٣ پێشهات لە یەک مانگدا؛ ئایا تێڕوانینی ئەمەریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕاوە؟

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٠٧ پاش نیوەڕۆ

٣ پێشهات لە یەک مانگدا؛ ئایا تێڕوانینی ئەمەریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕاوە؟

پەنجەرە

بۆ ماوەی سێ دەیە، هەرێمی کوردستان وەک جێگیرترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەکرا. بەڵام زنجیرەیەک ڕووداوی دوابەدوای یەک لە ماوەی ڕابردوودا، پرسیارێکی جدییان دروستکردووە: ئایا واشنتۆن خەریکی پێداچوونەوەیە بە جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟

سێ ئاماژەی گرنگ هەن کە دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم گۆڕانکاریی و  ئەگەرە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بەرامبەر بە هەولێر.

لێدوانەکانی ترامپ و پرسی متمانەی ئەمنی

لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دەربارەی ئەوەی کە گوایە ئەو چەکانەی ناوردوویانە لایەنێکی کوردی دەستی بەسەردا گرتووە بۆ خۆی، شۆکێکی سیاسی گەورە بوو.

هەرچەندە ئەمەریکا بە حکومەت و میدیایەوە وردەکاریی زیاتری ڕوون نەکردەوە لەمبارەیەوە، بەڵام وروژاندنی ئەم بابەتە لە ئاستێکی باڵادا ئاماژەیە بۆ دروستبوونی درز لەو متمانە ئەمنییەی کە ساڵانێکی زۆر بوو لە نێوان هەردوولادا هەبوو.

ئەم قسەیە، ئەگەر تەنانەت وەک تۆمەتێکی نەسەلماویش بمێنێتەوە، وێنەی هەرێم وەک هاوبەشێکی جێ متمانە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتۆن دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ململانێیە یاساییەکان و دۆسیەی گەندەڵی

جوڵاندنی سکاڵای یاسایی لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکاوە لەسەر دۆسیەی "بەرتیلدان و قۆرخکاری" کە ناوی مەنسور بارزانی، فەرماندەی پێشمەرگە و کوڕی مەسعود بارزانی تێدا هاتووە، وەرچەرخانێکی بێوێنەیە.

پێشتر واشنتۆن چاوی لە زۆر کێشەی ناوخۆیی و تۆمەتی گەندەڵی دەپۆشی لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی، بەڵام چوونە ناوەوەی دامەزراوە یاساییەکانی ئەمەریکا بۆ ناو ئەم دۆسیانە نیشانەی ئەوەیە کە پارێزبەندییە سیاسییەکە خەریکە لاواز دەبێت و ئەمەریکا دەیەوێت لە ڕێگەی یاساوە پەیامی ناڕەزایەتی خۆی لەسەر شێوازی حوکمڕانی لە هەرێم بگەیەنێت.

سزای دارایی؛ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی پێشمەرگە

کاریگەرترین هەنگاو، کە ڕەهەندێکی کردەیی هەیە، بریتییە لە بڕیاری پێشنیارکراو لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ئەمەریکا بۆ بڕینی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە.

ئەم هەنگاوە دوای هۆشدارییە توندەکانی وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) دێت سەبارەت بە سستی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامی هەژموونی حزبی بەسەر سوپاوە.

ڕاگرتنی ئەم هاوکارییانە تەنها زیانێکی دارایی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسی ڕوونە کە ئەمەریکا چیتر ئامادە نییە بەبێ ریۆفۆرمی ڕاستەقینە بودجەی باجدەرانی وڵاتەکەی بە هێزی پێشمەرگەوە خەرج بکات.

دۆخەکە بەرەو کوێ؟

ئەم سێ ڕووداوە پێکەوە ئەوە دەسەلمێنن کە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و هەولێر لە قۆناغی "پشتیوانی بێ مەرج"ـەوە گوازراوەتەوە بۆ قۆناغی "پەیوەندی مەرجدار و توند". 

ئەوەی بە ئاشکرا دەبینرێت ئەوەیە تێڕوانینی ئەمەریکا گۆڕاوە؛ بەڵام ئەوەی نابینرێت لەسەر ئەرزی واقیعدا، تێنەگەیشتنی سەرکردایەتی کوردە لەم پێشهاتانە.

بەمشێوەیەش ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان یەکێک لە گەورەترین هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی لەدەست بدات یان پێگەکەی بۆ ئاستێکی لاوەکی دابەزێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو