"کاتی ماڵئاواییە"؛ بەڵگەنامەیەکی نوێ لە دۆسیەی ئێپستاین

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١١ پاش نیوەڕۆ

"کاتی ماڵئاواییە"؛ بەڵگەنامەیەکی نوێ لە دۆسیەی ئێپستاین

پەنجەرە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی دادگا و چەند چاوپێکەوتنێک، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە نامەیەکی گوماناوی بوونی هەیە پێدەچێت هی "جێفری ئێپستاین" بێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچی دواییکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم نامەیە تاوەکو ئێستا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لەو کەسانەی لەگەڵ ئێپستاین لەژوورێکدا بووە لە زیندان، نامەیەکی دەستنووسی دۆزیوەتەوە، پاش ئەوەی ئێبستاین مردووە.
دواتر نامەکە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی تری تاوانکاریدا داخراوە و لەو کاتەوە لە ئەرشیفی دادگایەکی نیویۆرک پارێزراوە. ڕۆژنامەکە داوایکردووە ناوەڕۆکی نامەکە بڵاو بکرێتەوە.

 ماڵئاوایی

ڕاپۆرتەکە گوتەی نیکۆلاس تارتالیۆنی، هاوژووری پێشووی ئێپستاینی لە زیندان گواستووەتەوە کە دەڵێت: لە نامە گومانلێکراوەکەدا دەستەواژەی "کاتی ماڵئاوایی" نووسراوە. 

هەروەها تارتالیۆنی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێپستاین نووسیویەتی "لێکۆڵەران چەندین مانگە بەدوایدا دەگەڕێن و نەیاندۆزیووەتەوە."

تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە نامەکە هی ئێپستاین بێت یان نا. نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە خودی ڕۆژنامەکە بەڵگەنامەکەی نەبینیوە، وەزارەتی دادی ئەمریکاش جەختیکردووەتەوە نامەکەیان نەبینیوە. بەڵام بەڵگەنامەکانی دادگا ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزەرانی تارتالیۆنی نامەکەیان پیشانی پسپۆڕانی بواری ناسینەوەی دەستوخەت داوە و بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، دواتر وا دەرکەوتووە کە نامەکە دروستە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە وردەکارییەکان هێشتا ناڕوونن.

وردەکاریی تەمومژاویی

چارەنووسی ئەم نامەیە دەچێتە سەر زنجیرەیەک پرسیار و وردەکاریی تەمومژاوی لە دۆسیەی جێفری ئێپستایندا، کە ڕای گشتیی ئەمریکا داوای ڕوونکردنەوەیان لەبارەوە دەکات. 

ڕۆژنامەکە، پشتبەستن بەو بەڵگەنامانەی ئێپستاین کە بەم دواییانە بڵاوکراونەتەوە، هەوڵیداوە زنجیرەی کات بەکار بهێنێت و ئەوەی خستووەتە ڕوو؛ لە دۆزینەوەی نامەکە لەلایەن تارتالیۆنییەوە تاوەکو ئاگادارکردنەوەی بروس بارکێتی پارێزەری. 
بەهۆی ئەوەی بارکێت بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگریی لێکرابوو بچێتە ناو زیندانەکە، پارێزەرێکی تر بە ناوی جۆن ویدەر، بەڵگەنامەکەی لەبری ئەو وەرگرتبوو.

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە پارێزەران چەندین جار هەوڵیان داوە لە ڕاستو دروستیی بەڵگەنامەکە بکۆڵنەوە. لە کۆتایی ٢٠١٩ یان سەرەتای ٢٠٢٠، وا دیارە دروستییەکەی پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەوە چۆن ڕوویداوە.

دواتر تارتالیۆنی لە پۆدکاستێکدا ڕایگەیاند کە پارێزەرەکانی ڕاوێژیان بە شارەزایانی دەستوخەت کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە کە نامەکە بە دەستی ئەو نەنوسراوە. 

لە کۆتاییدا، دادوەر کینێس کاراس فەرمانی دا بەڵگەنامەکە لە دادگا دابنرێت. پارێزەر ویدەر بۆ نیویۆرک تایمز پشتڕاستیکردەوە کە نامەکەی بە دەستی خۆی ڕادەستی کارمەندێکی دادگا کردووە. هۆکاری شاردنەوەی بەڵگەنامەکەش تا ئێستا نادیارە و وتەبێژی دادگاش ئامادە نەبووە لێدوان لەسەر بوونی بەڵگەنامەی نهێنی بدات.

تارتالیۆنی و ئێپستاین

تارتالیۆنی بانگەشەی ئەوە دەکات کە نامەکەی لەناو کتێبێکدا لە ژوورە هاوبەشەکەیاندا دۆزیوەتەوە. ئێپستاین لە تەمموزی ٢٠١٩ تارتالیۆنی تۆمەتبار کردبوو بەوەی هێرشی کردووەتە سەری، بەڵام بەپێی تۆمارەکانی زیندان، چەند ڕۆژێک دواتر گوتبووی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ تارتالیۆنیدا نییە.

تارتالیۆنی، کە پێشتر ئەفسەری پۆلیس بووە، لە دۆسیەیەکی جیاوازدا بە تۆمەتی ئەنجامدانی چوار تاوانی کوشتن سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. ئەو هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و بەردەوامە لە تانەدان لە بڕیاری دادگا.

پشتگوێخستنی نامەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا؟

نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا پرسیاری ئەوە دەکات؛ بۆچی ئەم نامە گومانلێکراوە هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی ئەو دۆسیەیەدا؟ بە تایبەت کە ڕاپۆرتی پشکنەری گشتیی وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣، بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی پێ نەکردووە.

ئێپستاین لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ لە ژوورەکەی خۆیدا لە زیندانی مانهاتن بە مردوویی دۆزرایەوە و هۆکاری مردنەکە بە فەرمی بە کردەی “خۆکوژی" لەقەڵەمدرا. 

بەڵام ئەم دۆسیەیە بووەتە مایەی گومان و گریمانەی زۆر لە ئاستی جیهاندا، ئەوەش بەهۆی کەمتەرخەمی و ناکۆکی لە ڕێکارە ئەمنییەکانی زیندانەکەدا.
ئەو گومانانە زیاتر بوون کاتێک تێبینی تێکچوون یان ساختەکاری لە هەندێک ڕێکاری ئەمنیدا کرا، هەروەها مشتومڕێکی زۆر لەسەر ڤیدیۆکانی چاودێری، ئەنجامی توێکاریی تەرمەکە و ئەوەی ئایا ئێپستاین پێش مردنی لەژێر چاودێریی پێویستدا بووە یان نا، هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو