شێروانی شێروانی بێبەش دەکرێت لە تەلەفۆنکردن بۆ کەسوکاری
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە ١٥ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەزیندان مانی لە خواردن گرتووە، بەوتەی برایەکی بێبەشکراوە لە پەیوەندییکردن بە خێزانەکەیەوە.
بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی، بە پەنجەرەی وت: ئیدارەی گرتوخانە شێروانیان بێبەشکردووە لە تەلەفۆنکردن بۆ خێزانەکەی، ئەمیش بەبیانووی ئەوەی کۆدی کەسی تری بەکارهێناوە.
ڕوونیکردەوە: هەموو بەندییەک کۆدی هەیە بۆ تەلەفۆنکردنی هەفتانە، شێروان کۆدەکەی باڵانسی تێدانەمابوو و دوو هاوڕێی لە زیندان بەخواستی خۆیان کۆدەکانی خۆیان پێداوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت.
وتیشی: کەچی ئێستا ئیدارەی گرتووخانەکە هەستاون بە سزادانی هەرسێکیان و بێبەشیانکردوون لە مافی پەیوەندییکردن.
بارزان هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی گرتووخانەکە داوایان لێکردووە دەبێت پەنجەمۆر بکات و دان بەوەدا بنێت کە پێشێلکاریی کردووە، لەکاتێکدا شێروان ئەم داوایە ڕەد دەکاتەوە، چونکە هیچ پێشێلکاریی نییە و کەسەکان بە خواستی خۆیان کۆدەکانیان بە شێروان داوە.
ئەو پێیشیوایە کە ئەمە بیانووە بۆ ئەوەی داواکانی براکەی جێبەجێ نەکرێت لە ئازادکردنی بەمەرج، بەوهۆیەی ئازادکردنی بەمەرج پێویستی بەوەیە کەسەکە لەنێو زینداندا "حسن السلوک" بێت، بەم کارە دەیانەوێت بڵێن کە ڕەفتاری باش نەبووە بۆیە ئازاد ناکرێت.
ڕۆنامەنووس شێروان شێروانی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکرا و لە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١ بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ چوار چالاکوانی تردا یەکی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، دواتر لە شوباتی ٢٠٢٢ سزای سەر شێروان بەنیوە کەمکرایەوە، بەڵام پێش ئازادکردنی ڕووبەڕووی دۆسییەیەکی تر بوویەوە بە تۆمەتی "ساختەکاریی واژووی هاوڕێکانی" و له ساڵی ٢٠٢٣ سزای ٢ ساڵ زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپێنرا. دواتر لە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٥ جارێکی تر و بهتۆمهتى ههڕهشهكردن لە ئەفسەرێکی ناو زیندان، سزای ٤ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
ماوەی ٢ هەفتەشە ڕۆژنامەنووسەکە دەستی بە مانگرتن کردووە، داوای گواستنەوەی بۆ گرتوخانەی سلێمانی یان پێدانی مۆڵەتی هێشتنەوەی لە ماڵەوە دەکات، تائێستاش وەڵامی داواکارییەکەی نەدراوەتەوە.