەکان، جارێکی دیکە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە.
ئامانجی هێرشەکان
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەنجەرە ی ڕاگەیاند: "ئێران بە باشی دەزانێت کە کەمپەکان چۆڵکراون و هیچ هێزێکی لێ نییە، تەنها هەندێک جار پێشمەرگە بۆ هێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان سەردانی دەکەن، کەچی ئێران هەر بەردەوامە لە بۆردومانکردنیان."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تاران لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە چەند ئامانجێکی هەیە؛ دروستکردنی دابڕان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ڕێکخستنەوەیان، هەروەها فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کەمپەکان بە تەواوی دابخەن و ئەندامانی ئەو حزبانە لە ناوچەکە دەربکەن.
"ئیرادەی خەبات لە پلانەکانی تاران بەهێزترە"
ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم فشارە سەربازییانە ناتوانن ئیرادەی حزبە کوردییەکان بۆ بەردەوامبوون لە خەبات لاواز بکەن و گوتی: "ئەو ئیرادەیەی بۆ خەبات لە لای حزبەکان هەیە، زۆر بەهێزترە لەو پلانانەی کە ئێران لە خەیاڵدانی خۆیدا بۆ لاوازکردنی ئێمە دایڕشتووە."