لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە؛ چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە کاتی جەنگدا

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٠ پاش نیوەڕۆ

لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە؛ چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە کاتی جەنگدا

پەنجەرە 

جەواد فەیروز، پەرلەمانتاری پێشووی بەحرەین، بە رێکەوت زانی کە ڕەگەزنامەکەی لێسەندراوەتەوە. ئەو کاتەی لە گەشتێکی ماوە کورتدابوو لە لەندەن، ناوی خۆی لە تەلەفزیۆن لە نێوان ٣١ کەسی تردا بینی کە ڕەگەزنامەیان لێسەندراوەتەوە. فەیروز دەڵێت: "شۆکێکی گەورە بوو، چونکە من هەرگیز داوای ڕووخاندنی حکومەتم نەکردبوو."

ئەم ڕووداوە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢دا روویدا، دوای ئەوەی فەیروز لە پەرلەمان دەستی کێشایەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی کوشتنی خۆپیشاندەران لەچوارچێوەی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیدا. بە تەنها ئەویش نییە، بەڵکو دەسەڵاتدارانی بەحرەین ڕەگەزنامەیان لە نزیکەی ٩٩٠ کەسی تر سەندەوە.

جەنگی ئێران و زیندووکردنەوەی پرسی رەگەزنامە

جەنگی ئێران جارێکی تر پرسی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی لە وڵاتانی کەنداو هێناوەتەوە ئاراوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران هێرشیکردە سەر چەند وڵاتێکی وەک بەحرەین، عومان، ئیمارات و سعودیە.

بەحرەین: لە مانگی سێی ڕابردوودا، ٢٥٠ کەس دەستگیر کران بە تۆمەتی هاوسۆزیی بوون لەگەڵ ئێران. حکومەت بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە پێداچوونەوە بە ڕەگەزنامەی هەر کەسێکدا دەکات کە "وەفادار" نەبێت. 
هاووڵاتییەکی بەحرەینی دەڵێت: "هەر کەسێک کە بە ڕەچەڵەک فارس بێت، بەبێ گوێدانە بیروبۆچوونە ڕاستەقینەکانی، تۆمەتی نزیکی لە ئێران دەدرێتە پاڵ."

کوەیت: لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٤ەوە، حکومەتی کوەیت هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکردووە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ڕەگەزنامە لە ٧٠ هەزار کەس سەندراوەتەوە و ئەگەری هەیە ژمارەکە بگاتە ٣٠٠ هەزار (کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی دانیشتووان)، چونکە خێزان و منداڵەکانیشیان دەگرێتەوە.

عومان و ئیمارات: عومان لە شوباتی ٢٠٢٥دا یاساکانی گۆڕی بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەگەزنامە لەوانە بسەنێتەوە کە "بێڕێزی بە سوڵتان" دەکەن. ئیماراتیش تۆمەتبار دەکرێت بەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی لە ژمارەیەک ئێرانی سەندووەتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا

وەرگرتنەوەی رەگەزنامە تەنها وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئەم دیاردەیە ئەم دیاردەیە ئەورووپا و ئەمریکاشی گرتووەتەوە:

ئەمریکا: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر وەزارەتی داد بۆ لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لە سەدان کەس و پشکنینی بیروڕای سیاسیی کۆچبەران.

ئەڵمانیا: هەندێک حزبی پارێزگار پێشنیاری وەرگرتنەوەی پاسەپۆرتیان کردووە لەو کەسانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە ئەگەر بە "داکۆکیکار لە تیرۆر یان دژە جوو" تۆمەتبار بکرێن.

ڕەگەزنامە؛ ماف یان ئیمتیاز؟

پسپۆڕان دەڵێن لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ڕەگەزنامە لە "مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ" (وەک لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨دا هاتووە) گۆڕاوە بۆ "ئیمتیازێک" کە مرۆڤ دەبێت بەردەوام بیسەلمێنیت شایستەیە. 

دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، زۆرێک لە وڵاتان لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەیان وەک کارتێکی ئەمنی بەکار هێناوە، تەنانەت ئەگەر پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤیش بێت.

جەنگی ئێران و ململانێ سەربازییەکان هاندەر بوون بۆ ئەوەی هەندێک لە وڵاتان یاساکانی ڕەگەزنامە توندتر بکەن و "خیانەت" یان پرسی "ناسەقامگیری" بکەنە بیانوو بۆ بێدەنگکردنی نەیارە سیاسییەکانیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو