لە غیابی دەستووردا؛ بزووتنەوەی تاڵیبان چۆن ئەڤغانستان بەڕێوە دەبات؟

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٠ پاش نیوەڕۆ

لە غیابی دەستووردا؛ بزووتنەوەی تاڵیبان چۆن ئەڤغانستان بەڕێوە دەبات؟

پەنجەرە

دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان و دەسەڵات گرتنەوە دەست لە ئەڤغانستان لە مانگی ٨ ی ساڵی ٢٠٢١، تا ئێستا دەستوری فەرمی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە نەنوسراوەتەوە.

بزووتنەوەی تاڵیبان لە غیابی دەستووردا پشت بە شەریعەتی ئیسلام و ليکدانەوەی فیقهی زانا ئاینییەکان دەبەستێت، لەگەڵ کارکردن بە فەتوا و بڕیارەکانی "هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە" ڕێبەری بزووتنەوەکە.

بزووتنەوەی تاڵیبان ئەو دەستوورەی رەتکردەوە کە حکومەتی پێشووی ئەڤغانستان لە ساڵی ٢٠٠٤دا پەسەندی کردبوو؛ چونکە پێیوابوو لە رۆژئاواوە وەرگیراوە و لەگەڵ دیدگای ئیسلامی و دۆخی وڵاتدا ناگونجێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەکە هیچ دەستوورێکی تری جێگرەوەی ئامادە نەکردووە.

لێکۆڵەرەوان پێیانوایە نەبوونی دەستوور گوزارشت لە سروشتی حوکمڕانی تاڵیبان دەکات، بەوپێیەی بزووتنەوەکە پشت بە ئەحکامی ئاینی و بڕیاری سەرکردەکانی دەبەستێت نەک دەستوورێکی مۆدێرن. 

ئایندەی چوارچێوەی یاسایی لە ئەفغانستان بە ناڕوونی ماوەتەوە، سەرباریی خواستە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دانانی دەقی یاسایی کە مافی هاوڵاتیان و میکانیزمەکانی حوکمڕانی دیاری بکات.

زەبیحوڵڵا موجاهید، سەرکردەی بزووتنەوەی تاڵیبان، دەڵێت: ئیمارەتی ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا پشت بە ئەحکامە ئیسلامییەکان بەپێی مەزهەبی حەنەفی دەبەستێت. بەڵام لە دەرفەتێکی گونجاودا دەستوورێک دادەنێین کە لەگەڵ بنەما ئیسلامییەکاندا بگونجێت.

دەشڵێت: لە ئێستادا ڕووبەڕووی بۆشایی دەستووریی نەبووینەتەوە، وڵات و حکومەتی وا هەن دەستووری نووسراویان هەر نییە، بەڵام کارەکانیان بەپێی ئەو میکانیزمەی کە بە گونجاوی دەبینن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبردنی ئەڤغانستان بەبێ هەبوونی دەستور لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە لەدوای رووخانی خەلافەتی عوسمانی، سێهەم وڵاتبوو لە دوای ئێران و تورکیا بووە خاوەنی دەستور.

ئەڤغانستان لە سەدەی رابردوودا خاوەنی ٧ دەستوری یەک لە دوای یەکبوو، جگە لە پرۆژە دەستوورێکی پەسەند نەکراو لە سەردەمی حوکمی "بورهانەدین ڕەبانی" سەرۆکی پێشووتری ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٩٣، کە بەهۆی ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی  پەسەند نەکرا.

دیارترین دەستوورەکانی ئەڤغانستان

١- دەستووری ساڵی ١٩٢٣: لە سەردەمی ئەمیر ئەمانوڵڵا خان، یەکەم دەستووری نووسراو بوو.

٢- دەستووری ساڵی ١٩٣١: لە سەردەمی نادر شا دانرا.

٣- دەستووری ساڵی ١٩٦٤: لە سەردەمی زاھیر شا و بنەماکانی پاشایەتی دەستووریی و پەرلەمانی دامەزراند.

٤- دەستووری ساڵی ١٩٧٧: لەلایەن محەمەد داود خانەوە دانرا ئەمەش دوای کۆتاییهێنان بە سیستەمی پاشایەتی.

٥- دەستووری ساڵی ١٩٨٠: لە سایەی حوکمی کۆمۆنیستەکان و بە پاڵپشتی یەکێتی سۆڤیەت دەرچوو.

٦- دەستووری ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٠: لە سەردەمی محەمەد نەجیبوڵڵا.

٧- دەستووری ٢٠٠٤: دوای لابردنی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ پەسەند کرا و سیستەمێکی کۆماریی دیموکراتی دامەزراند.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو