هەفتەی یەکلاکەرەوە؛ کابینەکەی عەلی زەیدی دەخرێتە دەنگدانەوە
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ٤٨ کاتژمێر لە جووڵەی چڕی سیاسیی و کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکی هێزە عێراقییەکان لە بەغدا، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ گەیشتە قۆناغی کۆتایی، ئەمەش بەپێی راپۆرتی میدیای عێراقی.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی کۆببێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنەکان زۆربەی بەربەستە قورسەکانیان تێپەڕاندووە.
پەرلەمان ئامادەکاریی دەکات
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەماندا ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، دەگاتە دەست پەرلەمان.
حەلبووسی ئاماژەی بەوە کرد کە لێژنەی پلاندانانی ستراتیژیی دەستبەجێ دەست بە خوێندنەوەی کارنامەکە دەکات، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر ناوی وەزیرەکان و کارنامەی حکومەت بدرێت.
تێپەڕاندنی بەربەستەکان و کێبڕکێی کاندیدەکان
لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکانەوە، یوسف کلابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئاشکرایکرد کە ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی وەزارەتەکان کراوە.
بەپێی وتەی کلابی، زەیدی داوای لە هەر لایەنێک کردووە (٣ بۆ ٥) کاندید بۆ هەر وەزارەتێک پێشکەش بکەن تاوەکو شیاوترینیان هەڵبژێردرێت.
هاوکات عەلی مەتیوتی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەزم، جەختی لەوە کردەوە کە زیاتر لە ٧٥٪ی بەربەستەکان بڕدراون و گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی یەکلاکەرەوە.
کورد لە بەغدا؛ کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ئیستحقاقی هەڵبژاردن
رۆیشتنی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا، وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان دەبینرێت.
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی، ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی کورد و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکاتەوە.
هێزە کوردییەکان جەخت دەکەنەوە کە "ئیستحقاقی هەڵبژاردن" پێوەر دەبێت بۆ دابەشکردنی پۆستەکان تاوەکو حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێنرێت.
پشتیوانی نێودەوڵەتی و ڕێڕەوی دەستووریی
نازم ئەسەدی، ئەندامی کوتلەی "هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان"، ئاماژەی بە بوونی پشتیوانییەکی فراوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە وادە دەستوورییەکاندا.
عەلی زەیدی لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦ لەلایەن نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراقەوە، دوای ڕێککەوتنی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە فەرمی ڕاسپێردرا. زەیدی لە ٢ی ئایاردا سەردانی هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە بەشداریی کارای لایەنە کوردییەکان لە حکومەتی داهاتوودا لەسەر بنەمای "هاوبەشی و هاوسەنگی".