هەڕەشەکانی ئێران و چارەنووسی ئینتەرنێتی جیهان؛ گەرووی هورمز لە نێوان نەوت و ئینتەرنێتدا
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئێران هەفتەی ڕابردوو هۆشداریدا کە کێبڵە دەریاییەکانی گەرووی هورمز سەلامەت نابن، لەکاتێکدا ئەو کێبڵانە خاڵی هەستیاری ئابووریی دیجیتاڵیی ناوچەکەن، بۆیە ئەگەری بە ئامانج گرتنی ئەم ژێر خانە هەستیارە نیگەرانی دروستکردووە.
گەرووی هورمز چەند بۆ بازرگانی نەوت و وزە گرنگە، بۆ جیهانی دیجیتاڵیش هەمان گرنگیی هەیە؛ چەندین کێبڵی ریشاڵی لە بنی دەریادا راکێشراون کە هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ڕێگەی دەوڵەتانی کەنداو و میسرەوە بە ئەوروپاوە دەبەستنەوە.
کێبڵە دەریایییەکان، چ ڕیشاڵی نوری بن یان هێڵی کارەبا، داتا و وزە دەگوازنەوە.
کێبڵە ژێر دەریاییەکان چین؟
ئەم کێبڵانە بۆ پاراستنیان لە پەستانی ئاو و ژەنگهەڵهێنان و خۆ پێداکێشانی کەشتییەکان، بە پۆڵاو پلاستیکی بەهێز داپۆشراون.
کێبڵەکان بەرپرسن لە گواستنەوەی نزیکەی ٩٩٪ی داتاکانی ئینتەرنێت لە نێوان کیشوەرەکاندا. مەبەست لە راکێشانی ئەم کێبڵانە گواستنەوەی بڕێکی زۆر زانیارییە لەماوەیەکی کەمدا و بەخێرایی بەرز، هەروەها گواستنەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها بوونی ئەم کێبڵانە لەژێر دەریا وا دەکات پارێزراوتر بن.
کێبڵی کارەبای ژێر دەریا تۆڕی کارەبای دوو وڵات یان چەند وڵاتێک پێکەوە گرێدەدات بۆ هاوبەشیکردنی وزە لە کاتی پێویستدا. هەروەها کارەبا لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی با کە لە ناوەڕاستی دەریاکاندا دروست دەکرێن بۆ وشکانی دەگوێزێتەوە. لەگەڵ گواستنەوەی کارەبا بەو دوورگانەی کە توانای دروستکردنی وێستگەی گەورەیان نییە.
داتاکان
بەپێی ئاماری یەکێتی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان (ITU)، ئەم کێبڵانە هەڵگریی نزیکەی %99 ی گواستنەوەی ئینتەرنێتی جیهانن و رۆڵێکی سەرەکییان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گواستنەوەی کارەبا، خزمەتگوزاریی هەور (Cloud) و پەیوەندییە ئۆنلاینەکاندا هەیە.
ماشا کۆتکین، لێکۆڵەری کاروباری جیۆپۆلیتیک و وزە، دەڵێت تێکچوونی کێبڵەکان واتە خاوبوونەوە یان پچڕانی ئینتەرنێت، پەککەوتنی بازرگانیی ئەلیکترۆنی و دواکەوتنی مامەڵە دارایییەکان، کە ئەمانەش لێکەوتەی ئابووریی گەورەیان دەبێت.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات و سعودیە، بە ملیارەها دۆلار لە ژیریی دەستکرد و ژێرخانی دیجیتاڵیدا وەبەرهێنانیان کردووە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوورییەکانیان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
هەردوو وڵات کۆمپانیای نیشتمانییان بۆ ژیریی دەستکرد دامەزراندووە و بۆ گواستنەوەی خێرای داتا پشت بەم کێبڵانە دەبەستن.
کێبڵەکان لە هوورمز
گرنگترین ئەو کێبڵانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن بریتین لە (AAE-1) کە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، تۆڕی "فالکۆن" کە هیندستان و سریلانکا بە کەنداو و میسرەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ سیستەمی (GBI) کە هەموو وڵاتانی کەنداو، لەوانەش ئێران، بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
زیاتر درێژکردنەوەی کێبڵەکان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2025، ژمارەی تێکچوونەکان لە نێوان 150 بۆ 200 حاڵەتدا بوو. هەرچەندە مەترسیی زیانگەیاندنی بەمەبەست لەلایەن وڵاتانەوە بە کێبڵەکان هەیە، بەڵام %70 بۆ %80ـی تێکچوونەکان بەهۆی چالاکیی مرۆییی بێ مەبەستە، وەک ڕاوەماسی و لەنگەرگرتنی کەشتییەکان.
هەروەها ڕەوتە دەریایییەکان، بوومەلەرزە و گەردەلوولەکان مەترسیی دیکەن کە کەرتی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی داپۆشینی کێبڵەکان و هەڵبژاردنی ڕێڕەوی ئارامەوە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەیان دەدات.