"دۆسیەی پێشمەرگە و چارەنووسی پارتی"؛ نێچیرڤان بارزانی بە "جانتایەکی قەرەباڵەغەوە" لە بەغدایە
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە ناوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، زانیاریی دەربارەی ئامانج و ئەجێنداکانی ئەم سەردانە بۆ پەنجەرە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە بارزانی کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار و "قەرەباڵەغ" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق تاوتوێ دەکات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان تەرخان دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی پرسی مووچەی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان. بابەتی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران و گرفتە یاسایی و داراییەکانی تری پەیوەست بەو بوارە.
وتیشی: بارزانی کۆمەڵێک پرسی ئەمنی بەتایبەت هێرشە درۆنییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات.
ئایندەی سیاسی پارتی لە بەغدا
سەرچاوە ئاگادارەکەی پەنجەرە ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێکی تر لە تەوەرە گرنگەکانی سەردانەکە، پەیوەستە بە پێگەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.
بارزانی پرسی "کشانەوەی پارتی لە بەغدا" و مەرجەکانی بەشداریکردنی ئەو حزبە لە حکومەتی داهاتووی عێراق تاوتوێ دەکات، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت کابینەی نوێی حکومەت لە ئایندەیەکی نزیکدا پێکبهێنرێت.
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەندین ئاستی جیاوازدا کێشەی تێدایە و پێویستیان بە یەکلاییکردنەوە و ڕێککەوتنی نوێ هەیە.