برنجی ئەمریکی و کورسیی بەغدا؛ بازرگانێک لە لوتکەی دەسەڵاتدا
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عەلی زەیدی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەک کەسایەتییەک دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر دوو ئاستی بازرگانیی گرنگ بونیاد ناوە.
لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و واشنتن، عێراق ساڵانە ٢٢٠ هەزار تۆن برنج لە ئەمریکا دەکڕێت؛ لەم پرۆسەیەدا "بانکی جنوب" کە خاوەندارێتییەکەی بۆ زەیدی دەگەڕێتەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە تەمویلکردنی کڕینی بەشێکی زۆری برنجی بایەعی و دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی سوپای عێراق.
هەرچەندە پێشتر "کۆمپانیای جنوب" دوچاری گرفت بووەوە و لەسەر داوای ئەمریکا مامەڵەی دۆلاری لەگەڵ ڕاگیرا، بەڵام کێشەکە بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی چارەسەر کراوە؛ چاودێران پێیان وایە ئەم نەرمییەی واشنتن پەیوەندی بە ڕۆڵی زەیدییەوە هەیە لە هاوردەکردنی برنجی ئەمریکی، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە ناوبراو بۆ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا کەسێکی ناسراوە.
لە ڕوانگەی واشنتنەوە، زەیدی ئەو کاندیدە نییە کە "ڤیتۆ"ی لەسەر بێت، چونکە بەپێچەوانەی زۆرێک لە سیاسییەکانی تر، پاشخانێکی سیاسی یان سەربازیی مشتومڕاوی نییە و تەنها وەک بازرگانێک دەبینرێت. ئەم دۆخە چانسێکی باشی پێ دەدات چونکە هیچ ڕابردوویەکی نییە ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
واشنتن ئێستا بەو دیدگایە سەیری دەکات کە زەیدی دەتوانێت قۆناغێکی نوێ بێت کە دوور بێت لەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ کاندیدەکانی پێشتردا هەبووە.
لە بەرەی ناوخۆشدا، لایەنە شیعەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە وردی پلان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی زەیدی دادەڕێژن.
لەکاتێکدا زەیدی وەک ڕووکارێکی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت، بەڵام بڕیاردەری ڕاستەقینە لەناو کابینەکەدا خودی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت؛ ئەوان وەزیرەکان دیاری دەکەن نەک زەیدی.
بەهۆی ئەوەی زەیدی نە ئەزموونی سیاسی هەیە و نە خاوەنی کوتلەیەکی پەرلەمانی یان هێزێکی میلیشیایە، ناچارە گوێڕایەڵی بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بێت بێت.
ئەم ستراتیژە لەگەڵ گوتەکانی "قەیس خەزعەلی"دا یەکدەگرێتەوە کە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەیانەوێت سەرۆک وەزیران تەنها وەک "بەڕێوەبەرێکی گشتی" بێت؛ بەمەش لایەنە شیعەکان هەموو جومگەکانی دەسەڵات بەڕێوەدەبەن بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتیی شکستی حکومەتێکی لاواز هەڵبگرن، و زەیدی تەنها دەبێتە "رووپۆشێکی دەرەکی" بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە.