سەنتەری میترۆ نامەیەکی کراوە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکان دەکات: شێروان شێروانی و قارەمان شوکری ئازاد بکەن

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٠٦ پاش نیوەڕۆ

سەنتەری میترۆ نامەیەکی کراوە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکان دەکات: شێروان شێروانی و قارەمان شوکری ئازاد بکەن

پەنجەرە

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەریەکە لە ڕۆژنامەنووسان (شێروان شێروانی و قارەمانی شوکری) دەکات و هۆشداری دەدات لە تێکچوونی زیاتری ناوبانگی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

مانگرتن؛ وەرچەرخانێکی مەترسیدار

سەنتەرەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مانگرتنی شێروان شێروانی لەناو زینداندا، شێوازێکی تری ناڕەزایەتییە بەرامبەر بەو حوکمانەی کە لە بنەڕەتەوە بە "بێزاری و سەرکۆنەکردن" پێشوازییان لێکرابوو. میترۆ جەخت دەکاتەوە کە ئەم دۆخە سەرلەنوێ گومان دەخاتەوە سەر شەرعییەتی بڕیارەکانی دادگا و بارودۆخی ژیانی زیندانیان.

پرسیار لەسەر ئەزموونی سیاسی هەرێم

لە بەشێکی نامەکەدا هاتووە: "مانەوەی ئەم ڕۆژنامەنووسانە لە زیندان، ڕۆژانە پرسیار دەخاتە سەر ئەزموونی سیاسیی هەرێم و شێوازی مامەڵەی سیستەم لەگەڵ ئازادیی بیروڕا." سەنتەری میترۆ ئەو گوتارە فەرمییانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن کەیسەکەیان پەیوەندی بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە نییە و دەڵێت: "ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە وەڵاممان هەبووە و باوەڕ بەو چیرۆکانە ناکەین، تا کاتیش تێپەڕێت، هاوسۆزی بۆ ئەوان زیاتر و تووڕەیی خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوە توندتر دەبێت."

مافی مرۆڤ وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی

سەنتەری میترۆ داوا دەکات پەرەپێدانی دۆسیەی مافی مرۆڤ و باشکردنی ژینگەی کاری ڕۆژنامەگەری وەک "ئەرکێکی نیشتمانی" تەماشا بکرێت. نامەکە داوای "ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە" دەکات بۆ ئەوەی ڕەخنەگران وەک هاوبەش ببینرێن نەک دوژمن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ سڕینەوەی ئەو وێنە نەرێنییەی کە ڕێکخراوە جیهانییەکان لەسەر هەرێم بڵاوی دەکەنەوە.

وەڵامی هەرێم بۆ جیهان چی دەبێت؟

سەنتەرەکە ئاشکرای دەکات کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ شاندە بیانییەکان، پرسیارەکان لەبری پڕۆژەی ستراتیژی و ئاوەدانی، لەسەر بوونی زیندانیی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانە. لە کۆتایی نامەکەدا، سەنتەری میترۆ داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتداران دەکات و دەڵێت: "ئەمڕۆ شێروان و قارەمان ئازاد بکەن، چونکە ئەمە زۆر باشترە لە سبەی."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو