"پچڕانی بەردەوام"؛ دیوی پشتەوەی هێرشە میدیاییەکانی یەکێتی بۆ سەر پارتی

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢١ پاش نیوەڕۆ

"پچڕانی بەردەوام"؛ دیوی پشتەوەی هێرشە میدیاییەکانی یەکێتی بۆ سەر پارتی

پەنجەرە

یەکێتی هێرشەکانی بۆ سەر پارتی توندتر دەکاتەوە و زانیارییەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن بەتەواوی پەیوەندیی نێوان هەردوو لایەن پچڕاوە.

دوێنێ میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرشیان بۆ سەر پارتی دیموکراتی کوردستان چڕکردەوە و بە پیتی درشت دەیاننوسی "یان سازان یان لێکترازان"، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو حزبەدا گەیشتونەتە بنبەست.

ڕەگی هەڵمەتەکە

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، هێرشەکەی دوێنێ جاڕدانی بە بنبەست گەیشتنی پەیوەندیی و دانووستانەکانی هەردوولایە.

ئەو دو حزبە پێش ماوەیەک هەندێک لێکنزیکبوونەوەیان هەبوو، بەڵام ٢ ڕووداو بەتەواوی لە یەکی دوورخستنەوە.

ڕووداوی یەکەمیان ئەوەبوو دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی سەردانی مەسعود بارزانی- سەرۆکی پارتی کرد، لێکتێگەیشتنێک درووستبوو لەنێوانیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەنێویاندا مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

بەڵام دواتر پارتی بە داواکانی یەکێتی ڕازیی نەبوو، بەتایبەتی لە ڕادەستکردنی وەزارەتی ناوخۆ، هەربۆیە ئەو حزبە گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە پارتی ئامادەی دانوستان نییە و نایەوێت ئەو داوایانەی هەیانە جێبەجێ بکات، بەمەش کۆبوونەوە و سەردانەکان وەستان و پەیوەندییەکان سارد بوونەوە.

هەرچی ڕووداوی دووەمە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە. پارتی بەو شێوازەی پۆستەکەی پێ یەکلاییکرایەوە زۆر نیگەران بووە و بە شکانی خۆی زانیوە، لەبەرامبەردا یەکێتی بە سەرکەوتنی خۆی و سەپاندنی ئەجێنداکەی تەوزیف کردووە.

لەساردییەوە بۆ پچڕان

پەیوەندیی پارتی و یەکێتی هەتا ماوەیەک پێشتر تەنها ساردیی بوو، بەڵام بەوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ پەنجەرە کردووە، ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی پچڕانی یەکجارەکیی.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئێستا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو دوو حزبەدا نەماوە، هەربۆیە هەموو پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان وەکخۆی ماوەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو