تاریکیی بەندیخانە و پەتەکانی سێدارە: ڕاپۆرتێکی مەترسیدار لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە ئيران و رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕۆسەیەکی بەرفراوانی "تۆڵەسەندنەوەی یاسایی" دژ بە دەستبەسەرکراوان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی پێشووتری ئێران دەست پێکردووە.
ئامارە نوێیەکان باس لە سەپاندن و جێبەجێکردنی خێرای سزای سێدارە دەکەن لە پشت پەردەی بێدەنگی و پچڕانی ئینتەرنێتەوە.
ئامارە ترسناکەکان: کۆمەڵکوژی لە شەقامەوە بۆ بەندیخانە
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەشی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قەبارەی سەرکوتکردنەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە:
* قوربانیانی شەقام: لانی کەم ٣٥٠٠ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
* دەستبەسەرکراوان: نزیکەی ٤٠ هەزار کەس ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون.
* سزادراوان بە سێدارە: تا ئێستا ٣٠ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێمراوە
سێدارەی نهێنی؛ کوژاندنەوەی دەنگەکان لە تاریکیدا
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوان بە شێوەیەکی "نهێنی" و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی خێزانەکانیان، لە بەندیخانەکانی (قوم، کەرەج، مەشهەد و ئیسفەهان) لەسێدارە دراون.
هەنگاو هۆشداری دەدات: "پچڕاندنی بەمەبەستی ئینتەرنێت لەلایەن حکوومەتەوە، بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم دئکۆمێنتکردنی ڕووداوەکان؛ بە جۆرێک ناسنامەی هەندێک لە قوربانییەکان تەنیا دوای جێبەجێکردنی سزاکەیان ئاشکرا بووە."
دادگاکانی "سەڵەواتی" و "ئەفشاری"؛ کارگەی بەرهەمهێنانی سێدارە
زۆربەی سزاکان لە لایەن لقەکانی ١٥ و ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە دەرچوون، کە لەلایەن دوو دادوەر (ئەبۆلقاسم سەڵەواتی و ئیمان ئەفشاری) سەرۆکایەتی دەکرێن. تۆمەتی ( دژایەتی خودا) وەک چەکێکی یاسایی دژ بە گەنجان بەکارهێنراوە، کە تەمەنی هەندێکیان تەنیا ١٨ و ١٩ ساڵە.