ستراتیژی "کوژاندنەوەی ئاگرەکان": ئاستەنگەکانی بەردەم عەلی زەیدی لە قۆناغی داهاتوودا

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤١ پاش نیوەڕۆ

ستراتیژی "کوژاندنەوەی ئاگرەکان": ئاستەنگەکانی بەردەم عەلی زەیدی لە قۆناغی داهاتوودا

پەنجەرە، دامەزراوەی مەدا

وا دیارە چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکەوتوو بوو لە کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ خۆ دەربازکردنی کاتیی لەو "ڤیتۆیە"ی کە دۆناڵد ترەمپ لەسەر هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان هەیەتی.

چاودێران پێیانوایە زەیدی کەسایەتییەکی ناتوندڕەوە و خاوەن باکگراوندێکی بازرگانییە، کە ئەمەش وادەکات لە ناوخۆ و دەرەوە جێگەی رەزامەندی بێت. بەڵام گەشبینترین پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو ناتوانێت مۆدێلی محەمەد شیاع سوودانی تێپەڕێت؛ واتە تەنها کار لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان ئێران و ئەمریکا و "کوژاندنەوەی ئاگرەکان" دەکات، نەک چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان.

جوڵەکانی زەیدی لە دوای ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت جیاواز بوون، چونکە لە دەرەوەی ژووری داخراوی حزبەکان  خۆی بینییەوە و دەستی بە پەیوەندیی نێودەوڵەتی کرد. 

گرنگترین ڕووداویش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ بوو لەگەڵ زەیدی، کە تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتێک دەربڕی کە "خاڵی بێت لە تێرۆر".  ئەم دەستەواژەیە لە ناو ماڵی شیعەدا مشتومڕی زۆری ناوەتەوە؛ هەندێک وەکو ئاماژەیەک بۆ “داعش" دایدەنێن، بەڵام هەندێکی تر مەترسی ئەوەیان هەیە کە سەرەتایەک بێت بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی گروپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ئەمریکا پێشتر هۆشداریی دابووە لایەنە شیعەکان سەبارەت بە بەشداریپێکردنی ئەو کەسایەتی و گروپانەی کە لە لیستی سزاکانی واشنتۆندان. 

لایەنە شیعەکانیش بە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پەیامانە کردووە؛ لایەنی وەک "ڕەوتی حیکمە" بە وریاییەوە مامەڵە دەکات، لە کاتێکدا هەندێک گروپی تر پێداگری لەسەر هەڵوێستە توندەکانیان دەکەنەوە.

لە ئێستادا عەلی زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ ئایا دەتوانێت گروپە چەکدارەکان قایل بکات کە پەنا بۆ گرژیی سەربازی نەبەنەوە؟ بەتایبەت ئەگەر لێکتێگەیشتنەکانی ئێران و ئەمریکا تووشی شکست ببێت؟. ئەرکی سەرەکی ئەو، ڕاگرتنی هاوسەنگییەکە کە تێیدا لایەنە سیاسییەکان بەشدار بن بەبێ ئەوەی ببنە هۆی پێکدادان لەگەڵ واشنتۆن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو