بێ ماڵئاوایی: چیرۆکی ئەو هەزاران خێزانە پاکستانییەی لە ئیمارات دەرکران

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٧ پاش نیوەڕۆ

بێ ماڵئاوایی: چیرۆکی ئەو هەزاران خێزانە پاکستانییەی لە ئیمارات دەرکران

پەنجەرە

گۆڤاری "نیو لاینز"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە دەسەڵاتدارانی ئیمارات هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و دەرکردنی سەدان پاکستانییان دەستپێکردووە، کە زۆربەیان لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەن. 

ئەم هەنگاوە لە پاش گرژییە ناوچەییەکانی دوای جەنگی ئێران دێت، و بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، دەستگیرکردنەکان کوتوپڕ بوون و بێ هیچ تۆمەتێکی فەرمی و بە پەلە ئەنجام دراون، ئەمەش خێزانەکانی تووشی شۆک و سەرلێشێواوی کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ژمارەیەک لەو پاکستانییانەی لە ئیمارات نیشتەجێن، لە شوێنی کارەکانیان یان لە سەر شەقام دەستگیر کراون و چەند ڕۆژێک لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ماونەتەوە پێش ئەوەی ڕەوانەی وڵاتەکەیان بکرێنەوە، بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت کاروباری دارایییان ڕێکبخەن یان کەلوپەلە کەسییەکانیان کۆبکەنەوە. 

ژنێکی پاکستانی نیشتەجێی ئیمارات کە سارە عەلییە، دەڵێت: هاوسەرەکەی کە دە ساڵ بووە لە فەرمانگەی ڕێگاوبان و گواستنەوەی دوبەی کاریکردووە، لەسەر کارەکەی دەستگیر کراوە و دواتر بۆ شاری فەیسەڵ ئاباد لە پاکستان دیپۆرت کراوەتەوە.

محەمەد ئەمین شەهیدی، یەکێک لە پیاوانی ئایینی دیاری شیعە لە پاکستان، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیمارات هەڵمەتێکی ڕێکخراوی دژی شیعە پاکستانییەکان دەستپێکردووە و مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٥ هەزار خێزان (نزیکەی ١٥ هەزار کەس) زیانمەند بووبن. 

هەندێک لە دەستگیرکراوەکان باسیان لەوە کردووە کە مامەڵەی توندیان لەگەڵ کراوە، وەک بێبەشکردن لە خواردنی پێویست و ناچارکردنیان بە مانەوە لە دۆخی ماندووکەردا. گۆڤارەکە ئەم ڕووداوانە بە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەبو زەبی و ئیسلام ئاباد و توندبوونی سیاسەتە ئەمنییەکانی ئیمارات بەرامبەر بەو لایەنانەی بە هەڕەشە دایان دەنێت، دەبەستێتەوە.

ئیمارات جگە لەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەری توڕە و نیگەرانە، هاوکات بەهۆی رێککەوتنی نێوان سعودیە و پاکستان، پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ پاکستان ئاڵۆزبووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو