دۆسیەی چەکەکانی ترەمپ؛ ڕاستییەکی شاراوە یان یارییەکی سیاسی بۆ لێدانی یەکتری؟

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٣ پاش نیوەڕۆ

دۆسیەی چەکەکانی ترەمپ؛ ڕاستییەکی شاراوە یان یارییەکی سیاسی بۆ لێدانی یەکتری؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، جارێکیتر دۆسیەی دەست بەسەردا گرتنی ئەو چەکانە دەوروژێنێت گوایە بۆ ئێرانی ناردووە و کورد دەستی بەسەردا گرتووە، ناوماڵی کوردی لەبری یەکڕیزی، رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ململانێ بووەتەوە. 
یەکێتی و پارتی لەبری پوچەڵکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و بەرگریکردن لە پێگەی هەرێم، سەرقاڵی گۆڕینەوەی تۆمەتن و هەوڵدەدەن ئەم فشارە نێودەوڵەتییە وەک کارتێکی سیاسی و ئیعلامی دژی یەکتری بەکاربهێنن.

یەکێتی و پارتی؛ لە هەرێمەوە بۆ واشنتۆن

ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەهەندێکی نوێ وەردەگرێت، ئەمجارە لە ڕێگەی بەکارهێنانی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە "دەستبەسەرداگرتنی چەک"، بەمپێیە ململانێی نێوانیان دەبەنە واشنتۆن.

هەردوو حیزبەکە لە هەوڵێکی چڕی راگەیاندن دان بۆ ئەوەی ئەم پرسە دژ بە یەکتری بقۆزنەوە، لە کاتێکدا هیچ کامیان بە فەرمی لایەنی بەرانبەر تۆمەتبار ناکەن، بەڵام هەوڵدەدەن لەرێگەی میدیاوە بۆ شەڕی یەکتری بەکاری بهێنن.

سەرەتای ئەم گرژییە نوێیە لە چاوپێکەوتنێکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" دەستی پێکرد، کە تێیدا بەرگریی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حیزبەکەی کرد و ئاماژەکان بەو ئاراستەیە بوون کە پێی باشە تۆمەتەکان ڕوو لە پارتی بن. لە بەرانبەردا، پارتی لە ڕێگەی میدیاکارێکی نزیک لە حیزبەکەیەوە پەیامێکی ئاراستەی ترەمپ کرد کە گوایە ئەو چەکانە لە سنووری سلێمانین.

ئەم ململانێیە نیشانی دەدات کە لە کاتێکدا ترەمپ لەبەر ئەجێندای خۆی ناوی لایەنی تۆمەتبار ئاشکرا ناکات، یەکێتی و پارتیش ئەم لێڵییە لە هەڵوێستەکان دەقۆزنەوە بۆ لێدانی پێگەی یەکتری، بێ ئەوەی بچنە ژێر باری بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندنی فەرمی و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان.

ترەمپ و یارییە جیاوازەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانەکانیدا پرسی ناردنی چەکی بۆ ئێران و دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەکانەی وروژاندووە، کە تێیدا گۆڕانکاری لە گێڕانەوەکانیدا دەبینرێت. 

ترەمپ سەرەتا ڕایگەیاندبوو کە چەک بۆ ئێران نێردراوە و لەلایەن کوردەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام لە لێدوانێکی نوێدا لە ڕۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا "بەشێک" لەو چەکانە لەلایەن کوردەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە چەک نێردرابێت، بۆیە تۆمەتەکان بە ناڕوونی دەمێننەوە تا ئەوکاتەی ناوی لایەنی تۆمەتبار بەفەرمی ئاشکرا دەکرێت و بەڵگە دەخرێتەڕوو.

بەڵام وا دەردەکەوێت دروستکردنی ئەم چیرۆکە لەم کاتەدا بۆ ترەمپ گرنگییەکی سیاسی هەبێت، بەپێیەی ناوبراو پێشتر داوای خۆپیشاندانی لە گەلی ئێران کردبوو و هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی تاران کرد، بەڵام سەرەڕای کوژران و دەستگیرکردنی هەزاران کەس، هەنگاوێکی کردەیی لەلایەن ترەمپەوە نەنرا.

چاودێران پێیانوایە ترەمپ لێرەدا دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە هەوڵی داوە هاوکاری گەلی ئێران بکات و چەکی بۆ ناردوون، بەڵام لە ڕێگە چەکەکان براون. هەڵبژاردنی "کورد" وەک لایەنی دەستبەسەرداگرتن پێدەچێت بۆ ئەوە بێت کە کورد لایەنێکی لاوازی نێو کێشمەکێشەکانە و ڕەنگە لە ترسی کاردانەوەکانی ترەمپ بترسێت لە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، بە پێچەوانەی وڵاتانی خاوەن سەروەری کە ئەگەر تۆمەتبار بکرێن وەڵامی توندیان دەبێت.

لەلایەکی تریشەوە، ئەگەر بە ڕاستی چەک نێردرابێت و دەستی بەسەردا گیرابێت، خۆدزینەوەی ترەمپ لە ناوهێنانی لایەنی بەرپرسیار و بەکارنەهێنانی فشاری ئەمریکا بۆ وەرگرتنەوەیان، گومانەکان لەسەر ڕاستی و دروستی ئەم چیرۆکە زیاتر دەکەن.

گومان لەسەر دۆسیەکە

سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ناردنی چەک بۆ ئێران و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن کوردەوە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی ئەو زانیارییانە لەبەردەستدا نییە. گومانی سەرەکی لەوەدایە کە ترەمپ ناوی ئەو لایەنەی ئاشکرا نەکردووە کە دەستی بەسەر چەکەکاندا گرتووە، لە لایەکی تریشەوە پارتی و یەکێتی سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ تۆمەتبارکردنی یەکتری، هیچ زانیارییەکی دروست و بەڵگەیەک لە دژی یەکتر ناخەنەڕوو.
جێی تێڕامانە کە میدیاکانی ئەمەریکا، کە بە ئاسانی دەتوانن لە رێگەی بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە ناوی ئەو لایەنە بزانن، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە دزە پێ نەکردووە. ئەگەرچی یەکێتی و پارتی پێشینەی دەستبەسەرداگرتنی چەکیان هەیە، بەڵام گێڕانەوە دژبەیەکەکان وایکردووە پرسەکە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە؛ بۆیە دەکرێت بڕی ئەو چەکانە زۆر کەم بێت، یان پرسەکە ڕەهەندی تری سیاسی لەپشت بێت و هەر سێ لایەنەکە (ترەمپ، یەکێتی و پارتی) بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاریبهێنن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو