ململانێی چین و ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز و لەمپەرەکانی جوڵەی دەریایی لە بابولمەندەب، هێندەی تر گرنگی رێڕەوە دەریاییەکانی بۆ جیهان سەلماندەوە.
ململانێکان تەنها گرێدراو نین بە وزە و نەوتەوە، بەڵکو هەوڵەکان بە ئاراستەی دەستگرتنن بەسەر شادەماری ئابووریی جیهاندا، کە تێیدا %80ی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دەریاوە ئەنجام دەدرێت.
یۆنان؛ مەیدانی جەنگئ سارد
گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" لە نوێترین راپۆرتیدا تیشک دەخاتە سەر کێبڕکێی توندی زلهێزەکان بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی دەریایی، بەتایبەت لە یۆنان کە خاوەنی گەورەترین جووڵەی دەریاوانییە لە جیهاندا.
لە کاتێکدا کۆمپانیای "کۆسکۆ"ی حکومیی چینی پشکی شێری لە بەندەری "پیراۆس"دا هەیە، ئەمریکاش بەدووریی 35 کیلۆمەتر سەرقاڵی پەرەپێدانی بەندەری "ئیلیفسینا"یە. هاوکات ڕووسیا و چین پشکیان لە بەندەری "تسالۆنیکی" بردووە و هاوپەیمانی ناتۆش بەندەری "ئەلێکساندرۆپۆلیس"ی کردووەتە ناوەندێکی لۆجیستیی سەربازیی.
هەژموونی چین
چین توانیویەتی لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەژموونێکی گەورە بەسەر کەرتی دەریاییدا بسەپێنێت. کۆمپانیا چینییەکان ئێستا جێبەجێکار یان خاوەنی پشکی گەورەن لە لانیکەم 129 بەندەری جیهانی لە دەرەوەی چین. چین زیاتر لە 80 ملیار دۆلاری لە بونیاتنانی بەندەرەکاندا خەرج کردووە، لە ئەنتیگواوە تا تانزانیا.
ئەوەی ئەمریکا و وڵاتانی تر نیگەران دەکات، ئەوەیە کە نزیکەی سێیەکی ئەو بەندەرانەی چین خاوەندارێتییان دەکات، دەکەونە سەر خاڵە هەرە هەستیار و ستراتیژییەکانی جیهان، وەک گەرووی مەلەقا، هورمز و کەناڵی سوێس.
پاشکۆیەتیی ئابووریی
بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری "مێرکس"، ئەو وڵاتانەی بەندەرەکانیان دەدەنە دەست چین، بازرگانییان لەگەڵ چین بە ڕێژەی %20 زیاد دەکات، بەڵام هەناردەکردنیان بۆ جیهان بە ڕێژەی %19 کەمدەکاتەوە؛ چونکە کۆمپانیا چینییەکان لە بەڕێوەبردنی بەندەرەکاندا ئەولەویەت دەدەنە کەشتی و کاڵا چینییەکان و ئاسانکاریی گومرگی بۆ خۆیان دەکەن.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی
لە بەرانبەر ئەم هەژموونەدا، کۆمپانیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان کەوتوونەتە جوڵە. لە ساڵی 2021ەوە تا ئێستا بە بڕی 140 ملیار دۆلار گرێبەستی کڕین و هاوبەشی لە کەرتی دەریایی لەلایەن کۆمپانیا نا چینییەکانەوە واژۆ کراوە.بەمجۆرە:
* کۆمپانیای Hapag-Lloydی ئەڵمانی پشکی لە بەندەرەکانی بەڕازیل و هیندستان کڕیوە.
* کۆمپانیای Stonepeakی ئەمریکی هاوبەشییەکی 10 ملیار دۆلاریی ڕاگەیاندووە.
* حکومەتی هیندستان پڕۆژەیەکی گەورەی بۆ پەرەپێدانی بەندەرەکان تا ساڵی 2047 دەستپێکردووە.
زیاتر لە تەنها بەندەرێک
کۆنترۆڵی چین تەنها لە بەڕێوەبردنی بەندەرەکاندا نییە، بەڵکو لە وردەکارییە تەکنیکییەکانیشدا ئامادەیە:
١- ئامێرەکان: %70ی ئەو "قەپان و کرەین"انەی لە بەندەرەکاندا بەکاردێن، دروستکراوی چینن.
٢- کۆنتێنەرەکان: %95ی ئەو کۆنتێنەرانەی لە جیهاندا بۆ گواستنەوەی کاڵا بەکاردێن، چین دروستیان دەکات.
٣- تەکنەلۆژیا: بەرنامەی "لۆجینیک" کە حکومەتی چین خاوەندارێتی دەکات، بۆ بەڕێوەبردنی لۆجیستی لە 86 بەندەری جیهان بەکاردێت و زانیاریی وردی دەربارەی ٩٠٪ ی کەشتییەکانی جیهان لەبەردەستە.
ئەم ململانێیە توندەی ئێستا لە کەناڵی پاناما و ناوچەکانی تری جیهان دەبینرێت، دەیسەلمێنێت کە جەنگی داهاتوو جەنگی سوپا نابێت، بەڵکو جەنگی کۆنترۆڵکردنی ئەو دەروازە ئاوییانە دەبێت کە ژیانی ئابووریی جیهانیان پێوە بەستراوەتەوە.